ئــەی مـحـەمەدی خەمڕەوێنی ژیان لەدایكبوونت لە هەمووان پیرۆز بێت

ئــەی مـحـەمەدی خەمڕەوێنی ژیان لەدایكبوونت لە هەمووان پیرۆز بێت

 

 

كوردەواری بۆ هەندێك لە مانگەكانی ساڵی كۆچی ناوی تایبەتی داناوە، بۆ نموونە كورد بەمانگی (ربیع الاول) دەڵێت «مانگی مەولوود»، چونكە لەو مانگەدا پێغەمبەر (دروودی خودای لەسەر بێت) لەدایك بووە.

ئەم یادكرنەوەی لەدایكبوونە دیارە لە سەردەمی پێغەمبەر (دروودی خودای لەسەر بێت) خۆیدا نەبووە، بەڵام دواجار لەگەڵ تێپەڕبوونی كاتدا پێویستی كردووە كە لە ڕۆژی لەدایكبوونیدا ئەم یادە بكرێتەوە.

دیارە ئەم یادكردنەوەی ڕۆژی لەدایكبوونی پێغەمبەر (دروودی خودای لەسەر بێت) زۆربەی زۆری مێژوونوسانی كۆن و نوێ، ددان بەوەدا دەنێن كە ئەو كەسەی كە بۆ یەكەمین جار ئەم یادەی داهێنابێت و، بە شێوازێكی شایان ئەم یادەی كردبێتەوە، (سوڵتان موزەفەر) بووە.

 لە بارەی سوڵتان موزەفەرەوە (ئیبن خەلەكان) كە زانایەكی كوردە دەڵێت: «نازناو و ژیاننامەی ئەم پیاوە كەسایەتییەكە كە بە درێژایی مێژووی خۆمان كەسێكی وامان نەدیوە، ئەوەندە خێرخواز بێت، كەسێك بووە كاری نامۆ و كاری دژ بە شەرعی قەت لێ نەبینراوە و، هەرگیز نەیهێشتووە كاری ناپەسند و كاری ناشەرعی لە سنووری مەملەكەتەكەی ئەودا ڕوو بدات.»

دواتر ئیبن خەلەكان دەڵێت: «سوڵتان موزەفەر زۆر خاكی بووە، زۆر حەز و خۆشەویستیی بۆ زانایان هەبووە، بۆیە خەڵاتی ئەو كەسانەی كردووە كە مەدحی پێغەمبەریان كردووە (دروودی خودای لەسەر بێت).»

 شێوازی مەولوود لە سەردەمی سوڵتان موزەفەردا بەم شێوازە ساكارەی ئێستا نەبووە، بەڵكو بۆ ئەم یادە ئەو كات لە تەواوی مەملەكەت و ئیمارەتەكانی دیكەوە خەڵك بانگ كراون بۆ هەولێر، بەشێكی چالاكییەكان بریتی بوون لە خوێندنەوەی سروود و مەدایحی نەبەوی، بەشەكەی دیكەی بریتی بووە لە سازكردنی كۆڕ و سیمیناری جۆراوجۆر و خستنەڕووی دەستنووسی تازە و، مێزگردی نێوان زانایان و، نمایش و مانۆڕی سوارچاكان و سەربازان و هێزی دەوڵەت، تەنانەت خەڵك لە وڵاتانەوە لەیەكی موحەڕەمەوە بەڕێ دەكەوتن و تا دوانزەی (ربیع اول) نزیكەی دوو مانگ و دە ڕۆژ لە هەولێر كۆبوونەتەوە، ئنجا لە ڕۆژی مەولووددا ئەم یادە كراوەتەوە، كە یادێك بووە شایەنی خاوەنی یادەكە بێت، وەك ڕازاندنەوە و نوێكردنەوەی شار و، دروستكردنی گومەزی شاند و وەفدە هاتووەكان و، بۆ ئەو شاندە میوانانەی كە هاتوون و شوێنی تایبەت بە خۆیان هەبووە لەو یادەدا.

(سوڵتان موزەفەر) كە ئەم یادكردنەوەیەی داهێناوە، خۆی زانا بووە بە دین و، ئاشنایەتیی زۆری بە مەجلیسی زانایان بووە و، حاكمی شار و وڵاتیش بووە، جا چونكە یادی مەولوود دەربڕینی خۆشییە بە لەدایكبوونی پێغەمبەر(دروودی خوای لەسەر) لە (12)ی ڕەبیعی یەكەمدا، وەك یادێكیش كە بۆ یەكەمین جار لەسەر ئاستی جیهانیی ئیسلامیدا، هەولێری سوڵتان موزەفەری سەردەمی دەسەڵاتی ئەیووبییەكان پێی هەستاوە.

ئیمامی(ئەلسیوتی) و زانایانی دیكەی وەك ئیبن كەسیر و حافزی زەهەبیی و زۆرێكی دیكەش، باسیان لە چاكی و پاكیی سوڵتان موزەفەر كردووە.

