ئەندازیار عەبدولواحید ئەحمەد سەرۆكی شارەوانیی هەولێر بۆ گوڵان:   تەواوكردنی قۆناغی دووەمی شەقامی 150 مەتری ئاسانكارییەكی گەورە بۆ هاتوچوو و جموجووڵی بازرگانی دروست دەكات

ئەندازیار عەبدولواحید ئەحمەد  سەرۆكی شارەوانیی هەولێر بۆ گوڵان:     تەواوكردنی قۆناغی دووەمی شەقامی 150 مەتری ئاسانكارییەكی گەورە بۆ هاتوچوو و جموجووڵی بازرگانی دروست دەكات

 

 

ئاشكرایە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بایەخێكی بەرچاوی بە ڕەوتی گەشەپێدان و ئاوەدانی داوە، ئەمەش لە درێژەپێدان و فراوانكردنی پڕۆژەكاندا بەرجەستە بووە، بە تایبەتی هەندێ پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژی كە كاریگەریی گەورەیان لەسەر جووڵەی هاتوچوو و جموجووڵی بازرگانی هەیە، بۆ نموونە شەقامی 150 مەتری لە شاری هەولێر، كە لە ئێستادا دەست كراوە بە جێبەجێكردنی قۆناغی دووەمی ئەم پڕۆژەیە، بۆ باسكردنی وردەكارییەكانی ئەم پڕۆژەیە، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵ ئەندازیار عەبدولواحید ئەحمەد سەرۆكی شارەوانیی هەولێر ئەنجام دا.

 

* پڕۆژەی بازنەی 150مەتریی شاری هەولێر چەند كیلۆمەترە و پانییەكەشی چەندە، چەند بەرزەپرد لەخۆ دەگرێت و، بە چەند قۆناغ جێبەجێ دەكرێت؟ ئەم پڕۆژەیە پێویستی بە بودجەیەكی زۆر هەیە لەم قەیرانەدا، ئایا چۆن دابین كراوە؟

