هونەرمەند فارس باڤێ فیراس بۆ گوڵان: سەرەڕای هەموو گۆڕانكارییەكان هونەری رەسەن بە زیندوویی دەمێنێتەوە

هونەرمەند فارس باڤێ  فیراس بۆ گوڵان: سەرەڕای هەموو گۆڕانكارییەكان هونەری رەسەن بە زیندوویی دەمێنێتەوە

هونەرمەندی رۆژئاوای كوردستان فارس باڤێ فراس بە یەكێك لە هونەرمەندە خاوەن ئەزموونەكانی رۆژئاوای كوردستان دەناسرێت، لە ساڵانی حەفتاكانی سەدەی رابردوو گۆرانی گوتووە و، لە سەرەتای هەشتاكانیشدا یەكەم گۆرانیی تۆمار كرد، خۆی ئاواز بۆ گۆرانییەكانی دادەنێت، هەروەها لە بارەی ئاواز و تێكستەوە بەشێكی زۆری هونەرمەندانی كورد لە گشت پارچەكانی كوردستان سوودیان لە كارەكانی وەرگرتووە و هاوكاریی كردوون، ئەم هونەرمەندە ماوەی هەشت ساڵە لە باشووری كوردستان و لە شارۆچكەی زاخۆ نیشەجێیە و ژیان بەسەر دەبات، لە سەردانێكمان چەند پرسیارێكمان ئاراستەی كرد، ئەویش بەم شێوەیە وەڵامی داینەوە.

دیمانە: خەلیل بلەیی

* دەمانەوێت باس لە سەرەتاكی ژیانی هونەریت بكەین، لە كەیەوە دەستت بە گۆرانیگوتن كرد؟

- لە ساڵانی حەفتاكان سەدەی رابردووەوە من خولیای هونەری موزیك و گۆرانیگوتنم هەبووە و بەردەوام بووم، لە ساڵی 1981 یەكەم گۆرانیی خۆم بە ناوی (دۆستێ تە كر سڵاڤێ) بڵاوكردەوە، تا ئێستا (36) كاسێتی گۆرانیم بڵاوكردووەتەوە، جگە لە گۆرانیگوتن، من ئامێرەكانی عود و بزقیش دەژەنم.

* لەو ژمارە زۆرەی گۆرانی، گشت ئاوازەكانی هی خۆت بوون؟

- بەڵێ گشتیان ئاوازی خۆم بووە، هەروەها من تا ئێستا ئاوازی خۆم پێشكەش بە دەیان هونەرمەند كردووە، نەك تەنیا لە رۆژئاوای كوردستان، بەڵكو لە پارچەكانی دیكەش.

هونەرمەند فارس باڤێ  فیراس بۆ گوڵان: سەرەڕای هەموو گۆڕانكارییەكان هونەری رەسەن بە زیندوویی دەمێنێتەوە

* لەو سەردەمەی كە یەكەم گۆرانیت بڵاوكردەوە، لەرووی سیاسی و ئابوورییەوە چۆن ئەم كارەتان ئەنجامدا؟

- بێگومان كارێكی زۆر ئەستەم بوو و، دوای تۆماركردنی شەشەم كاسێتم دوچاری راوەدوونان و گرتنیش بووینەوە، چونكە گشت گۆرانییەكانی نەتەوەیی بوون، چوار جار لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا كردم بە بیانووی ئەوەی گۆرانییەكانی دژی نەتەوەی عەرەبن، بەتایبەتی یەكێك لە گۆرانییەكانی كە تێكستی سەیدا (تیرێژ) بوو، لە بەشێكی تێكستەكەدا هاتووە: رند و شەپال و نازیان ئیرو ددەست جەمبازیان ئیران و تورك و تازییان.