لەم یادەدا كاتی خۆی سوڵتان موزەفەر داوەتی زۆرێك لە فەرمانڕەوایانی بەغدا و مووسڵ و شوێنانی دیكەی دەكرد و، خەڵك لە سەرەتای موحەڕەمەوە هەتا ڕەبیعولئەوەل بەرە و هەولێر دەهاتن و، لە ڕۆژی یادەكەشدا وێڕای پێدانی خۆراك بۆ هەژاران، زانایانی ناودار باس و توێژینەوەیان پێشكەش دەكردو، سەربازانیش نمایشیان دەكرد و، خاوەن بەهرەكان تواناكانی خۆیان دەخستە ڕوو.

 نوێكردنەوەی یادی مەولوود

ئەمڕۆش وەك ئێمە ساڵانە ئەم یادە زیندوو دەكەینەوە، جێگەی خۆیەتی و پێویستییەكی زۆری بە نوێكردنەوە و هاوچەرخكردنی هەیە، بە مەبەستی پیشاندانی ڕووی زانستی و هاوچەرخانەی ئەم یادە لە كوردستان بە گشتی و، لە هەولێری لانكەی یەكەم جاری یادەكەشدا بە تایبەتی، بۆ ئەمەش لیژنەی ئەوقاف و كاروباری ئایینی لە پەرلەمانی كوردستان، بە هەماهەنگیی لەگەڵ یەكێتیی زانایانی ئایینی و، وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی، دەتوانن چەند هەنگاوێك بنێن لە ڕێگەی:

یەكەم: دامەزراندنی دەستەیەكی باڵا لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان، بە ناوی (دەستەی باڵای یادی مەولوود)، كە پێك بێت لە:

وەزارەتی ئەوقاف - سەرۆك

نوێنەری وەزارەتی تەندروستی - ئەندام

نوێنەری وەزارەتی شارەوانی - ئەندام

نوێنەری دەستەی ژینگە - ئەندام

دووەم : وەزارەتی ئەوقاف بەرپرس بێت لە :

1- سازكردنی ئاهەنگێكی ساڵانەی نێودەوڵەتی بۆ یادی مەولوود، وەك بەردەوامیدان بە كارەكانی سوڵتان موزەفەری فەرمانڕەوای داهێنەری یادی مەولوود.

2- بانگهێشتكردنی زانایانی شارەزا و تیپە جیهانییەكانی مەدائیح و ستایشكردنی پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەر) بۆ هەرێمی كوردستان و، سازكردنی هەفتەیەكی ڕۆشنبیری بە هاوكاریی یەكێتی زانایانی ئایینیی ئیسلامی كوردستان.

3- پێداچوونەوە بە تیپەكانی خوێندنەوەی مەولوود، لە ڕێگەی تۆماركردن و مۆڵەتپێدانیان، بە چەند مەرجێكی زانستی و هونەری بە مەبەستی:

هەڵسەنگاندنی شەرعیی ئەو هۆنراوانەی دەكرێنە سروودی ئایینی، لە ڕووی وشە و ماناوە، پەسەندكردن و خەڵاتكردنی دانەرانی هۆنراوە و ئاوازی نوێ و شایان بە پێگەی یادەكە.

ڕێكخستن و كۆبوونەوەی تیپەكان لە كۆمەڵەیەكدا بە نێوی (كۆمەڵەی مەولوودخوێنانی كوردستان).

سێیەم : لیژنەی شارەوانی و تەندروستی و ژینگە كە بەرپرس بن لە:

1- چاودێریكردنی جۆری ئەو خواردەمەنییانەی كە دەخرێنە بازاڕ بۆ یادی مەولوود.

2- ڕێگرتن لە بەكارهێنانی فلیكس و نایلۆن وەك لافیتە و، پابەندكردنی هاووڵاتیان بە نووسین لەسەر لافیتەی كارتۆنی، یان پەڕۆ، بە مەبەستی پاراستنی ژینگە.

3- تەرخانكردنی شوێنی شیاو بۆ هەڵواسینی پۆستەر و لافیتەكان.

4- پابەندبوون بە كۆكردنەوە و هەڵگرتنەوەی لافیتە و پۆستەرەكان لەلایەن دانەرانیەوە، بە مەبەستی ڕێزگرتن لە نووسینەكان و، پاراستنیان لە تێكچوون.

 چوارەم: لەسەر ئاستی هەر پارێزگایەكی هەرێمیشدا، لیژنەیەكی ڕاپەڕاندن پێك بهێنرێت لە دەزگا پەیوەندیدارەكان بۆ هەمان مەبەست.

