گەمەی ئیسلامی سیاسیی شیعە بۆ گۆڕینی ناسنامەی دەوڵەتی عێراق

 گەمەی ئیسلامی سیاسیی شیعە  بۆ گۆڕینی ناسنامەی دەوڵەتی عێراق

 

هەموو ئەو حزب و هاوپەیمانییە ئیسلامییانەی شیعە كە ئەمجارەش كورسیی زۆریان بەدەست هیناوە و، ململانێ لەسەر پیكهێنانی كوتلەی گەورە دەكەن، هەر هەموویان بە بێ ئیستیسنا بەشێك بوون لە حوكمڕانیی فاشیلی 18 ساڵی ڕابردووی عێراق و هەر یەكەشیان بە پێی قەوارەی خۆی بەرپرسیارە لە شكستی حوكمڕانی لە عێراقدا و، هۆكاری شكستی هەموو لایەنەكانی ئیسلامی سیاسیی شیعەش لە یەك خاڵدا خۆی بەرجەستە دەكات، ئەویش ئەوەیە كە هیچ كام لە لایەنە ئیسلامییەكانی شیعە نایانەوێت عێراق لە چوارچێوەی دەستووری ساڵی 2005 بەرەو دەوڵەتێكی (فیدڕاڵی، فرەیی، پەرلەمانی، دیموكراتی) هەنگاو هەڵبگرێت، بەپێچەوانەوە هەموو هەنگاوەكانیان بەو ئاراستەیە بووە كە دەستوورەكە بكەنە مەرەكەبی سەر كاغەز و لە پراكتیكدا هیچ بایەخێكی نەبێت و، لەژێر پەردەی ئەو دەستوورەدا و لە ناو هەناوی دامەزراوە دەوڵەتییەكانی عێراقدا، تۆی دەوڵەتێكی ئیسلامیی شیعە بچێنن و، لەو كاتەوەشی حەشدی شەعبی بە ئاشكرا باڵە سیاسییەكەی لە هەڵبژاردنەكان بەشداری دەكەن و بوونە كوتلەیەكی پەرلەمانی، لایەنە سیاسییەكانی شیعە بە بێ پەردە هەنگاوەكانیان بەو ئاراستەیە ڕاشكاوانەتر كردووە.

لەناو ئەم ئامانجە هاوبەشەی كۆی حزب و هاوپەیمانییە ئیسلامییەكانی شیعەی عێراق، سیمای سیناریۆیەكی «شەڕی دەسەڵات» هەستی پێ دەكرێت و، هەندێك جاریش لەناو میدیاكان دەگاتە ئەوەی مەزندەی ئەوە بكرێت كە «شەڕی خۆبەخۆی شیعە دژی شیعە» بەرپا ببێت، بەڵام پێش ئەوەی بارودۆخەكە بگاتە حاڵەتێكی مەترسیداری لەو جۆرە، ئەوا بە دوو ڕێگە (كۆماری ئیسلامی و مەرجەعییەتی نەجەف) بارودۆخەكە هێور دەبێتەوە و حزب و هاوپەیمانییەكانی شیعە لەسەر یەك مێز كۆدەبنەوە، هەروەك چۆن دوای كۆبوونەوەكەی ئیرەج مەسجدی لەگەڵ نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، دەنگۆی ئەوە دروست بووە كە چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە بەرەو قبووڵكردنی ئاكامەكانی هەڵبژاردن هەنگاو هەڵدەگرن.

