(( ڕۆڵ و پێگەی شارەدێی ھیران لە خەباتی شاخدا))

(( ڕۆڵ و پێگەی شارەدێی ھیران لە خەباتی شاخدا))

گەلی کورد بە درێژایی مێژووەکەی خاوەن خەباتی بەردەوام و تێکۆشانێکی نەبڕاوەیە ، ھیچ وێستگەیەک نیە لە مێژووی گەلی کورددا سیخناخ نەبێ لە داستانی بوێری و بەرخودان ، مێژوویەک لێوانلێو لە خوێن و فرمێشک و ئـازار ، گشت شاخە سەختەکان و چیایە سەرکەش و ئـەشکەوتەکانی کوردستان خودان چەندان دیرۆکی نەمرن لە پێناو ئـازادکردن و ڕزگارکردنی کوردستاندا ، وەلێ ئـەوەی پشکی شێری بەردەکەوێت لەم ڕێگایەدا سەرجەم گوند و لادێ و شارۆچکەو شارەدێیەکانی کوردستانە ، کە ھەمیشە قەڵایەکی نەبەزیو و سەنگەرگەلێکی خۆڕاگری پێشمەرگە بوون ، لە ڕۆژگارێکدا کە تەنھا چیاو شاخەکان دۆست و ھاوڕێی کورد بوون ، بۆیە لە ھەموو کات و ساتە دژوارەکانی کوردا پێگە و پەناگەیەکی بەھێز بوون بۆ خەباتکردن و بەدەستھێنانی ئـازادیی و مافە ڕەواکانی گەلی کورد ، کە بە قووڵایی مێژووی کورد لە ژێر دەستی حکومەت و فەرمانڕەواکان گەلی کوردیان لەم مافە سروشتییانە بێ بەش کردووە . دەڤەری خۆشناوەتی یەکێکە لەوناوچانەی بەشێوەیەکی نەبڕاوە بنکەو مەڵبەندێکی دایک ئـاسا بووە بۆ لە ئـامێزگرتنی شۆڕشگێڕان و پێشمەرگە و نیشتیمان پەروەران بۆ بەرگری و بەرەنگاربوونەوەی دوژمن و ناحەزان و داگیرکارانی کوردستان چیای سەفینیش بەڵگەیەکی حاشاھەڵنەگرە و سەلمێنەری ئـەم باسەیە وە یەکێک لەو شارەدێیانەی کە کەوتۆتە ژێر بەزەیی و جوانی و میھرەبانی ئـەم چیایە
شارەدێی ھیرانە ، کە بە ناحیەی خۆشناویش خۆی ناساندووە ڕۆڵ و پێگەیەکی گرنگ و گەورەو کاریگەری ھەبووە لە خەباتی گەلی کوردا بەردەوام مەکۆی پێگەیاندنی پێشەرگەو کەسانی نیشتیمان پەروەر و دڵسۆز بووە بۆ خاک و گەلەکەی ، بەپێی ئـەو کەش و ھەوا سروشتییەو ئـەو ھەڵومەرجە جوگرافیایەی کە ھەیەتی ، بۆیە دەبینین ڕۆژنامەنووسی بەناوبانگی ئـەمریکی (دانا ئـادەم شمیدت) لە بەرواری ئـابی ١٩٦٢ کە چاوی بە بارزانی نەمر دەکەوێت لەشارەدێی ھیران لە پەرتووکە ناوازەکەیدا ( سەفەرێک بۆ ناو پیاوە ئـازاکان)دا باسی کردووە ، ھەروەھا لە دوای ئـەوەی باسی جوانیی و دڵگیریی و چەندان میوەی بەتامو چێژی شارەدێی ھیرانی کردووە ، لە چەندان شوێنی تر باسیکردووە کە چەند شوێنێکی گرنگ و ستراتیژی بووە بۆ بەرپاکردنی شۆڕشی مەزنی ئـەیلول کاتێک ڕابەرو ناسنامەی گەلی کورد بارزانی نەمر ھیچ ئـومێدێکی نامێنێت لەگەڵ حکومەتی نەتەوەپەرستی عبدالکریم قاسم دا بۆیە بڕیاری ھەڵگیرساندنی شۆڕشی مەزنی ئـەیلول دەدات بۆ ماوەی چەندان ڕۆژ لە شارەدێی ھیران دەواری خەبات و تێکۆشان و بەرخودان ھەڵدەدات لەپێناو بەدەستھێنانی مافەڕەواکانی گەلی کورد ، ھەروەھا نووسەر باسی ئـێش و ئـازارو نەھامەتی و لێقەوماوانی خەڵکانی ناوچەکە و بەتایبەتی شارەدێی ھیران دەکات و دەڵێت (
ئـاوارە بووەکانی "ھیران" غەمبارو دڵتەزێن تر ، دەھاتنە بەرچاوم وەک لە ئـاوارەکانی گوندە چیاییەکانی دیکە . دانیشتوانی ئـەم شارۆچکە بچووکە تا ڕادەیەک ژیانیان لە ژیانی گواستنەوەو ڕەوەندایەتی دوورکەوتبۆوە . ئـەوەی کەوای کردبوو دێھاتییە چیاییەکان بە ئـاسانی دەیانتوانی ڕووبەڕووی بۆردومانی ئـاسمانی ببنەوەو خۆیانی لەبەر ڕابگرن ، ئـەوە بوو کە دانیشتوانی لە ھیچ حاڵەتێکدا نەنگییەک لەوەدا نابینن کەل و پەلەکانیان بخەنە سەر پشتی ئـاژەڵەکانیان یان خۆیان ھەڵیبگرن و بەپێ بڕۆن ، تەنانەت ئـەگەر بۆ ناو ئـەشکەوتەکانیش بێ) . ھەروەھا باس لەوەیش دەکات کە چەندان شەو لە شارەدێی ھیران ماوەتەوە و نوستووە و چەند جارێکیش خۆی تیایدا حەشارداوە بۆ پاراستنی خۆی لە دژی سوپای حکومەتی ئـەوسای عێراق ، ھەروەھا سەید کاکە لە پەرتووکی (بیرەوەریی پێشمەرگەیەک)دا کە بیرەوەرییەکانی خۆیەتی باسی شوێنگەو گرنگی شارەدێی ھیرانی کردووە لە بەرواری ٢٦ی ئـابی ١٩٨١دا کە ھاتۆتە ئـەم ناوچەیە. بۆیە دەتوانین بڵێین بەدرێژایی ساڵانی شەستەکانی سەدەی ڕابردوو بەبیانووی پشتگیریکردنی شارەدێی ھیران و گوندنشینانی ئـەم یەکەیە بۆ شۆڕشی مەزنی ئـەیلول بەبەردەوام لە ژێر فشاری پەلامارو ھێرشی حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراقدا بووە ، بە دەگمەن گوندنشینانی سەقامگیری ڕامیارییان بە خۆیانەوە بینیوە . وە لە ئـەنجامە مەترسیدارەکانی ڕێککەوتننامەی جەزائـیری ساڵی (١٩٧٥) ، ھاوکات شۆڕشی نێوان بزووتنەوەی کوردو گوڵانی پێشکەوتن خواز و حکومەتی عێراق نزیکەی (٧٠٠) خێزانی گوندنشینانی ئـەم یەکەیە کۆچیان بۆ ناوەندی یەکەکانی (سەنتەر) و (سەڵاحەددین) و ژمارەیەکیشیان ڕوویان لە کۆماری ئـیسلامی ئـێران کرد .ھەروەھا لە بارودۆخی بەردەوامی جەنگی نێوان (عێراق _ئـێران) ، لە ساڵی (١٩٨٥) دا (٨) گوند کەوتنە ژێر پەلاماری ڕژێمی بەعس و دانیشتوانەکەی بۆ شاری ھەولێر و ژمارەیەکیشیان بۆ ناحیەی سەنتەری قەزای شەقڵاوە ڕاگواست . وەلێ لەگەڵ ئـەم ھەموو نەھامەتی و ئـارێشەو ناسۆرییەی خەڵکەکەی کەچی شارەدێی ھیران بەبەردەوام لەدوای ڕاپەڕینە پڕ شکۆیەکەی گەلی کورد لە سایەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دەبووژێتەوەو نۆژەندەکرێتەوەو ھەمیشە ڕوو لە ئـاسۆی ئـاوەدان بوونەوەیە . ئـەوەی لێرەدا پێویستە بگووترێت ئـەمەیە کە نابێت ڕۆڵ و پێگەی کەسایەتی دیارو بەرچاوو میرخاس (ئـاغا واحد بەگ) لەبیر بکەین کە لێنەبڕاوانە و بەشێوەیەکی دیار خۆیی و خانەوادەکەی ودیوەخانەکەی سەفین ئـاسا لە خزمەت پێشمەرگەو لێقەوماوان و ھەژاران و ئـاوارەکانی ناوچەکە بووە ، پیاوماقولێکی بە وەفاو ئـەمەکدار بۆ شارە دێیەکەی و خەڵکەکەی ، ھەمیشە بە دڵ و دەرگا واڵا و وەک شۆڕەسوارچاکێکی بێ وێنە لە مەیدانی خزمەت و داڵدەدان و نانپێدان بەشەو و ڕۆژ بە پێشمەرگە ئـازاو چاونەترسەکانی ڕێگای ڕزگاری کوردو کوردستان تەڕاتێنی کردووە . خانەدانێکی گفت شیرین و ڕەفتار سیخناخ لە سەخاوەت و میھرەبان ، ئـاغایەکی خۆنەویست و خاک و نیشتیمان پەروەر کە ھەمیشە بە قسەوباسەکانی خەڵکی گۆش دەکرد بە خۆڕاگری و بەرخودان و گیانی دڵسۆزداریى بۆ گەل و ووڵات .