 لەم بۆنەو یادە پڕ شكۆیەدا گرنگە ئەو ڕاستییە بزانین كە پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەر) بە فەرموودەكانی فێری كردووین كە نابێت ژینگە پیس بكەین، چونكە ئەو خۆی فەرموویەتی : (وجعلت لي الارض مسجدا وطهورا)

ئەم زەوییە خۆی مزگەوتە و خاكەكەیشی تەیەمومی پێ دەكەین و، ناكرێت لەو یادەدا هەركەس شتێكی خوارد، كاغەز و پاشماوەكەی فڕێ بداتە سەر زەوی .

ناكرێت ئەم هەموو لافیتانە لە سەر فلیكس و نایلۆن بنووسرێن، كە تا دوای سەدان ساڵیش شی نەبنەوە و، دوای ئەو یادەش بەكارناهێنرێن و فڕێ دەدرێن و، زیان بە زەوی خاك دەگەیەنن.

بۆیە دەبێت نووسینی لافیتەكان لەسەر كارتۆن، یان لەسەر كاغەز، یان لەسەر پەڕۆ بێت، وەكو جاران، بۆ ئەوەی ژینگە بپارێزرێت، هەروەها شوێنی تایبەت بەم پۆستەرانەش دیار بكرێت، چونكە ناكرێت دیوارەكانی شار بشێوێنین و، نەزانین كێ ئەم لافیتانە كۆ دەكاتەوە و چۆن كۆدەكرێنەوە، یان بە چ شێوازێك كۆدەكرێنەوە و چۆن هەڵدەگیرێن و مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت؟

ئەمە مەسەلەیەكە كە وردەكاریی زیاتری دەوێت، لەسەر ئاستی هەر پارێزگایەكیش دەتوانرێت دەستەیەكی ڕاپەڕاندن هەبێت،كە بەم شێوازە ئەم كارە ئەنجام بدات، واتە ئەمە بیرۆكەیەكە بۆ ئەوەی كە یادكردنەوەكە نوێ بكەینەوە.

 پڕۆژەی پێكهێنانی (دەستەی باڵای یادی مەولوود) وا دەكات كە (وەزارەتی ئەوقاف) لایەنی جێبەجێكار بێت لە ڕەهەندە كردەییەكاندا و، یەكێتیی زانایانیش ڕۆڵی چاودێریی هەبێت لە پڕۆسەی یادكردنەوەكەدا.

 هەموو ئەمانەش بۆ ئەوەیە كە یادی مەولوود ڕەهەندێكی نێودەوڵەتی وەربگرێت و، ساڵانە لە ژێر چاودێریی وەزارەتی ئەوقاف و یەكێتیی زانایان و پارێزگارەكاندا بكرێت و، تیپە بەناوبانگەكانی مەولوود لە سەرتاسەری جیهانەوە بانگهێشت بكرێن و، بە ئامادەبوونی بیرمەندانی جیهان هەفتەیەكی ڕۆشنبیریی ئایینیی جیهانی تێدا ساز بكرێت و، كۆڕبەندێكی ئەدەبی بۆ شیعر و پەخشان لەخۆ بگرێت، بۆ بەرزڕاگرتنی پێگەی خاوەنی یادەكە (محەممەد - دروودی خوای لەسەر).

لەدایكبوونت پیرۆز

ئەم هۆنراوەیەشم لەساڵی 2008دا نووسیوە بۆ یادی لەدایكبوونی (پێغەمبەر) (دروودی خوای لەسەر)، هەر لەم بۆنەیەشدا پێشكەشی خوێنەرانی گۆڤاری (گوڵان)ی دەكەم

(1)

ئەی محەممەدی خەمڕەوێنی ژیان

لەدایكبوونت پیرۆز لە هەمووان

هەوری ڕەحمەتی ئاسمانی شاری

بۆ شادیی خەڵكی، ماندوو و خەمباری

(2)

ئەی پێغەمبەری دادو تەبایی

ڕێ نیشاندەری، ئاشتی و برایی

تۆ خۆشەویستی لای هەموومانی

خاوەن پەیامی ئازادی و جوانی

(3)

ئەی سۆزو ڕەحمەت بۆ گشتمان هەموو

ئومێدی دڵی مرۆڤی ماندوو

تۆ خەندەت خستە، سەر لێوی هەمووان

هەناسەت دایە، سپێدەی بەیان

(4)

ئامێزی گەرمی خەڵكی بێ نەوا

مەشخەڵی ڕێگا و چرا لە شەوا

تۆ سروەی ناز و سەرچاوەی شادیت

سروودی ژیان و بانگی ئازادیت

(5)

ئەی محەمەدی سەروەری دنیا

بۆ ئێمە ژیای، نەك بۆ خۆت تەنیا

بە قەد گوفتار و كردەوەی چاكت

دروود و سەلام لەگیانی پاكت

(6)

تۆ بەخێرهاتی، تۆ خێرت هانی

نمەی باران و كانیاوی ژیانی

تۆ فێرت كردین، بە ئاكار و دین

بۆ خواپەرستی و خۆشیی گەل بژین

Top