ڤایرۆسی كۆرۆنا لەوانەیە ببێتە ئەگەری هەوكردن لە گوێی ناوەوەدا

ڤایرۆسی كۆرۆنا لەوانەیە ببێتە ئەگەری هەوكردن لە گوێی ناوەوەدا

لە ئێستادا، واپێدەچێت كە نزیكەی هیچ بەشێكی لەش بەدەر نەبێت لە پەلاماری ڤایرۆسی كۆرۆنا، لە نوێترین توێژینەوەدا هاتووە كە لەوانەیە كۆڤید19 هەوكردن لە گوێی ناوەوەدا Inner ear پەیدابكات و، كاریگەریی بكاتە سەر هەستی بیستن و باڵانسی لەش. لە گەلێك تووشبووانی كۆڤید19 دا چەند نیشانەیەكی تایبەت بە گوێ تۆماركراون وەكو: تەپبوونی گوێ، كەمبوونەوەی هەستی بیستن، هەستكردن بە ویزەی گوێ Tinnitus، سەرسووڕان، لەگەڵ گرفت لە هاوسەنگی، یان باڵانسی لەشدا، لە ناو گوێی ناوەوەدا، ڤایرۆسی كۆرۆنا بە شێوەیەكی سەرەكی دەبێتە ئەگەری ڕوودانی هەوكردن لە مووەخانەكانی Hair cells ناو گوێی ناوەوە، كە ڕۆڵی زۆر گرنگیان لە كرداری بیستن و باڵانسی لەشدا هەیە،پاشان تا ڕادەیەكی كەمتر دەبێتە هۆی هەوكردن لە دەمارەخانەكانی گوێی ناوەوەدا، توێژەران دەڵێن كە لەوانەیە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ڕێگای كەناڵی ئیوستاكی كە بۆشایی لووت بە گوێی ناوەڕاست دەبەستێتەوە، بگاتە گوێی ناوەوە، هەروەها لەوانەشە كە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ڕێگای ئەو كونە بچووكانەوە كە لە دەوری دەمارەكانی بیستندان بچێتە ناو گوێی ناوەوە و پاشان بگاتە خانەكانی مێشك و هەوكردن لە دەمارەكانی مێشكدا پەیدا بكات، كە دەماری پەیوەست بە گوێی ناوەوەش دەگرێتەوە.

Top