سەرچاوەکان
١_گەشتێک بە ناو پیاوە ئـازاکان _ دانا ئـادەم شمیدت _ وەرگێڕانی ، مانی ، چاپی چوارەم _ دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ڕۆژھەڵات ، ٢٠٢١، ھەولێر .
٢_ بیرەوەریی پێشمەرگەیەک_ سەید کاکە، چاپی چوارەم ، ٢٠٢٠ .
٣_ خۆشناوو خۆشناوەتی_ مێژوو_ جوگرافیا _ یاداشت ، سالار کەمال میران ، ١٩٨٥، بەغداد.
٤_چەند زانیارییەک دەربارەی ناوچەی خۆشناوەتی_ نووسینی _ مەلا خالید فریزی ،٢٠٠٦، ھەولێر .
٥_ شیکردنەوەیەکی جوگرافی بۆ دابەشبوونی دانیشتوان لە قەزای شەقڵاوە، ماستەرنامە،زانکۆی سەڵاحەددین، توێژەر ، تەنکە عوسمان سعید ، ٢٠٠٥ .
٦_ ڕۆژنامەی خەبات (ھیران شارەدێیەکی گەشتیاری و سەرچاوەیەکی گرنگی ئـابووری) ئـامادەکردنی ، عەبدولخالق کەریم ، ژمارە ٦١٨٦، چوارشەممە ٢٥ی ئـاب ٢٠٢١ .

Top