دیندار دۆسكی: هەرێمی كوردستان لەوە دەرچووە وەك پرسێكی ناوخۆیی عێراق سەیر بكرێت

دیندار دۆسكی: هەرێمی كوردستان لەوە دەرچووە وەك پرسێكی ناوخۆیی عێراق سەیر بكرێت

سیاسەتمەدار دیندار دۆسكی دووپاتی كردەوە كە ڕۆڵی جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی لە ئاست هەرێم و عێراق و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیدا دیار و بەرچاوە و، ئێستا مەرجەعێكی هەرە گەورەی هەرێمی كوردستانە و، ڕێز و گرنگی و كاریگەریی لای سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییەكانی عێراق هەیە، چ شیعە بن چ سوننە.

دۆسكی لە دیدارێكی تایبەت بە گوڵان سەبارەت بە بارودۆخی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كەئەم بارودۆخە بەستراوەتەوە بە بارودۆخی گشتیی عێراق و ناوچەكەوە، بۆ نموونە لەم ڕۆژانەی دواییدا بینیمان كە پڕۆژەیەك لە كۆنگریسی ئەمریكا پێشكەش كرا بۆ بەرگریكردن لە هەرێمی كوردستان، لەلایەكی دیكەوە هەرێمی كوردستان لەوە دەرچووە كە وەك پرسێكی ناوخۆیی عێراق سەیر بكرێت، بەڵكو بووەتە پرسێكی هەرێمی و نێودەوڵەتییش و، وەك دەوڵەتێك مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت

ئەو جەخت لەوە دەكاتەوە كە پێویستە عێراق دەوڵەتێكی مەدەنی و دیموكراتی بێت و گرنگیی زیاتر بە گشەكردنی ئابووری و بنیادنانەوەی وڵات بدرێت و، عێراق لەسەر ئەو بنەمایە بێت كە گوزارشت لە ئیرادەی هەموو پێكهاتەكانی بكات.

دواجار دووپاتی كردەوە كە پێویستە دوای ئەم هەڵبژاردنە هەموو حزبەكان پێداچوونەوە بە بارودۆخی خۆیاندا بكەنەوە، چ ئەوانەی كورسییان زیادی كردووە، چ ئەوانەشی دەنگ و كورسییان كەمی كردووە، چونكە هەڵبژاردن پرۆسەیەكی دیموكراتییە.

Top