گـرنگـیدان به‌ كـاره‌كه‌تـان ھیچ شتێك ھێنده‌ی باش ڕاپه‌ڕاندنی كاره‌كانتان، كار له‌ سه‌ركه‌وتنتان ناكات

گـرنگـیدان به‌ كـاره‌كه‌تـان ھیچ شتێك ھێنده‌ی باش ڕاپه‌ڕاندنی كاره‌كانتان، كار له‌ سه‌ركه‌وتنتان ناكات

 

له‌نێو كۆمه‌ڵگه‌دا ھه‌میـشه‌ جۆره‌ كه‌سانێك ھه‌ن، ھه‌ر له‌ خۆگۆڕینیان تا كاركردنیان ھه‌ر له‌ ھه‌ستان و دانیشتنـیانه‌وه‌ تاوه‌كو ئاخاوتنیان ھه‌موو جوڵه‌و و مامه‌ڵه‌یه‌كیان جێگای ده‌ست خۆشیمانن .ھه‌رچه‌نده‌ به‌ڕاستی ئه‌م مرۆڤانه‌مان خۆشده‌وێت و ده‌ست خۆشیان لێ ده‌كه‌ین، به‌ڵام ھیچ بیر له‌وه‌ ناكه‌ینه‌وه‌ چۆن توانیویانه‌ ببنه‌ شایانی ئه‌و ھـه‌موو ستایشه‌.له‌ كاتێـكدا ئه‌وانه‌ی كاره‌كانیان به‌گرنگی پێدانه‌وه‌ ڕاده‌په‌ڕێنن و وشیارانه‌ كار ده‌كه‌ن، ئه‌وانه‌ی كه‌ ھه‌موو شتێك مافی ته‌واوی خۆی پێــده‌ده‌ن نموونه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی مرۆڤایه‌تین و شایـه‌نی چاو لێكردنن. كاری كه‌موكورت و له‌كۆڵـكراوه‌ زیاد له‌ كه‌سانی دی، ڕۆحی خاوه‌نه‌كه‌ی ئازار ده‌دات ھه‌رچی ستایش و ده‌ستخۆشی كاره‌ نایابه‌كانیشه‌ خۆشی و ئاسـووده‌یـی به‌ خاوه‌نه‌كه‌ی ده‌به‌خشێت. له‌به‌ر ئه‌وه‌ ھه‌مووكارێك ده‌بێت به‌ وریایی و گرنگیـپێدانه‌وه‌ ئه‌نجام بدرێت، بۆ ئه‌وه‌ی كارێكی نایاب ده‌ربچێت ده‌بێت ڕه‌نجی له‌گه‌ڵدا بكێشرێت. بۆ نموونه‌؛ گه‌ر ویستتان پاكه‌تێك بپێچنه‌وه‌ به‌ سه‌لیقه‌ی دوكاندارێك بیپێچنه‌وه‌. گه‌ر بۆ كۆبوونه‌یه‌ك چوون ھێنده‌ی ھونه‌رمه‌ندێك كه‌ خۆی بۆ پێش كامێرا ئاماده‌ كردبێت، گرنگی به‌ پۆشاكه‌كانتان بده‌ن. چونكه‌ له‌م سه‌رده‌مه‌دا ڕوكاری ده‌ره‌وه‌ گرنگییه‌كی ئێجگار زۆری پێ ده‌درێت. سیاسه‌تمه‌دارێكی ڕۆژئاوایی ده‌ڵێت : "كاتێك قژم شانه‌ ده‌كه‌م ته‌نھا خه‌یاڵم لای قژه‌كانمه‌."