* بۆچی رووتان لە هەرێمی كوردستان كرد؟

- دوای ساڵی 1991 لە دڵەوە حەزم دەكرد سەردانی باكووری كوردستان بكەم، بەڵام ئەو دەرفەتەم بۆ نەدەڕەخسا، چونكە نەمدەتوانی بە ئاشكرا بچم، لە ساڵی 2007 هەرچۆنێك بێت بە قاچاغی چووم، بەڵام كە گەڕامەوە ئاشكرا بووم بۆیە سێ مانگ دەستگیر كرام، هەروەها هێمای (X) یان لەسەر پاسپۆرتەكەم دا، واتە گەشتكردنیان لێ قەدەغە كردم. دوای رووداوەكانی سوریا ئیتر بڕیارم دا بێمە باشووری كوردستان و ئێستا لە شارۆچكەی زاخۆ نیشتەجێم، بەڵام من زۆر حەز لە دەركەوتن ناكەم، بۆیە جەماوەر زۆر ئاگاداری هەواڵ و چالاكییەكانم نین.

* بە رای ئێوە لە كام پارچەی كوردستان هونەرمەندان زیاتر توانیویانە رەسەنایەتیی هونەری كوردی بپارێزن؟

- لە گشت پارچەكانی كوردستان هەوڵی زۆر هەیە بۆ پاراستنی رەسەنایەتیی هونەرەكەمان، بەڵام من پێموایە هونەرمەندانی رۆژئاوای كوردستان هەنگاوی زۆریان لەو رووەوە ناوە، بە هەمان شێوە لە باكووری كوردستانیش هەوڵی زۆر هەبووە، بەتایبەتی لە نوێكردنەوەی گۆرانییە فۆلكلۆرییەكاندا.

* ئەی سەبارەت بە بوونی ئافرەتانی هونەرمەند لە رۆژئاوای كوردستان، چی دەڵێیت؟

- سەرەڕای هەبوونی ئافرەت دەنگخۆش بەڵام جاران لە ترسی دابونەریتە كۆمەڵایەتییەكان نەیاندەتوانی بە ئاشكرا گۆرانی بڵێن، دواتر بارودۆخەكە گۆڕا، بەتایبەتی لە ساڵانی رابردوو، بۆیە ئێستا دەبینین ژمارەیەكی زۆری ئافرەتان هاتوونەتە نێو بواری گۆرانی كوردی لە گشت پارچەكانی كوردستان و، بەشێكیان توانیویانە گۆرانیی رەسەن پێشكەش بكەن و پشت بە فۆلكلۆری رەسەنی كوردییش ببەستن، ئەمەش هەنگاوێكی دڵخۆشكەرە.

* هیچ گۆرانییەكت هەیە بە زمانی عەرەبی؟

- ژمارەیەكی زۆر گۆرانیم ئامادەیە بە زمانی عەرەبی، بەڵام تۆمارم نەكردووە، هۆكاری تۆمار نەكردنەكەشم بۆ ئەوەیە كە نامەوێ كەسانێك رەخنەم لێ بگرن و بڵێن بۆچی بە زمانی عەرەبی گۆرانی دەڵێیت، لە كاتێكدا بە لای منەوە زۆر ئاساییە بە زمانی نەتەوەكانی دیكە گۆرانی بڵێم، من خۆیشم زۆر حەز لە گۆرانیی عەرەبی دەكەم، بەتایبەتی گۆرانییەكانی هونەرمەند فوئاد سالم.

* ئاستی هونەری كوردی بە گشتی چۆن دەبینیت؟

- بەداخەوە لە ئێستادا هونەر بە گشتی بەو شێوەیە نییە كە ئێمە ئارەزووی دەكەین، ئەمەش تەنیا بۆ ئێمە نییە، بەڵكو بۆ گشت نەتەوەكانی دەوروبەریشمان بە هەمان شێوەیە، دیارە ئەمەش هۆكاری جیاجیای هەیە، لەوانە رەنگە پێشكەوتنی تەكنۆلۆژیا و زۆربوونی كەناڵەكان و سۆشیال میدیا بێت، بەڵام هونەری رەسەن هەوادار و عاشقی خۆی هەر ماوە، بەڵگەشمان ئەوەیە كە ئێستا ئەو بەرهەمانەی بەر لە دەیان ساڵە پێشكەش كراون هەوادار و گوێگری خۆیان هەیە لە هەموو تەمەنەكان، هەروەها زۆر لە هونەرمەندە گەنجەكان بەشێكی زۆری گۆرانی و بەرهەمە كۆنەكان بە دەستكاری و نوێكارییەوە دووبارە دەكەنەوە، هەندێكیان تێیدا سەركەوتوو بوون و هەندێكیشیان وەكو پێویست نەبوون.

Top