حوكمی ڕەگەزی سێیەم لە ڕووی شەرع و لە ڕووی كۆمەڵایەتییەوە

   حوكمی ڕەگەزی سێیەم لە ڕووی شەرع و لە ڕووی كۆمەڵایەتییەوە

 

 

كارگێڕ و وتەبێژی لقی هەولێری یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان

 

وەكو دیارە خودای گەورە كەونی دروست كردووە و یەكێك لە دروستكراوەكانی مرۆڤە و باڵادەستی كردووە لە ژیانیدا و هەرچی دروست كراوە، لە خزمەت مرۆڤدایە و لە پێناو ئەو دروست كراوە .

وەكو لە قورئانی پیرۆز دەفەرموێ :

((وَسَخَّرَ لَكُم مَّا فِى ٱلسَّمَٰوَٰتِ وَمَا فِى ٱلْأَرْضِ جَمِيعًا مِّنْهُ ۚ إِنَّ فِى ذَٰلِكَ لَءَايَٰتٍۢ لِّقَوْمٍۢ يَتَفَكَّرُونَ )) الجاثیة ۱۳

واتە: بۆتان فەراهەم و ژێردەستتان كراوە هەرچی لە ئاسمان و زەوی هەیە هەر هەمووی، ئەمەش بەڵگە و نیشانەیە بۆ گەلانێك كە تێدەفكرن .

ئینجا دەبێ بزانین كە خودای باڵادەست و خولقێنەر مرۆڤی لە سەر دوو ڕەگەز دروست كردووە، ئەویش (نێر و مێ) خودای گەورە دەفەرموێ: (يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَاكُم مِّن ذَكَرٍ وَأُنثَىٰ) الحجرات ۱۳

واتە : ئەی خەڵكینە ئێمە ئێوەمان دروست كردووە لە ڕەگەزی نێر و مێ .

هەروەها وەكو لە قورئانی پیرۆز هاتووە، دەفەرموێ :

{ لِلَّهِ مُلْكُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ يَخْلُقُ مَا يَشَاء يَهَبُ لِمَنْ يَشَاء إِنَاثًا وَيَهَبُ لِمَن يَشَاء الذُّكُورَ * أَوْ يُزَوِّجُهُمْ ذُكْرَانًا وَإِنَاثًا وَيَجْعَلُ مَن يَشَاء عَقِيمًا إِنَّهُ عَلِيمٌ قَدِيرٌ} [ الشوری 49-50]

واتە: هەرچی لە ئاسمان و زەوی هەیە، موڵكی خودای گەورەیە، هەرچی ویستوویەتی دروستی كردووە، خودای میهرەبان وا ویستوویەتی هەندێك ژن و مێرد تەنیا كچی پێ بەخشیون، هەندێكی دی تەنیا كوڕی پێ داون، هەندێكیش كوڕ و كچی پێداون، هەندێكی دیكەش نە كچی پێداون و نە كوڕ.

ئینجا ئەوە بزانە مرۆڤ هەر شێوەیەكی هەبێت، خودای گەورە دروستی كردووە.

ڕەگەزی سێیەم ( الخنثاء = نێرەمووك): ئەو مرۆڤەیە كە لە ڕووی جەستەییەوە نە لە ڕەگەزی نێر دەچێت بە تەواوی، نە لە ڕەگەزی مێ، لە ڕووی شەرعی بەم شێوازە مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت: تەماشای ئەندامی زاوزێی (ئەندامی نێرینە و مێنەی) دەكرێت، ئەگەر مێزكردنی وەكو كوڕ بوو، ئەوە بڕیاری كوڕی بۆ دەدرێت، ئەگەر وەكو كچ میزی كرد، ئەوە بڕیاری كچی بۆ دەدرێت، بەڵام لە ئێستادا و لە پێشكەوتنی بواری تەندروستی، دەبێت لێژنەیەكی پسپۆڕ دوای پشكنینێكی ورد بۆ كەسی نێرەمووك و دواتر لەگەڵ لێژنەی فەتوا بڕیاری ڕەگەزی یەكلایی دەكرێتەوە، دەشتوانن بە نەشتەرگەری ڕەگەزی بۆ چاك بكەنەوە، بەو مەرجەی كە لەو ڕەگەزە نزیك بێت . بۆ نموونە لێژنەكان بڕیار بدەن كە لە ڕەگەزی مێ نزیكە، ئینجا بە نەشتەرگەری بیكەن بە كچ، ئەگەر لە ڕەگەزی نێر نزیك بوو، ئینجا بە نەشتەرگەری بیكەنە كوڕ، بەپێچەوانەوە نابێت .

