لە پێناو پاراستنیان لە توندوتیژی و جیاكاری، خانمان بۆ بە دەستهێنانی داهاتی خۆیان خەبات دەكەن

لە پێناو پاراستنیان لە توندوتیژی و جیاكاری، خانمان بۆ بە دەستهێنانی داهاتی خۆیان خەبات دەكەن

 

 

بە درێژایی مێژوو ئافرەتان ڕۆڵێكی گەورە و بەرچاویان لە پێشخستن و گەشەپێدانی كۆمەڵگەدا هەبووە و، لە سەرجەم كایەكانی ژیانی كۆمەڵایەتیدا هاوشانی پیاوان لە مەیدانی خەبات و كاركردندا بەشدار بوون. كاركردنی ئافرەتان هەمیشە لە كۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتییەكاندا جێی مشتومڕ و گفتوگۆكردنە، سەرەڕای ئەوەی یاسا و ڕێككەوتنامە نێودەوڵەتییەكان جیاوازی لە نێوان ئەرك و مافی ئافرەت و پیاوی كاركەر ناكەن،كەچی لە عێراق و هەرێمی كوردستان لە ڕێژەی بێكاریی گشتیدا ڕێژەی ئافرەتانی بێكار بەرزترین ئاستی تێپەڕاندووە، لەم ڕوانگەیەوە بەشێكی خانمان بێ گوێدانە ڕێگرییەكان، ڕچەشكێنن و هەوڵ دەدەن بۆ ئەوەی ئافرەتانی دیكەش بتوانن بە هەمان شێوە ببنە خاوەنكار و داهاتی خۆیان، لەم ڕاپۆرتەی گۆڤاری گوڵاندا باس لە گرنگیی بەشداریی ئافرەت لە پرسی ئابووری دەكەین و بەشداربووانی ڕاپۆرتەكەش لە دیدی جیاوازەوە باس لە بابەتەكە دەكەن.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

«كە مێردم كرد، هەر زوو خوای گەورە دوو كوڕی دووانەی پێ بەخشین، بەڵام بۆ ماوەی چوار ساڵ بە كولەمەرگی لەگەڵ هاوسەرەكەم ژیام و، لەبەر خاتری ئەو دوو منداڵە زۆر شتی ناخۆشم قبووڵ كرد. ئەو هیچ سیفەتێكی پیاوەتی نەبوو، تەنانەت هەوڵی ئەوەی دا، كاری لەشفرۆشیم پێ بكات، كاتێك ویستم لێی جیا ببمەوە، كەسوكارم بەتایبەت خوشك و براكانم دژم وەستانەوە، چونكە دایك و باوكم لە ژیاندا نەمابوون، منیش ئەو كات هیچ داهاتێكم نەبوو، زۆر لە خوشك و براكانم پاڕامەوە یارمەتیم بدەن و، من و منداڵەكان بگرنە خۆ، بەڵام كەس هاوكاریی نەكردم، دواجار هاوسەرەكەم بە تۆمەتی دزی گیرا، منیش دەرفەتی ئەوەم بۆ ڕەخسا بە شێوەی خولع لێی جیا بوومەوە، دادگا منداڵەكانی پێدام، بەڵام كەس ئامادە نەبوو، ئێمە بەخێو بكات، بە ناچاری منداڵەكانم دران بە خەسووم، چونكە ئەوكات بابیان لە بەندیخانە بوو، شەوان تا بەیانی بۆ منداڵەكانم دەگریام، دوو ساڵ تێپەڕی بێ ئەوەی بیانبینم، كە منداڵەكانیش گەورە بوون، نەیانویست من ببینن، هەمیشە دەیانگوت تۆ ئێمەت فڕێ داوە و ئێمەت نەویستووە، كە منداڵەكان خرانە بەر خوێندن ڕۆژانە دوور بە دووری لەسەر ڕێگەی قوتابخانە تێر تێر تەماشام دەكردن و، حەزم دەكرد لە باوەشیان بگرم و بۆنیان بكەم، بەڵام نەمدەتوانی ئەوە بكەم، چونكە ماڵی خەسووم منداڵەكانیان وا فێر كردبوو كە من ژنێكی خراپم.» ئەوە قسەی ئیلهام حاجی بوو. ئەو ئافرەتێكی تەمەن 40 ساڵە وەك خۆی باسی دەكات «بەهۆی ئەوەی خاوەن كار و داهاتی خۆی نەبووە، نەیتوانیوە دایكایەتی بۆ منداڵەكانی بكات».

تاڤان حەكیم، پارێزەرە لە دادگای بەرایی ڕانیە، سەرەتا باسی ئەوە دەكات كە «ڕۆژانە ژمارەیەك لەو ژنانەی لە دەرەوەی ماڵ كاردەكەن، ڕووبەڕووی توندوتیژیی مەعنەوی دەبنەوە، لە كاتێكدا ژنان كۆڵەكەیەكی گرنگ و سەرەكی و چالاكی كۆمەڵگەن».