ھه‌رگیز مه‌ڵێن:" ئیتر ئه‌وه‌نده‌ به‌سه‌ كاكه‌!" واز له كاره‌كه‌تان مه‌ھێنن. خۆشویستنی كار و خه‌ڵك و چاكه‌ كردن له‌گه‌ڵیاندا، ڕۆڵی گرنگ ده‌بینن له‌ سه‌ركه‌وتندا. گه‌ر حه‌زتان له‌ كاره‌كه‌تان نییه‌، ھه‌وڵبده‌ن كارێكی دیكه‌ بكه‌ن حه‌زتان لێی بێت.ئـه‌گه‌ر چانسـی ھه‌ڵبژاردنی كارێكی دیكه‌تان نه‌بـو ناچاربـوون له‌و كاره‌دا بمێننه‌وه‌،ئه‌و كات ھه‌وڵبده‌ن كاره‌كه‌تان خۆش بـووێت. خودای گه‌وره‌ش توانای ئه‌وه‌ی به‌ مرۆڤ به‌خشیوه‌ چه‌ند كارێك بكات و له‌ چه‌ند كارێكـدا بتوانێت سه‌ركه‌وتن به‌ ده‌ست بێنێت. ده‌شێـت سه‌ركه‌وتن له‌ كارێكدا كه‌ حـه‌زتان لێـیه‌تی پێـویستی به‌ ھه‌وڵێكی كه‌م ھه‌بێت، به‌ڵام بۆ كارێك كه‌ حه‌زتان لێـی نه‌بێت و ھه‌ر ناچاربن به‌ كردنی، به‌ ھه‌وڵێكی زیاتر ده‌توانن تێیدا سه‌ركه‌وتووبن. زۆر له‌ ئیراده‌ و ھه‌سته‌كانتان بكـه‌ن و لایه‌نه‌ باش و جوانه‌كانی كاره‌كه‌تان بدۆزنه‌وه‌ و خۆشه‌ویستی بكه‌ن لای خۆتان، دوای ماوه‌یه‌ك ده‌بینن كه‌ به‌ڕاستی كاره‌كه‌تان لا خۆشه‌ویست ده‌بێت. لێـره‌دا نامه‌وێت پێتان بڵێم "ئـه‌و كارانه‌ بكه‌ن كه‌ حه‌زیان پێ ناكه‌ن و پێتان ناخۆشه‌." به‌ڵكو ده‌مه‌وێت گه‌ر ھه‌لوومه‌رجه‌كان وایان پێویست كرد و چانسی ھه‌ڵبژاردنتان نه‌بوو ناچار بوون به‌ كردنی كارێك كه‌ حه‌زتان لێی نییه‌، ئینجا ھه‌وڵبده‌ن ئه‌و كاره‌ لای خۆتان خۆشه‌ویست بكه‌ن. له‌گه‌ڵ خۆشویستنی مرۆڤه‌كان كه‌سانی ده‌وروبه‌ریشمان كاریگه‌رییان له‌سه‌ر سه‌ركه‌وتن ھـه‌یه‌.ھه‌ر وه‌ك ھه‌سته‌ نه‌رێــنیه‌كانی وه‌ك ڕق و كینه‌ و ئاره‌زوخوازی و دوژمنایه‌تی كاریگه‌رییان بۆ سه‌ر جه‌سته‌مان ھه‌یه‌ و ئه‌ندامه‌كانی جه‌سته‌مان تووشی گرفت ده‌كه‌ن، ھه‌رچی ھه‌سته‌ باشه‌كانیشه‌ وه‌ك خۆشه‌ویستی و ھاوكاری ، كاریگه‌ری باشیان بۆ سه‌ر جه‌سته‌مان ھه‌یه‌ ھانی ئه‌ندامه‌كانی له‌شمان ده‌ده‌ن تا به‌ جوانی و گونجاوی كار بكه‌ن. شێوازی به‌ ئه‌نجامگه‌یاندنی كار پێناسه‌ی خاوه‌نه‌كه‌ی ده‌رده‌خات.
به‌ ده‌ربڕینێكی تر؛ تاك به‌ كرده‌وه‌كانی ده‌كێشرێت. كه‌واته‌ له‌ ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیدا یه‌كێك له‌ ڕێگانی سه‌ركه‌وتن و وه‌رگرتنی نمره‌ی باش گرنگیدانه‌ به‌و كارانه‌ی ئه‌نجامی ده‌ده‌ین.

 

 

 

 

شڤان حاجی كه‌مال
كارگێڕی لقی گه‌رمیان (ی.ق.ك)

Top