بۆ ئیسلامی سیاسیی شیعەی عێراق، خاڵی هەرە گرنگ ئەوەیە كە حوكمڕانی و دەسەڵاتیان لە دەست دەرنەچێت و هەر لە دەستی خۆیاندا بمێنێتەوە، ئەوجا لە حزبی دەعواوە دەگۆڕێت بۆ فەتح، یان سەدر و لایەنێكی دیكە ئەوە گرنگ نییە، لە ئێستاشدا بارودۆخی سیاسیی عێراق فەرزی كردووە كە هەردوولایەنی كورد و عەرەبی سوننە خۆیان نەك بە لایەكی ئەو كێشەیەوە خۆیان گرێ داوە، بەڵكو بە پێچەوانەوە بەجێیان هێشتووە بۆ ئەوەی حزب و لایەنە ئیسلامییەكانی شیعە خۆیان ناوماڵی خۆیان ڕێكبخەنەوە، ئەمەش جۆرە دڵنیاییەكی بە ئیسلامی سیاسیی شیعە و تا ڕاددەیەك بە كۆماری ئیسلامیی ئێران داوە، كە دووبارە ڕێكخستنەوەی پرۆسەی سیاسیی عێراق لە ناو چوارچێوەی ئەو نەخشە ڕێگەیە دەرنەچێت كە ئیسلامی سیاسیی شیعە بۆ هەنگاوهەڵگرتن بۆ كۆمارێكی ئیسلامیی شیعە ئومێدی بۆ دەخوازن.

خواستی دامەزراندنی كۆماری ئیسلامیی شیعە، خواستێكی شاراوەی حزب و لایەنە سیاسییەكانی شیعەی عێراق نییە و، هەر لەگەڵ دەستپێكی كابینەی دووەمی نووری مالیكی ئەم خواستە بە ناڕاستەوخۆ لە میانەی دەستكاریكردنی سوێندی فەرمی بۆ پێكهێنانی كابینەكە و لابردنی وشەی فیدڕاڵی وەك ناسنامەیەك بۆ دەوڵەتی عێراق، بە ئاشكرا هەنگاوی بۆ هەڵگیرابوو، لەمەش زیاتر دوای تەنیا یەك ساڵ لە كابینەی دووەمی نووری مالیكی بانگەشەی دامەزراندنی حكومەتی زۆرینە و پشتكردنە تەوافق و سازان دەستی پێ كرد و، هەر ئەمەش بووە بانگەشەی هەڵبژاردنەكانی 2014 و، ڕاستە لەو هەڵبژاردنەدا لیستەكەی نووری مالیكی زۆرینەی كورسییەكانی بەدەست هێنا، بەڵام هاتنی تیرۆریستانی داعش و داگیركردنی مووسڵ و ڕاگەیاندنی بەناو خەلافەتی ئیسلامیی داعش، هەموو هاوكێشەكانی گۆڕی و مالیكی نەیتوانی سێ بارە پۆستی سەرۆك وەزیران پێك بهێنێتەوە.

لە دوای كۆتاییهاتنی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش و دەركەوتنی حەشدی شەعبی وەك هێزێكی سەربازیی گەورە و براوەی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش و، پاشانیش بەدەستهێنانی دەنگێكی زۆر لە ناو هەر یەك لە هاوپەیمانیی فەتح و نەسر (مەبەست كوتلەكەی فالح فەیازە كە لە 2018 لە عەبادی جیابووەوە)، ئەمە بووە هۆكاری ئەوەی كە حەشدی شەعبی ببێتە فاكتەری سەرەكی لە دروستكردنی كابینەكەی د.عادل عەبدولمەهدی و لەسەر ئەرزی واقیعی گۆڕەپانی سیاسیی عێراقیش، بە پراكتیكی هێزەكانی حەشدی شەعبی جڵەوی پرۆسەی سیاسییان لە عێراق، بە تایبەتی لە پەرلەمان و حكومەت كۆنتڕۆل كردبوو و، خۆیان هەر بڕیار و یاسایەك ئامانجیان بووە لە پەرلەمان و حكومەت جێبەجێیان دەكرد، بەڵام ئەم حاڵەتە خۆپیشاندانەكانی تشرینی 2019ی بە سەردا هات و، گوشاری خۆپیشاندەران وای كرد، حكومەتەكەی د.عادل عەبدولمەهدی دەست لە كار بكێشێتەوە و، دوای چەندین مانگ بۆشایی حكومەت لە عێراقدا، بە ناچاری حزب و لایەنە ئیسلامییەكانی شیعە ڕازی بوون كە مستەفا كازمی حكومەتێكی تازە پێكبهێنێت و، ئەم حكومەتەش تەنیا كاری ئەوە بێت كە زەمینە بۆ هەڵبژاردنێكی تازە ڕێكبخاتەوە.