ئەو خانمە پارێزەرە جەخت لەوە دەكاتەوە كە «كاركردنی ژنان دەبێتە هۆی سەربەخۆیی ئابووری لە خێزاندا و پاڵپشتییەكی گرنگی داراییە بۆ خێزانەكان، هەروەها ژن بەكاركردنی لە دەرەوەی ماڵ ئاستی گوزەران و پێشكەوتنی وڵاتەكەشی بەرزدەكاتەوە و زیاتر بە دونیای دەرەوەی ماڵ ئاشنا دەبێت. هەمیشە ژنان بە درێژایی مێژوو بەو توانا هزری و جەستەییەی خۆیان داهێنانیان لەسەرجەم بوارەكانی كاركردندا كردووە و، توانای خۆیان سەلماندووە.» گوتیشی: «ژن هەمیشە قوربانیی داوە لە پێناو پێشكەوتنی كارەكەی و خۆشگوزەرانیی خێزانەكەی، بۆیە بە بڕوای من كاركردنی ژنان یەكێكە لە گرنگییەكانی پێشكەوتنی مرۆڤایەتی و كۆمەڵگە و دەتوانرێت نەوەكانی داهاتوو وا پەروەردە بكرێن كە نەبنە مشەخۆر و بارگرانی بەسەر شانی كۆمەڵگەوە، پیاوان و كۆمەڵگەش دەرك بە گرنگیی كاركردنی ژنان لە دەرەوەی ماڵدا بكەن، بە جۆرێك ئەو ئەقڵییەتە واز لێ بێنن كە ژن تەنیا بۆ بەخێوكردنی منداڵ و كاری ناوماڵ دروست كرابێت. زۆرێك لە پیاوانیش لەگەڵ كاركردنی ئافرەتدان، بە بڕوای من ئەمە پێشكەوتنە و هەنگاو و بەرەوپێش چوونە، بەڵام تەنیا بە خودی ئافرەت خۆی دەكرێت كە ڕووبەڕووی بەربەست و تانە و تەشەری كۆمەڵگە ببێتەوە، هەروەها داوا دەكەم لە ژنان كاركردن بە مافێكی خۆیان بزانن، نەوەك دوای كۆتاییهاتنی قەیرانی دارایی لە هەرێمی كوردستان واز لە كاركردن بێنن، تا پیاوان بیانژێنن ».

پڕۆفیسۆری یاریدەدەر د. عەبدولڕەزاق ناوەندەیی، سەبارت بە هەمان پرس هێما بۆ ئەوە دەكات كە ئافرەت دایكە، هاوسەرە و خوشكە، ئافرەت پێشمەرگەیە، ئافرەت بە درێژایی مێژوو ئاشتیخواز بووە، ئافرەت لە هەموو بوارەكانی ژیان شان بە شانی پیاو كار دەكات، لێرەدا دەردەكەوێت ئافرەت نیوەكەی تری كۆمەڵگەی مرۆڤایەتییە و لە هەمان كاتدا نیوەی پشكدارێتی بەشداریكردنی شانبەشانی پیاو لە دروستبوونی مێژوو و دروستبوونی شارستانیەت لەسەر ڕووی زەمین، بەو پێیە ئافرەت لەگەڵ تێپەڕبوونی قۆناغەكانی مێژوو بەردەوامبوونی ژیانی مرۆڤایەتی و جەنگە دژوارەكان بە بەردەوامی هەبووە و هەیە، تا ئێستاش لە بەرەنگاربوونەوە بەردەوامەوە و هەولێداوە دژی ئەو جیاكارییانەی دێنە بەردەمی بوەستێتەوە، زۆرجار ئافرەت وەك مرۆڤ سەیر نەكراوە، هەر ئەوەش وای كردووە ئافرەت بە كەم سەیر بكرێت و لەلایەكی دی لەسەر ڕێ لابردنی و بێبەشبوون لە مافەكانی.» هاوكات دەڵێت: «ئەگەر بڕوانینە دابونەریتی گەلەكەمان دەبینین دابونەریتی كوردەواری لە بنەڕەتدا گرنگییەكی زۆری بە ئافرەت داوە، بۆ نموونە ئافرەت سەربەستە لە شایی و هەڵپەڕكێدا بە خۆی كەسێك دەستنیشان دەكات تاوەكو لە شایی و هەڵپەڕكێ بچێتە دەستی، گشت ئایینە ئاسمانییەكان سەرەڕای جیاوازیی نێوانیان گرنگیی زۆریان بە ئافرەت داوە، بۆ نموونە ئایینی پیرۆزی ئیسلام پێگەی ئافرەتی دیاری كردووە و، مافەكانی لە ڕووی مرۆڤایەتی و شارستانیەت و ئابووری بۆ دیاری كردووە، كە لە كۆمەڵك سورەتی قوڕئان باسی لە گەورەیی ئافرەت و مافەكانی كردووە»

Top