سەرۆکی رەوتی سەدر داوایکرد گروپە چەکدارەکان چەکەکانییان دابنێن و ڕادەستی حکومەتی عێراقی بکەنەوە

سەرۆکی رەوتی سەدر داوایکرد گروپە چەکدارەکان چەکەکانییان دابنێن و ڕادەستی حکومەتی عێراقی بکەنەوە

 

دوای ئەوەی كە دوێنێ  پێنجشەممە، موقتەدا سەدر سەرۆکی رەوتی سەدر لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا ڕاشكاوانەو بە بڕوا بە خۆبوونەوە داوایکرد گروپە چەکدارەکان چەکەکانییان دابنێن و ڕادەستی حکومەتی عێراقی بکەنەوە و هێزەكانی حەشدی شەعبیش لە چەکدار و گروپە بێ سەرپەرشتییارەکان پاک بکرێتەوە.

 

دوای ئەم كۆنگرەیە یەكسەر بەرپرسێکی گروپی چەکداریی حزبوڵڵای عێراق ڕایگەیاند كە ئەوان  پێشوازی لە داواکارییەکەیان دەکەن و قبووڵیانە، بەڵام بە پێی چەند مەرجێک.

 

ئەبو عەلی عەسکەری بەرپرسی ئەمنیی گروپی چەکداری حزبوڵڵای عێراق دووپاتی كردەوە كە ئەوان پێشوازی لە وتارەكەی سەدر دەكەن بە ڕادەستکردنی چەکەکان بە حکومەتی عێراق، لە پێناو ئەوەی كە وڵات لە ئاگری شەڕی ناوخۆ دوور بخرێتەوە.

 

ناوبراو جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە ئەو کەسەی داوای ڕادەستکردنی چەکەکان دەکات، خۆی یەکەم کەس بێت ئەو کارە ئەنجام بدات بە تایبەتی ڕادەستکردنی چەکە قورسەکان و بەرپرسیارێتیی گروپە چەکدارییەکەی بگوازێتەوە بۆ ڕیزەکانی حەشدی شەعبی.

 

 

جێگەی باسە كە هێزەكانی حەشدی شەعبی لە ساڵی ٢٠١٤ بە فتوای ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی بەرەنگاربوونەوەی داعش پێكهات كە چەندین گروپ و چەکداری خۆبەخش لەخۆدەگرێت كە زۆرینەیان شیعەن، ئەم هێزانە بەشێکن لە هێزە چەکدارەکان کە لە چوارچێوەی سیستمی بەرگریی عێراقدا رێکخراون و بەپێی سەرچاوەكان ژماری چەكدارانی ئەو هێزانە نزیكەی 150 هەزار چەكدار دەبن.

Top