- پڕۆژەی 150مەتریی شاری هەولێر یەكێكە لە پڕۆژە ستراتیژییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و، بە یەكێك لە پڕۆژە گرنگەكانی ناو شاری هەولێر هەژمار دەكرێت، چونكە بە تەواوبوونی دەبێتە یەكێك لەو پڕۆژە گرنگانەی كە هۆكارێك دەبێت بۆ كەمكردنەوەی جەنجاڵیی هاتوچوو لە هەولێر، لەبەر ئەوەی پڕۆژەی 150مەتری گشت خاڵە گرنگەكانی هاتوچووی ناو شاری هەولێر و شەقامە سەرەكییەكانی بەحركە و شەقڵاوە و كەسنەزان بە یەكەوە دەبەستێتەوە. ئەمە لە ڕووی هاتوچووی بارزگانییشەوە گرنگیی زۆر تایبەتی خۆی دەبێت، هاوكات لە ڕووی بووژانەوەی ئابوورییشەوە تەكانێكی گەورە بەو شوێنانە دەدات كە شەقامەكەیان پێدا تێپەڕ دەبێت، چونكە دەبێتە هۆكارێك بۆ بەرزبوونەوەی نرخی ئەو زەوی و یەكە نیشتەجێبوون و باڵەخانانەی لەو زۆنانەدا دروست كراون و، دەبێتە هۆكارێكی بەهێزیش بۆ وەبەرهێنەران كە لە درێژایی ئەو شەقامەدا پڕۆژە و كاری وەبەرهێنان ئەنجام بدەن، بەتایبەتی لە ڕووی یەكەی نیشتەجێبوون و باڵەخانەی بازرگانی و...هتد، ئەمە لەلایەك، لەلایەكی دیكەوە قۆناغی یەكەمی ئەو شەقامە كە شەقامی هەولێر – بەحركە، هەولێر - شەقڵاوەیە و درێژییەكەی 10 كیلۆمەترە و هەردوو شەقامەكەی چوون و هاتن- جگە لە شەقامە خزمەتگوزارییەكانی- پانییان 19مەترە، كە لە ساڵی ڕابردوودا تەواو بوون، كە ئەو بەشە چەندین بەرزەپرد و ژێرپرد، هەروەها چوارڕێیان و سێ ڕێیان لەخۆ دەگرێت، ئەو شەقامە سەرجەم ڕێگە یەكتربڕەكانیش كە لە سنوورەكەیدایە، بە یەكەوە دەبەستێتەوە. لە ڕاستیدا پاش تەواوبوونی ئەو بەشەی شەقامەكە بۆ زیاتر ئاسانكاری و كەمتركردنەوەی جەنجاڵی، بڕیار درا كە بەشی دووەم لە شەقامی 150 مەتری كە دەكاتە شەقامی هەولێر – شەقڵاوە و هەولێر – كەسنەزان دەستی پێ بكات، كە درێژییەكەی حەوت كیلۆمەتر و دووسەد مەترە و، پانی و شێوەی هەردوو شەقامی هاتوچووەكە و هەردوو دوو شەقامە خزمەتگوزارییەكە، بە هەمان شێوەی بەشی یەكەمی شەقامەكەیە و، ئەو بەشەی شەقامەكەش بەپێی ئەو گرێبەستە و ماوەی كاركردنەی بۆی دانراوە دەبێت لە مانگی 12ی ساڵی 2022 تەواو بكرێت، بەم شێوەیە ئاسانكارییەكی یەكەجار زۆر بۆ هاتوچووی هاووڵاتیان فەراهەم دەبێت، كە درێژیی ئەو دوو بەشەی شەقامی 150مەتری بە گشتی دەكاتە 17كیلۆمەتر و دوو سەد مەتر و، ئەو بەشەی ئێستا لە 150 مەتری كاری تێدا دەكرێت، چوار بەرزەپرد و چەند یوتێرنێك لە خۆ دەگرێت، كە لە شێوەی بەرزەپردن، بەڵام یوتێرنن، واتە سووڕانەوەیە لە ئاراستەی شەقامێك بۆ ئاراستەیەكی دیكەوە، هەروەها یەكتربڕێكی تەواویش لە چوارڕیێانی كەسنەزان دەبێت، كە لەگەڵ شەقامی كەسنەزان یەكتر دەگرێتەوە، ئەمە پێی دەگوترێت ئاراستەگۆڕ كە ئەمانەش لە شەقامەكە دروست دەكرێن و، بە درێژایی ئەو شەقامانەی 150 مەتری تۆڕی ئاوەڕۆ بە پێوانەی جیاجیا بە هەموو پێداویستییەكیەوە، بە سیستمێكی زۆر هاوچەرخ و زانستی دروست كراوە، شەقامەكەش بە هەموو جۆرێ ئەو نیشانەی هاتوچوویانەی كە پێویستیەتی و هێڵكاری و جوانكاری و پەرژین و بەربەستی لەسەر شۆڵدەرەكانی بۆ دادەنرێت، كە هەموو ئەمانەش بۆ سەلامەتیی شوفێران و هاووڵاتیانمانە، خاوەنی پڕۆژەكەش حكومەتی هەرێمی كوردستانە، بەتایبەتی وەزارەتی شارەوانی و سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر، بەڵام لەلایەن هێمن گرووپەوە جێبەجێ دەكرێت، كە كۆمپانیایەكی خۆماڵیی كوردستانییە و خاوەن ئەزموون و شارەزاییەكی هاوچەرخە.

* ئەو بەشەی ئێستای 150 مەتری چەند ئامێر و كرێكار كاری تێدا دەكات و لە چ قۆناغێكی جێبەجێكردندایە و تێچووی چەندە؟

- ئەو بەشەی پڕۆژەكە زیاتر لە (95)ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخان كراوە، كە هێمن گرووپ بە قەرز جێبەجێی دەكات و، پڕۆژەكە هەلێكی زۆری كاركردنی بۆ خەڵكی ناوخۆ تێدا دەستەبەر كراوە، ئەمەش داوایەكی ڕێزدار سەرۆكی حكومەتە لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی كوردستان لە كۆمپانیاكان، كە هەلی كار بە ڕێژەیەكی زۆر، یان هەر هەمووی بە خەڵك و گەنجانی ناوخۆ بدەن. هەر بۆیە دەبینین ئێستا لەو بەشەی شەقامی 150 مەتری 900 كرێكاری خۆماڵی و ژمارەیەكی زۆر ئامێر تێیدا كار دەكەن.