دیارە لە ئایاری 2020 ـەوە كە مستەفا كازمی بووەتە سەرۆك وەزیرانی عێراق، هەتا ئەو كاتەی هەڵبژاردنی ئەمجارە ئەنجام درا، ماوەی 17 مانگە، لە ماوەی ئەم 17 مانگەدا شەخسی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران و تەواوی حزب و لایەنە سیاسییەكانی عێراق، ددانیان بەوەدا ناوە كە «عێراق لە دووڕێیانی دەوڵەت و نادەوڵەت»یدایە، بەڵام ڕاستییەكەی ئەوەیە كە عێراق لە قۆناخی «دەوڵەت لەناو دەوڵەت»دایە، لەمەش زیاتر ئەو دەوڵەتە قووڵەی حەشدی شەعبی لە ناو دەوڵەتی عێراقدا دروستی كردبوو، ڕاستە لە لایەك شكۆی دەوڵەتی عێراقی وەك دەوڵەتێكی هاوچەرخ شكاندبوو، بەڵام لە لایەكی دیكەوە بناخەیەكی پتەویشی بۆ ئەو دەوڵەتە ئیسلامییە شیعەیەش دامەزراندبوو كە لە هەڵبژاردنی ئەمجارەشدا دەنگدەرانی شیعە بە ڕێژەی زیاتر لە 75% دەنگیان پێ داون.

كێشەی ناوخۆی حزب و لایەنە ئیسلامییەكانی شیعە لە زۆر ڕووەوە لە كێشەی ناو پەرلەمانی بەریتانیای ساڵانی هەشتاكانی سەدەی ڕابردوو دەچێت لەسەر شەڕی فۆكلاند، ئەوكات سەرنووسەری تایمزی بەریتانی نووسیبووی، كێشەی نێوان پەرلەمانتارانی بەریتانیا ئەوە نییە كە گرووپێكیان لایەنگری شەڕەكە بن و گرووپەكەی دیكە دژی شەڕ بن، بەڵكو كێشەی نێوانیان ئەوە بوو، گرووپێكیان پێداگرییان دەكرد لەسەر ئەوەی شەڕەكە بكرێت، بەڵام تەنیا بۆ داگیركردنەوەی دوورگەی فۆكلاند بێت، لە بەرامبەردا گرووپەكەی دیكە پێداگرییان دەكرد، شەڕەكە كە هەر دەكرێت، با دوای گرتنەوەی دوورگەی فۆكلاند، ئەرجەنتینیش داگیر بكرێت.

لەمەوە ئەگەر سەیری كێشە و ناكۆكیی نێوان موقتەدا سەدر بكەین كە 73 كورسیی پەرلەمانی بەدەست هێناوە، لەگەڵ نووری مالیكی كە ئێستا وەك دەمڕاستی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە قسە دەكات و، خۆیان بانگەشە بۆ ئەوە دەكەن، ژمارەی كورسییەكانیان لە سەرووی 85 كورسییە، لەسەر ئەوە نییە، بۆ نموونە سەدر دەیەوێت عێراق دەوڵەتێكی دیموكراتی و فیدڕاڵی بێت و مالیكی بیەوێت دەوڵەتێكی سەنتڕاڵیی بەهێز بێت، نەخێر، كێشەی نێوانیان لەسەر ئەوەیە كە ئەو كۆماری ئیسلامییەی سەدر، یان مالیكی پێكی دەهێنێت، عێراق كۆپییەكی كۆماری ئیسلامیی ئێران بێت، یان كۆپییەكی حزبوڵای لوبنانی بێت، لە هەردوو حاڵەتەكە هەر لایەكیان ببنە كوتلەی گەورە، یان جۆرە سازانێك لە نێوانیان بیتە ئاراوە و كاندیدێكی هاوبەش بۆ سەرۆك وەزیران ڕابسپێرن، ئەوا گۆڕینی ناسنامەی دەوڵەتی عێراقە وەك: «دەوڵەتێكی فیدڕاڵی و پەرلەمانی و دیموكراتی» بۆ «دەوڵەتی عێراق وەك كۆمارێكی ئیسلامیی شیعە».

Top