هەڵمەتێكی هەڵبژاردنی هێمن و ئاست بەرز . . . سەركەوتنێكی گەورە بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان

هەڵمەتێكی هەڵبژاردنی هێمن و ئاست بەرز  .  .  .    سەركەوتنێكی گەورە بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان

 

بڕیاری گەل شكۆی هەرێمی كوردستانی گێڕایەوە بۆ دەستێكی ئەمین

 

لە هەڵبژاردنەكانی ئەم جارەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر ئاستی چوار هەفتەی بانگەشەی گەرمی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن، وەرچەرخانێكی گەورەی دروست كرد و، زۆر بە هێمنی و بە ئاستێكی بەرزی بڕوا بەخۆبوون هەڵمەتەكانی درێژە پێدا و هەم كۆتایی بە سەردەمی جنیۆ و تەشهیر هێنا، هەم كۆتاییشی بەو ژینگە ناتەندروستە هێنا بەوەی «دژی پارتی بە، بۆ ئەوەی دەنگ كۆبكەیتەوە»، بەمەش ژینگەیەكی تەندروستی بۆ سەقامگیریی پرۆسەی سیاسی و ئاشتیی كۆمەڵایەتی لە كوردستان دروست كردەوە، هەر ئەمەش هۆكاری ئەوە بوو كە گەلی كوردستان لە سەر سندوقەكانی دەنگدان سوپرایزی سەركەوتنێكی گەورە بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان تۆمار بكەن.

ئەم سەركەوتنە گەورەیە كە بەپێی ئاكامە بەراییەكانی سندوقەكانی دەنگدان دەگاتە ڕێژەی «50+1» كۆی دەنگدەرانی گەلی كوردستان بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە گەلی كوردستان متمانەیەكی گەورەی بە پارتی دیموكراتی كوردستان و ڕێبەرەكەی مسعود بارزانی هەیە و، گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی كە پارێزەری ڕاستەقینەی گەل و خاكی هەرێمی كوردستان، تەنیا پارتی دیموكراتی كوردستانە، ئەوجا ئەم پاراستنە ڕۆژانێك پێویستی بە داستانەكانی «پردێ و سحیلا و مەحموودیە» بووبێت لەسەر دەستی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، یان ڕۆژانێك پێوستی بە خەباتی پەرلەمانی و داكۆكیكردن لەسەر مافە دەستوورییەكانی گەلی كوردستان بووبێت لەناو تەلاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، ئەوا ئەو ئەركەش هەر ئەو پەرلەمانتارانە ئەنجامیان داوە كە كاندیدی پارتی و بارزانی بوون و بە دەنگی گەلی كوردستان نوێنەرایەتیی خەڵكی كوردستانیان كردووە.

بۆ ئێستای پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا كە «عێراق» وەك دەوڵەت لە دووڕێیانی بەرەو «بونیادنانەوەی دەوڵەت و، پاشاگەردانی و نادەوڵەتی»دایە، ئەم متمانەیەی گەلی كوردستان بۆ سەرۆك بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان، نەخشە ڕێگەیەكی تازە بۆ «بەشداری و هاوسەنگی»ی گەلی كوردستان لە ناو پرۆسەی سیاسیی داهاتووی عێراق دروست دەكاتەوە و، زەمینە و ژینگەیەكی تەندروست دێنێتە ئاراوە بۆ ئەوەی تەواوی هێز و لایەنە سیاسییەكان و نوێنەرانی پێكهاتە جیاوازەكانی كوردستان بە یەكڕیزی لە چوارچێوەی ئەو نەخشە ڕێگە تازەیەدا خۆیان لە ناو پرۆسەی سیاسیی عێراقدا ببیننەوە و، داكۆكی لە مافە دەستوورییەكانی خۆیان بكەن و، وەك تەواوی سەركردەی هێزە سیاسییەكانی عێراقیش «بە سوننە و شیعە»وە ئەو قەناعەتەیان لا دروست بووە، كاتێك بارزانی نوێنەرایەتیی خەڵكی كوردستان دەكات و، وشەی كۆتایی دەبێتە بڕیاری سەرۆك بارزانی بۆ شێوازی بەشداریی گەلی كوردستان لە ناو پرۆسەی سیاسیی عێراقدا، ئەوا زۆر بە ڕاشكاوی ئەوەیان ڕاگەیاندووە كە «سەرۆك مسعود بارزانی ئەو ڕابەرەیە بڕوایەكی گەورەی بە چارەسەری ئاشتییانەی تەواوی كێشەكانی عێراق و كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا هەیە، بەڵام هەرگیز لەسەر مافە دەستوورییەكانی گەلی كوردستان سازش ناكات.