* ئەو بەشەی ئێستا كاری تێدا دەكرێت، چ گرنگییەكی بۆ جووڵەی بازرگانی دەبێت؟

-  بەدڵنیایەوە ئێمە دەزانین ئەو بەشە بازنەییەی شەقامی 150مەتری كە بریتییە لە هەولێر – كەسنەزان و هەولێر – شەقڵاوە، ئاسانكارییەكی زۆر بۆ هاتوچوو دەستەبەر دەكات، بەتایبەتی بۆ ئۆتۆمبیلی گەورە و بارهەڵگر، كە وادەكات بەكەمترین ماوە بچنە ئەو ڕێگا و ئاراستە بازرگانییانەی دەیانەوێت، ئەمەش دووبارە دەبێتە هۆكارێك بۆ بووژاندنەوەی ئابووری، بە تایبەتی بۆ كەرتی بازرگانیی نێوان هەولێر و دەروازە و خاڵە سنوورییەكان و شارەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان.

* وەك شارەزا و پسپۆڕێك، ئەگەر باسی ستانداردی ئەو شەقامە بخەیتەڕوو و ئەو كەرەستانەی تێدا بەكاردێت، تا چەند جێگای دڵنیایی و گونجاون بۆ پڕۆژەكە و ماستەرپلانەكەی، یان نەخشەكەی كێ دروستی كردووە، كەسانی بیانی، یان شارەزایان و ئەندازیارانی خۆمان؟

- سەرەتا جێی خۆیەتی پرسیاری ئەوە بكەین بۆچی شەقامی 150 مەتری بازنەییە، ئەمە بۆ ماستەرپلانی شاری هەولێر دەگەڕێتەوە كە لەسەر بنەمای بازنەی دەوری قەڵا دانراوە، چونكە هەموو شەقامەكان هەر لە بازنەی دەوری قەڵاوە تا دەگاتە شەقامی 30 مەتری و 40 مەتری و 60 مەتری و 100 مەتری و 120 هەر هەموویان بازنەیین و، شەقامەكانی دیكەش بەتایبەتی ئەوەی لە قەڵاو شارەوە دەردەچێت، تیشكیین، لەلایەكی دیكەوە شاری هەولێر تایبەتمەندیی خۆی هەیە، چونكە قەڵای هەولێر سیمای شارەكەی دیاری كردووە و ئەم شەقامەی 150 مەتری بە ستانداردی جیهانی ئاشتۆ كە كورتكراوەی (AASHTO)، هەروەها لەسەر بنەمای ستانداردی كۆرد (CHORD) كە ستانداردێكی عیراقییە، لە هەقیقەدا ئەم دوو ستانداردەش بنەمان بۆ ئەوەی ئەو جۆرە پڕۆژانە لەسەری بنیاد بنرێن. دیزاینی ئەو پڕۆژانە پێشتر لەلایەن هێمن گرووپەوە ئامادە كرابوون، بەڵام وردبینی و پێداچوونەوەی پێدا كراوە، چونكە ئێمە بەشێكمان لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار هەیە كە بەشی دیراسات و دیزاینە و، بە هەماهەنگی لەگەڵ نووسینگەی ڕاوێژكاری لە كۆلێژی ئەندازیاری سەرنج و تێبینی و هەموو بەدواداچوونێك بۆ دیزاینەكان ئەنجام دەدەن، هەر بۆیە دەتوانین بڵێین ماستەرپلان و دیزاینەكە لەلایەن كۆمپانیاوە كراوە و، لەلایەن حكومەتیشەوە وردبینیی لەسەر ئەنجام دراوە، ئینجا چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، هەموو كەرستە و چینە قیرتاوكردنەكان و پێداویستییەكانی بەرزەپرد و ژێرپرد و شەقامەكە، بەپێی مواسەفاتی تاقیگەی بیناسازی و بەپێی هەردوو مەرجی كاروباری ئەندازیاریی شارستانی و بەڵێندەرایەتی بەشی یەكەم و دووەم، هەموو ئەو ڕێنماییانەی هەیە تێدا جێبەجێ دەكرێت، تاوەكو بتوانرێت لە دەرئەنجامدا پڕۆژەكە پوخت و ڕێكوپێك و بە ستانداردێكی هاوچەرخ بێت و، ئەو پەرژینانەی لە شەقامەكە بەكار دێت، بە شێوەیەكی وایە كە بتوانێت بەرگری هەموو پێداكێشان و ڕووداوێكی هاتوچوو بكات. لێرەدا بە پێویستی دەزانم ئاماژە بەوە بكەم كە پێویستە شوفێران لەو جۆرە شەقامانەدا پابەندی ئەو ڕێنمایی و خێراییانە بن كە لە سەر شەقامەكە بۆیان دەستنیشان كراوە، تا شەقامەكە زیاتر بەرگە بگرێت و پارێزگاری لە مانەوەی بكرێت.

