عێراق گەیشتووەتە لێواری هەڵدێر و كوادكۆپتەر ئاراستەی پرۆسەی سیاسی دیاری دەكات

عێراق گەیشتووەتە لێواری هەڵدێر و  كوادكۆپتەر ئاراستەی پرۆسەی سیاسی دیاری دەكات

 

                                           

شێخ قەیس خەز عەلی سەرۆكی میلیشیاكانی عەسائیبی ئەهلی هەق، لە دیمانەیەكی لەگەڵ تەلەفزیۆنی «ئەلجزیرە» جەخت لەوە دەكاتەوە، ئەو درۆنانەی هێرشیان كردووەتە سەر ماڵی مستەفا كازمی (سەرۆك وەزیرانی عێراق) لە ناوچەی سەوز، دۆستی ئامێری سیرامی ناو باڵیۆزخانەی ئەمریكا بوون لە ناوچەی سەوز، ئەگەرنا چۆن كاتێك كوادكۆپتەرەكان بگەنە ئەو ناوچە هەستیارە زەنگی ئاگاداركردنەوە لێ نادرێت و، سیرام نایانخاتە خوارەوە؟ بۆیە بە قسەی خەز عەلی هێرشی درۆنەكان بۆ سەر ماڵی كازمی كارێكی دروستكراوی لایەنی سێیەمە كە وەك خۆی دەڵێت: «دەستی ئەمریكا و ئیسرائیلە».

كۆبوونەوەی مستەفا كازمی لەگەڵ لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە (الإطار التنسیقي الشیعي) لە ماڵی حەیدەر عەبادی و بە ئامادەبوونی فائق زیدان سەرۆكی دادگای تەمیزی ئیتیحادی و ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و ئەبوو حسێن حمێداوی سەرۆكی كەتائیبی حزبوڵای عێراقی، خۆی لە خۆیدا كۆبوونەوەیەكی جێگەی تێڕامان و هەڵوەستەكردن بوو، ئەمەش لەبەر ئەوە كە پێش ئەم كۆبوونەوەیە سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند: «ئێمە ئەو كەس و لایەنانە باش دەناسین كە لە پشت هێرشی درۆنەكان بوون بۆ سەر ماڵەكەمان و ئاشكراشی دەكەین.» بەڵام لە كۆبوونەوەكەی هەفتەی ڕابردووی لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە، جیا لەوەی سەركۆنەی كوشتنی خۆپیشاندەرانی بەردەم ناوچەی سەوز و هێرشی درۆنەكەی سەر ماڵی خۆی كرد بە یەك پاكێج، لە هەمان كاتدا كازمی بەوەش ڕازی بووە كە نوێنەری كەتائیبی حزبوڵای عێراقی بەشێك بێت لەو لێژنەیەی كە لێكۆڵینەوە لە سەر ئەنجامدەرانی هێرشە درۆنەكە دەكەن، لەمەش زیاتر لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە لە ڕێگەی حەیدەر عەبادییەوە بە موقتەدا سەدریان ڕاگەیاندووە، ئەوان بە كۆی دەنگ دووبارە كاندیدكردنەوەی مستەفا كازمی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران ڕەت دەكەنەوە.

ئەیاد عەللاوی سیاسەتمەداری دیاری عێراقیش، لە نوێترین لێدوانی تەلەفزیۆنیدا جەختی لەوە كردەوە: «ئەوەی ئێستا لە بارودۆخی عێراق دەبیندرێت، خراپە و چاوەڕوانی خراپتریشی لێ دەكرێت..»، گوتیشی: «ئێمە باسی دەوڵەت دەكەین، بەڵام لە عێراقدا كوا دەوڵەت بوونی هەیە؟ ئەوەی ئێستا پێویستە بیری لێ بكەینەوە و هەوڵی بۆ بدەین، ئەوەیە كە چیمان لە دەست دێت، بیكەین بۆ ئەوەی ڕێگە لە شەڕی ناوخۆ بگرین، ئەمەش پێویستی بە حیوارێكی لۆژیكانە و ئاقڵانەی نێوان كۆی لایەنە سیاسییەكان هەیە، بۆ ئەم مەبەستە پەیوەندیم بە برام كاك مسعود بارزانی كرد، بۆ ئەوەی سەردانی بەغدا بكات و، لەم حیوارانەدا بەشدار بێت، بەڵام كاك مسعود پێی ڕاگەیاندم لە ئێستادا لایەنە سیاسییەكان نییەتیان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان دیار نییە و هەر كاتێك ئەو نییەتەم بینی، منیش دێمە بەغدا و لە چارەسەركردنی كێشەكان بەشدار دەبم..» لە درێژەی قسەكانیدا عەللاوی جەختی لەوە كردەوە كە «مەسەلەی هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی كارێكی ئاسان نییە و، قەتیش نایەنە ژێر فەرمانی فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عێراق»، هەر لەو بارەیەوە گوتی: «لە ساڵی 2018 و دوای دەستبەكاربوونی د.عادل عەبدولمەهدی وەك سەرۆك وەزیران پێشنیاری ئەوەم كرد، لە بری ئەوەی سەرۆك وەزیران فەرماندەی گشتیی هێزە چەكداران بێت، ئەنجومەنێك بۆ فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی دیاری بكرێت و هەموو هێزەكان لەژێر چەتری ئەو ئەنجومەنە بن و، لە ناو ئەم ئەنجومەنەشدا نوێنەری هێزی پیشمەرگە و نوێنەری هێزەكانی حەشدی شەعبیش بوونیان هەبێت».

Top