لەکاتی هەبوونی ئەم ۱۰ هەلوومەرجەی خوارەوە، سەردانی کەسێکی دەروونناس بکە!

لەکاتی هەبوونی ئەم ۱۰ هەلوومەرجەی خوارەوە، سەردانی کەسێکی دەروونناس بکە!

ئێمەی مرۆڤ بەگشتی واحاڵی بووین، کەسەردانی پزیشکی دەروونی، یان ڕێنمایکاری دەروونی، تەنها بۆ ئەو کەسانەیە کە لە ڕووی دەروونییەوە تەواو نین، یان وا تێگەیەنراوین، سەردانی دەروونناس عەیبە و لەنگییە، کە بەداخەوە بێئاگا لە وەی هەرچۆن،جەستە نەحۆش دەکەوێت، دەروونی مرۆڤەکانیش لەئەگەری هەرحاڵەتێکی وەک نەخۆشی جەستەدا بەدەرنابن.

- لەم ۱۰خاڵەی خوارەوە، ئەوە دەخەینەڕوو، کە چ کاتێک سەردانی پسپۆڕێکی دەروونی بکەین:

١. پێگەیشتنی تەمەن و سەرەتای هەرزەکاری:
قۆناغی هەرزەکاری یەکێکە لەو قۆناغانەی کە کوڕبێت یان کچ کۆمەڵێک گۆڕانکاری نوێ سەرهەڵدەدەن، بەهۆی هۆڕمۆنەوە،‌ئەم گۆڕانانە دەبنە هۆی گۆڕین لە جەستە و دەنگ و هەندێ گۆڕانی تر، بەهۆیەوە، هەرزەکار ڕووبەڕووی کۆمەڵێک لێکەوتەو ژیانێکی نۆێ دەبێتەوە، بۆیە گرنگە لەم حاڵەتەدا سەردانی یەکێک لە دکتۆری دەروونی یان ڕاوێژکاری دەروونی بکرێت تا ئەم قۆناغەت بەووردی بۆ باسبکات بۆئەوەی ئەم قۆناغە بەسەرکەووتووی تێپەڕێنیت.

۲.شکستهێنان لە پەیوەندی نێوان مرۆڤەکان:
بێگومان کاتێک دووکەس بەهر هۆکارێک لەگەڵ یەک تێک دەچن کۆمەڵێک دەرئەنجامی لێدەکەوێتەوە، ڕەنگە بۆ هەردوولا ناخۆش بێت یان بۆیەکێکیان، لەهەر بارێکدا بێت، شکست لەپەیوەندی ئاسەواری خراپ بەدوایی خۆیدا دەهێنێت، بۆیە زۆر گرنگە لەم حاڵەتەدا بچیتە لای یەکێک لەدروونناسان تا نەڕوخێت و کاریگەری نەرێنی زاڵ نەبێت لەژیانتدا.

۳.هەڵبژاردنی هاوسەر:
هاوسەرگیری یەکێکە لەهەرە پرۆسەگرنگ و چارەنووس سازەکان، هەربۆیە کوڕ یان کچ، لەدیدگایی خۆیانەوە بڕیار بدەن، ڕەنگە بکەوونە هەڵەوە، سەرنجام کێشەو جیابوونەوە بەدوایی خۆیدا دەهێنێت، بۆیە زۆر گرنگە لەپێش هاوسەرگیری و هەڵبژاردنی ڕەگەزی بەرامبەر سەردانی دکتۆرێکی دەروونی، یان ڕاوێژکارێکی دەروونی، بکرێت تا بۆت ڕوون بکاتەوە، لەسەر چ بنەمایەک، وە کێ هەڵبژێریت.

٤. هاووبەشی پەیداکردن بۆکاری پیشەکەت:
هەندێ جار پیشەکەت وادەخوازێت بەتەنهایی نەتوانی ئەنجامی بدەیت، لەم کاتەدا بیر دەکەیتەوە کێ بکەیت بەهاوبەشت(شەریک)، بەداخەوە زۆر کەس بەهۆی ئەوەی لەگەڵ کەسێک پێشتر هاوبەش بوون، لەگەڵ یەک ناپاکیان کردووە، لەئەنجام دا بەزیانی ئەم کۆتایی هاتووە، بۆیە پێش ئەوەی خۆت بگەڕێیت کەسێکی شایستە بدۆزیتەوە، سەردانی کەسێکی دەروونناس بکە، تا بۆت ڕوون بکاتەوە ئەو کەسەی تۆ بەنیازی بکەیت بەشەریکی خۆت کەسایەتی،چۆن بێت و کەلەگەڵت بگونجێت.