گەلی كوردستان بە دووبارە پێدانەوەی ئەم متمانە گەورەیە بە پارتی دیموكراتی كوردستان، جارێكی دیكە بۆ تەواوی هێز و لایەنە سیاسییەكانی عێراقیان دووپات كردەوە، كە قسە و بڕیاری كۆتایی بۆ بەشداریی گەلی كوردستان لە پرۆسەی سیاسیی داهاتووی عێراقدا هەر لای سەرۆك بارزانی-یە و هەر سەرۆك بارزانی ئەو دەستە ئەمینەیە كە لەسەر بنەمای بەرنامەی داهاتووی هاوپەیمانیی لایەنەكان بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق بڕیار دەدات، نەك لە سەر ناوی ئەو كەسەی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی حكومەتی عێراق ڕادەسپێردرێت.

كاریگەریی ئەم متمانە گەورەیەی گەلی كوردستان كە جارێكی دیكە دایەوە بە پارتی دیموكراتی كوردستان، هێز و لایەنە سیاسییەكانی عێراق بە گشتی و، هیز و لایەنە سیاسییەكانی شیعەی بەتایبەتی خستووەتە بەردەم دووڕێیانێكی زۆر چارەنووسساز، ئەویش ئەوەیە: یان دەبێت لە سەر ئەو نەخشە ڕیگەیە پرۆسەی سیاسیی عێراق ڕێك بخرێتەوە كە پێش زیاتر لە 10 ساڵ سەرۆك مسعود بارزانی بە ناوی «ڕێككەوتنی هەولێر بۆ پێكهێنانی حكومەتی عێراق» ئیمزای لەسەر كردووە و، ئەو ڕێككەوتنە داوای ئەوە دەكات كە كۆی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا لە چوارچێوەی دەستووری عێراق ڕێك بخرێتەوە و دەستوور وەك یەك پاكێج جێبەجێ بكرێت و بە ئینتقائییانە مامەڵە لەگەڵ دەستوورەكە نەكرێت، یان ئەوەیە وەك بینیمان دوای پێشێلكردنی «ڕێككەوتنی هەولێر» عێراق بەرەو چ كارەسات و شكستێك هەنگاوی هەڵگرت و، ئێستاشی لەگەڵدا بێت، نەیانتوانیوە ئەو شكستە ڕاست بكەنەوە، ئەم شكستەی دەوڵەتی عێراق لەسەر ئاستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ددانی پێدا نراوە، هەر بۆیە لە ئێستادا ڕێكخراوی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و دەوڵەتانی هاوپەیمانی دژی تیرۆریستانی داعش، هەموو هیوای خۆیان لە سەر ئاكامی ئەم هەڵبژاردنە داڕشتووە و، داوا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كراوە، شەرعییەتی ئاكامی ئەم هەڵبژاردنە پەسەند بكات، ئەمە مانای ئەوەیە هەوڵەكان بۆ دووبارە بونیادنانەوەی عێراق وەك دەوڵەتێكی فیدڕاڵی و جێبەجێكردنی دەستووری 2005 وەك یەك پاكێج و ڕێكخستنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و دەوڵەتی فیدڕاڵیی عێراق، دەچێتە ئاستێكی نێودەوڵەتی و، پشتیوانیی نێودەوڵەتی بەو ئاراستەیە هەنگاو هەڵدەگرێت كە سەرۆك بارزانی لە «ڕێككەوتنی هەولێر 2011» نەخشەی ئەو دەوڵەتە فیدڕاڵییەی تێدا داڕشتووە.

