ئۆلیڤیا: نامەوێ باسی رابردووی خۆم بكەم

ئۆلیڤیا: نامەوێ باسی رابردووی خۆم بكەم

لە ژمارەی مانگی رابردووی گۆڤاری (Cosmopolitan) كە یەكێكە لە بەناوبانگترین گۆڤارەكانی ئەمریكای لاتین و، تایبەتە بە هەواڵە سەرنجڕاكێشەكانی ئەستێرەكانی سینەما و تەلەفزیۆن و فاشیۆنەكان، دیمانەیەكی تێروتەسەلی لەگەڵ ئەكتەری ئەمریكی ئۆلیڤیا موون ئەنجام دا و، دەربارەی ژیانی تایبەتی و هونەریی ئۆلیڤیا چەند پرسیارێكی ئاراستە كرد.

ئۆلیڤیای تەمەن 41 ساڵ دەربارەی گرنگیدان بە ژیانی تایبەتی خۆی و هونەر دەڵێت: بڕیارمدا لە ئێستادا تا دوو ساڵی دیكە تەواوی كاتی خۆم بۆ هونەر و، بەتایبەتیش بۆ سینەما تەرخان بكەم و گرنگی بە هیچ شتێكی دیكە، بەتایبەتی پەیوەندیی سۆزداری و خۆشەویستی، بە هیچ شێوەیەكی بیری لێ ناكەمەوە، چونكە ئێستا هیچ كەسێك لە ژیانمدا نییە و نامەوێ لەو ماوەیەدا كەسێك بێتە نێو ژیانمەوە و بەشێكی كاتی خۆمی بۆ تەرخان بكەم».

لە وەڵامی پرسیارێكدا دەربارەی ئەوەی ئایا ئەم بڕیارە پەیوەندیی بە جیابوونەوەی هەیە لەگەڵ هاوڕێكەی، ئۆلیڤیا گوتی: «راستە دوای ئەوەی بۆم دەركەوت كە خیانەتی لێكردم لەگەڵ كچە نمایشكارێكی جلوبەرگ، من و (ئارۆن رۆجدرز) جیابووینەتەوە، بەڵام من نامەوێ بە هیچ شێوەیەك باسی رابردوو بكەم، چونكە ئارۆن ئێستا بۆ من بەشێكە لە رابردوو كە گەڕانەوەی نییە، ئێستا دەمەوێ لە هەنگاوەكانی داهاتوومدا سەركەوتوو بم و خۆم بە رابردووەوە نەبەستمەوە».

شایەنی بیر هێنانەوەیە ئۆلیڤا لە ساڵی 1980 لە دایكبووە، لە پاڵ ئەوەی ئەكتەرێكی كۆمیدییە، لە هەمان كاتدا نووسەریشە، لە ساڵی 2006 دەستی بە كاری هونەری كردووە و لە چەندین فیلمی كۆمیدیدا رۆڵی بینیوە، دیارترینیان فیلمی (مۆردكای)ە كە سەركەوتنێكی بەرچاوی بەدەستهێنا.

سەرچاوە : گولولی

Top