لە شەرعی پیرۆزی ئیسلام كە منداڵ بێت و ڕەگەزی دیار نەبێت، لە كاتی دابەشكردنی میرات حیسابی كوڕی بۆ دەكرێت،تا ئەوكاتەی ڕەگەزی یەكلایی دەكرێتەوە، ئەگەر كوڕ بوو، ئەوە بەشی تەواوی خۆی بردووە و، ئەگەر كچ بوو، ئەو بەشەی زیادە بە سەر میراتگراندا دابەش دەكرێتەوە. هەروەها لە كاتی مردنی واباشە و پەسەندە، دایك و باوكی، یان خوشك و برای بیشۆن،

ئەگەر نەتوانرا، ئەو كات لە ڕووی جەستەی لە كام ڕەگەز نزیك بوو، ئەو ڕەگەزە دەیشۆن .

پێویستە ڕێزێكی تایبەتیان لێ بگیرێت و، لە ڕووی دەروونی دەبێت زۆر ئاگاریان بن، هەم كەسوكاری نزیكی و هەم كۆمەڵگە بە گشتی و پێویستە لە سەر حكومەتیش پاڵپشتی تەواویان بێت و، ژیانێكی ئاسوودەیان بۆ دابین بكات و چارەسەری تەندروستیشیان بكات .

مامۆستایانی ئایینی پایەدار دەبێت ڕۆڵی تەواوی خۆیان ببینن لە پاڕاستی ئەم جۆرە كەسانە كە خاوەن پێویستیی تایبەتن و دەبێت نازیان هەڵبگیرێت.

ئەم بابەتە لە سەردەمانی پێشووتر ژمارەیان زۆر كەم بووە، بەڵام لە ئێستادا ژمارەكە بەرەو زیادبوون هەڵكشاوە. بەپێی زانیاری تەندروستیی جیهان دەڵێت: لە هەر (٢٥٠٠٠) كەس، یەك كەس (نێرەمووك = خنثاء) لە دایك دەبێت، كەواتە لە (١٫٠٠٠٫٠٠٠) منداڵ كە لە دایك دەبن (٤٠) منداڵ ڕەگەزی سێیەم (نێرەمووك)ـن، بەپێی ئەم داتا و سەرژمێرییە بێت، دەبێت ئێستە لە جیهان كە لە ژمارەی مرۆڤ لە سەرەوەی ( ٧ ) ملیار كەس دەبێت، ژمارەی (ڕەگەزی سێیەم، نێرەمووك = خنثاء ) دەكاتە (٧٠٠٠) كەس كە ئەمەش ڕێژەكەی زۆر زۆرە، ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر تێكچوونی ژینگە و خراپیی كوالێتی خواردن و تێكچوونی جیناتی مرۆڤ و خواردنی جۆرەها حەب و دەرمان بۆ ڕێگرتن لە منداڵبون و بۆ قەڵەوی و لاوازیی و جوانكاری و هیتر دوور لە ڕێنمایی پزیشك، ئەوەش دەبێتە هۆی تێكچوونی خەلقەتی كۆرپەكەی ناو زكی دایكی.

 

ئەوەش لە بیرنەكەین هەندێك جار دوای تەمەنی (٧و٨) ساڵی دەردەكەوێت كە ڕەگەزی سێیەمە، لەو حاڵەتانە كێشە دروست دەبێت، لە بەر ئەوەی منداڵەكە باس ناكات و وادەزانێت حاڵەتەكەی شتێكی نۆرمالە و ماڵەوەشیان پێی نازانن، تاكۆ چارەسەری بكەن.

نموونەیەكی زیندوو:

لەم ساڵانەی ڕابردوو ماڵێك كچەكەیان بە شوو داوە، تا ئەو كاتەی بووك و زاوا دەڕۆنە ژوورەكەیان، ئینجا زاوا بۆی دەردەكەوێت كە بووكە خان ڕەگەزی سێیەمە و هەر دوو ئەندامی زاوزێی نێرینە و مێینەی هەیە، بۆیە زاوا بووك دەگەڕێنێتەوە بۆ ماڵی باوكی و حاڵەتەكەیان پێ دەڵێت، ئەوانیش دەڵێن نەمانزانیوە كە كچەكەمان بەم شێوەیە بووە، كچەش لە وەلامی پرسیاری كەسەكانی دەڵێت: نەمزایوە كە ئەم شتە نامۆیە، وامزانیوە نۆرمالە .

لێرەوە تكا لە دایك و باوكان دەكەم كە بەردەوام ئاگایان لە منداڵەكانیان بێت و لە كاتی هاوسەرگیری لێیان بپرسن و عەیب و شكستەكانی بۆ خوازبێنی باس بكەن.

 

 

 

 

م. رەعـد نووری ئۆمەربلی

 

Top