ئەم ئاراستەیە ئەوەمان پێ دەڵێت: دەنگدانی گەلی كوردستان بە پارتی و بارزانی، پشتیوانییەكی گەورەی بۆ ئیرادەی خەڵكی كوردستان دروست كردەوە و، گەلی كوردستان سەلماندیان متمانەیان بەو ڕێبەرەیە كە بڕوای بە ئاشتییە و سازش لەسەر مافەكانی گەلی كوردستانیش ناكات.

لایەنی دەسەڵاتدار و ئەو لایەنەی كە بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق ڕادەسپێردرێت، یەكێك لەو لایەنە شیعەیانە دەبێت كە پێش ڕاسپاردنی بۆ پێكهینانی حكومەت دەبێت هاوپەیمانییەكی گەورە لە ئەنجومەنی نوینەرانی عێراق پێكبهێنێت، ئاشكراشە پێكهێنانی هاوپەیمانیی گەورەش «بۆ پێكهێنانی حكومەت» وەك لە دوای ساڵی 2003وە هەر بەو جۆرە كە بێ ڕەزامەندیی بارزانی دروست نابێت، ئەوا ئەمجارە ڕازامەندیی بارزانی دەبێتە دوایین دەرفەت بۆ حوكمڕانیی شیعە لە عێراقدا و ئەگەر ئەو بەرنامەیەی بۆ حكومەتی داهاتووی عێراق دایدەڕێژن و ئەو بەڵێنانەی بۆ جێبەجێكردنی دەستوور وەك یەك پاكێج ئیمزای لەسەر دەكەن.

كەرنەڤاڵی سەركەوتنی گەلی كوردستان و ئەو متمانە گەورەیەی بە پارتی دیموكراتی كوردستانیان بەخشی، لەوە گەورەترە، پشكی گەلی كوردستان لە تەواوی پرۆسەی سیاسیی عێراقدا (سەرۆك كۆمار و ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمان) چەند دەبێت و، چ پۆستێك بە‌ نوێنەرانی گەلی كوردستان دەدرێت، بەڵكو بە پێچەوانەوە مەرجی سەرۆك مسعود بارزانی بۆ بەشداریی گەلی كوردستان لە پرۆسەی سیاسیی داهاتووی عێراقدا مەرجدارە بەوەی بەرنامەی داهاتووی هاوپەیمانیی كوتلەی گەورە بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق لەسەر بنەمای دەستوور و دووبارە گێڕانەوەی دەوڵەتی عێراق ‌بێت بۆ چوارچێوەی ئەو دەستوورەی 80%ی گەلی عێراق دەنگی پێ داوە و ئێستا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش پشتگیریی جێبەجێكردنی ئەو دەستوورە دەكات، لەگەڵ ئەوەی زۆر لە شرۆڤەوانان و چاودێرانی سیاسی لەو بڕوایەدا نین، ئاستی سەركردە سیاسییەكانی ئێستای شیعە گەیشتبێتە ئاستی كامڵبوونی ئەو دەوڵەتمەدارییەی بە ئاستی كێشەكانی دەوڵەتی عێراق بیر لە چارەسەركردنی كێشەكان بكەنەوە و عێراق وەك دەوڵەت لە هەڵدێری شكست بگێڕنەوە، بەڵام هەموو لە سەر ئەو ڕایە هاودەنگن، كە لۆژیك و لێهاتوویی بارزانی وەك دەوڵەتمەدارێكی سەركەوتوو، ئەو ئیرادەیەی هەیە ‌كە هەرێمی كوردستان لە ناو شكستی دەوڵەتی عێراقدا بپارێزێت.

جارێكی دیكە پیرۆزە ئەم سەركەوتنەی گەلی كوردستان، ڕاستە گەلی كوردستان متمانەیەكی گەورەی بە پارتی دیموكراتی كوردستان داوە، بەڵام ئەم متمانەیە تەنیا سەركەوتن نییە بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان، بەڵكو سەركەوتنە بۆ تەواوی گەلی كوردستان و گێڕانەوەی شكۆی قەوارەی هەرێمی كوردستانە بۆ دەستە ئەمینەكە كە ئەویش ڕابەرایەتیی «سەرۆك مسعود بارزانی»یە.

 

Top