٥.منداڵ بوون:
پێش ئەوەی منداڵەکەت بهێنیتە دوونیا، دەبێت دوونایەیەک پەوەروەردەت لابێت، دەربارەی هونەری دایکایەتی یان باوکایەتی چی دەزانیت؟، ئایا ئەوەندە بەسە منداڵەکە خۆی بێتە دوونیا؟ خۆڕسکانە گەورە ببێت! یان نەخێر، دایکایەتی و باوکایەتی ئامادە باشی دەوێت، تۆ لەو پێناوە چیتکردووە؟، چی دەربارەی ئەرک و مافی منداڵ دەزانیت؟ ئایا هەموو ئامادەیەکت تێدایە؟، دایکێکی سەرکەوتووبیت، یان وەک باوکێکی سەرکەوتوو نەخشت هەبێت؟، هەربۆیە پێش ئەوەی منداڵەکەت چاوی بەدونیا هەڵبێنێ، سەردانی یەکێک لەو پسپۆڕییە تایبەتیانە بکەن، تا قۆناغ بە قۆناغ، منداڵەکەتان بەباشی پەروەردە بکەن.

٦.هەڵبژاردنی کار:
زۆرێکمان لەهەڵبژاردنی کاردا دەست بەئەژنۆ و دۆش داماوین، بەهۆی نەزانین و نەشارەزایی، یان ترس لەزەرەر، یان تەمبەڵی یان نەبوونی پارەی پێویست بۆکردنی ئەوکارەی دەمانەوێت،یان هەرهۆکارێکی تر، بۆیە پێویستە لەم قۆناغەدا ڕاوێژ لە کەسێکی پسپۆڕی دەروونی وەربگریت، چونکە خوودی هەرکارێک تۆ ئەنجامی بدەیت.

۷.هاتنی ڕووداوی نەخوازراو وەک لەدەستدانی کەسی یەکەم خێزان یان کەسێکی زۆر نزیک:
بێگومان لەژیاندا هەندێ جار شتی نەخوازراو یان کتووپڕ ڕوودەدەن، کەلەپێشبینی تۆدا نەبووە، بەهۆی مەرگەوە، کەسێکی ئازیزت لەدەست دەدەیت، بەو جۆرە کاردەکاتە سەرڕەووتی ژیانت، هەندێ جار بۆ مرۆڤ سەخت دەبێت خێرا جێگرەوەی کەسی لەدەست چووبگرێتەوە، بۆیە گرنگە بەمەستی ڕاوێژکاری و ئاسانکردنی ژیانت پەیوەندی بەکەسێکی دەروونناسەوەبکەیت.

٨.گۆڕانی تەمەن، لە گەنجییەوە بەرەونیشانەکانی پیری:
بێگومان لەگەڵ گۆڕانی ساڵی تەمەن، گۆڕان لەسەر بیر و ئەندێشەی زۆرینەی مرۆڤەکاندا ڕوودەدەن، هەرئەم گۆڕانانە هەندێ جار مرۆڤ ڕەشبین دەکات، یان بیر لەڕابردووکردنەوە، بەجۆرێک ئەم کەسە هیچ خۆشحاڵیەکی تێدا نییە بۆئایندە، ترسی پیری و لەدەستدانی جوانی بەرۆکی دەگرێت، هەر بۆیە لەم قۆناغەدا سەردانی پزیشکی دەروونی یان ڕاوێژکاری دەروونی کارێکی زۆرباشە.

۹.بەشوودانی کچەکەت، یان ژن هێنان بۆ کووڕەکەت:
زۆرێک لەدایک وباوکان لەکاتی هاتنی داواکاری بۆکچەکەیان، یان دۆزینەوەی کچێک بۆکوڕەکەیان، قەلەق و واس واسی بەرۆکیان دەگرێت، بەتایبەتی ئەگەر یەکەم کچ یان یەکەم کوڕبێت، هەربۆیە دووچاری سترێس و دڵەڕاوکێ دەبن، نازانن لەم باردا ڕێگەی درووست دوور لە پەشیمانی چییە؟
هەر بۆیە سەردانی کەسێکی پسپۆڕ و ڕاوێژپێکردنی؛ کارێکی لۆژیکانەیە.

۱۰.تەڵاق:
کاری گرنگی دەروونناسان،پێکەوە هەڵکردن و گونجاوون خۆشەویستی و میهرەبانی و یەکتر قبوڵکردن و ڕێزگرتنی بەرامبەر و چارەسەرکردنی کێشەکانە، بەڵام کاتێک دوو کەس پێکەوە ناگونجێن، ئەگەرچی تەڵاق سەخترین بڕیاری نێوان دووکەسە، بەڵام کۆتایی بەژیانی تاکی کەسەکە نییە، هەربۆیە مرۆڤ هەقیەتی لەم ژیانە خۆی
کۆت و بەند نەکات، تا ئەوپەڕی توانای بۆ مانەوە و مانادان بەژیان تێبکۆشێت، لەم قۆناغەدا زۆر گرنگە پێش ئەوەی بڕیاری جیابوونەوە لەسەر هاوسەرکەت بدەیت، پەیوەندی بکەیت بەکەسێکی دەروونناس، تابتوانرێت کێشەکە چارەسەرێکی گونجاوی ب بدۆزێتەوە، چوونکە لێکەوتەکانی تەڵاق ئەگەر بۆدووکەس منداڵیان لەیەک نەبووبێت سەخت بێت، ئەوە بۆ ئەو هاوسەرانەی منداڵیان هەیە دووجار قورس و سەختە، کە بە پلەی یەکەم منداڵەکە زەرەرمەند دەبێت.

(ئیدریس نوری ماستەر لەپەروەردەی تایبەت)

Top