* شەقامەكە لەو كاتەدا تەواو دەكرێت كە بڕیاری لێ دراوە، ئایا ڕاستەوخۆ دەست بە قۆناغێكی دیكەی ئەو شەقامە دەكرێت، یان بۆ ماوەیەك دوادەخرێت، ئەگەر دوادەخرێت بۆچی؟

- هێمن گرووپ كارەكانی بە دیقەت و جددییە و، ڕێنمایی و مەرج و ستانداردی هاوچەرخ و پێشكەوتوو جێبەجێ دەكات، هاوكات لە كارەكانیدا خێرایە، چونكە ئامێر و پێداویستیی زۆر و تازەی هەیە و، كرێكار و شارەزا و پسپۆڕانی زیاد لە پێویست بەكار دەهێنێت، كە ئەمەش وادەكات پڕۆژەكان لە كات و سات و ماوەی دیاریكراوی خۆیدا و زووتریش تەواوی بكات، بەڵام بەپێی بەرنامە و ئەو پلانەی بۆ پڕۆژەكە دانراوە لە مانگی 12ی ساڵی 2022 تەواو دەبێت، هەروەها بەپێی ئەو گرێبەستەی كە كراوە هەر نۆژەنكردنەوەیەكی شەقامەكە پاش تەواوبوونی، بۆ ماوەی یەك ساڵ لەلایەن كۆمپانیای ناوبراوەوە ئەنجام دەدرێت، هەر چەندە هەوڵمان داوە لە جۆرە پڕۆژانەدا ماوەی چاككردنەوە لەلایەن كۆمپانیای جێبەجێكارەوە زیاتر بێت، پاشان ئێمە وەك وەزارەت و سەرۆكایەتی سەرپەرشتیی بكەین، هاوكات زۆر پێویستە ئەماژە بەوەش بكەین كە ڕێزدار سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەموو كات لە هەوڵی ئەوەدایە كە زۆرترین و باشترین خزمەتگوزاری و پڕۆژە بۆ خەڵك و هاووڵاتیانی كوردستان ئەنجام بدرێت.

* لەم ماوەیەدا لە ڕاگەیاندنەكاندا چەندین هەواڵ و پرێس كۆنفرانس خرایە ڕوو كە لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و سەرۆكایەتیی شارەوانییەوە چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری لەسەر داهاتی15%ی شارەوانییەكان جێبەجێ دەكرێت، ئەمە چۆنە، ئەگەر بەكورتییش بێت دەكرێت باسی بكەن؟

- ئێمە وەك سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر، جگە لە ساڵی ڕابردوو (كاتی كەرەنتینە)، ئەگینا بەردەوام لە كار و خزمەتكردنی شارەكەداین و، لەسەر ڕاسپاردەی جەنابی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، دەبێت ئەمساڵ زۆرترین پڕۆژە ئەنجام بدرێت، بۆ ئەوەی زۆرترین خزمەتگوزاری بە هاووڵاتیان بگات و گەڕەكەكان كێشەی خزمەتگوزارییان نەمێنێت. ئێمەش هەر لەسەر ڕاسپاردەی جەنابی سەرۆكی حكومەت هەستاین بە دەرخستەی چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری، بۆ ناوشار و گەڕەكەكانی هەولێر، لەم ماوەیەدا توانیمان لەسەر داهاتی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر كە دوو داهاتمان هەیە، كە یەكێكیان داهاتی 15%ی داهاتی سەرۆكایەتیی شارەوانییە و لە كۆكردنەوەی ڕسوماتە و، داهاتی دووەمیشمان بریتییە لەو داهاتەی كە لە فرۆشتنی زەویی ڕوكن و نایاب دەستمان دەكەوێت، بەم هۆیەوە توانیومانە لە ماوەی ڕابردوو 35 پڕۆژە بە زیاتر لە سێ ملیار دینار لە سەر داهاتی سەرۆكایەتیی شارەوانی جێبەجێ بكەین و، چەندین پڕۆژەی دیكەش لە چاوەڕوانی تەندەر و كەشفەكانیانداین، كە وەڵامیان بگەڕێتەوە و دەست بە جێبەجێكردنیان بكەین، بەم كارو پڕۆژانەش چەندین گەڕەك لە ناو شاری هەولێر كار و پڕۆژەی خزمەتگوزارییان بۆ دابین كراوە و زیاتر ڕووی ئاوەدانی و گەشەكردنیان بەخۆوە بینیوە.

 

Top