ئایا ئەو هەڵبژاردنە پەرلەمانیانەی ئەنجام دران، بنیاتنانەوەی دەوڵەتێكی كارایان لە عێراق لێ دەكەوێتەوە؟

ئایا ئەو هەڵبژاردنە پەرلەمانیانەی ئەنجام دران، بنیاتنانەوەی دەوڵەتێكی كارایان لە عێراق لێ دەكەوێتەوە؟

 

(ئەگەر میللەتێك لە خواوەند هەبوایە بە ڕێگای دیموكراسی حوكمڕانیی خۆی دەكرد، ئەم جۆرە حوكمڕانییە كە گەیشتووەتە پلەی كامڵبوون بۆ ئادەمیزاد دەست نادات.)

جان جاك ڕۆسۆ

 

 1- لە پەیوەندیی نێوان دیموكراسی و هەڵبژاردندا

لە سەردەمی نوێدا چەمكی نوێی دیموكراسی كە «دیموكراسیی نوێنەرایەتی»یە، جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە دەسەڵات لە دەوڵەتدا پشت بە پرەنسیپە سیاسییەكان دەبەستێت بۆ هاووڵاتیان، واتا بە ڕای میللەت، بە تایبەتی ڕای زۆرینە، دواتر ئەمە بەندە بە مەسەلەی لێپرسینەوەی حوكمڕانان لەلایەن حوكمڕانیكراوەكانەوە، ئەم چەمكانە لە چوارچێوەی تیۆرە جیاجیاكانی دیموكراسی و جیاواز لە ئاراستەی هەڵسەنگاندندا دەركەوتن، بەڵام ئەم هەموو چەمكە جیاوازانەی دیموكراسی كۆكن لەسەر ئەوەی كە هەڵبژاردن میكانیزمێكی جەوهەری بەدەستهێنانی دیموكراسییە، هەروەها ئەركی جەوهەریی هەڵبژاردن بریتییە لە هێنانەئارای ناو بە ناوی دەستەبژێرێكی حوكمڕانی هەڵبژێردراو لەلایەن میللەتەوە، كە دەكەوێتە ژێر لێپرسینەوە و چاودێریی میللەتەوە.

هەڵبژاردن میكانیزمێكە بۆ ئەوەی بژاردە تاكییەكان بگۆڕێت بۆ بڕیارە بەكۆمەڵەكان. كەواتە هەڵبژاردن پرۆسەیەكی دیموكراسییە بۆ هەڵبژاردنی حوكمڕانان لەلایەن حوكمكراوانەوە، ئەم دۆخەش بەرجەستەكردنی بیرۆكەی «دیموكراسیی نوێنەرایەتی»یە، كە لە ناوەڕۆكدا بریتییە لە ئامادەكردنی (دەستەبژێرێك) كە بۆ ماوەیەكی دیاریكراو حوكم دەكەن، هەروەها ئەم دۆخە گوزارشتە لە مافی سیاسیی هاووڵاتی و وەدیهێنانی ئێرادەی ئازادیی تاكە كە لەسەر یەكسانی بنیات نراوە.

تێبینی ئەوە دەكرێت كە لە سایەی سەركەوتنی دیموكراسییە تازەكاندا، پرۆسەی هەڵبژاردن زیاتر كارا بوووە و ڕۆڵ و ئەركی گرنگ و پێویستی هەیە بۆ بنیاتنانی سیستەمی دیموكراسی كە گوزارشتكردنە لە ڕای میللەت. كەواتە هەڵبژاردن، هەروەك فەقیهی فەرەنسی(دۆڤرجێه) دووپاتی دەكاتەوە بریتییە لە (بناغەیەكی چەسپاوی دیموكراسی بۆ هەڵبژاردنی حوكمڕانان).

بە ڕای بیرمەند (هنتنگتن) هەڵبژاردن بریتییە لەو ڕێگایەی كە دیموكراسی كاری پێ دەكات، جا بۆ ئەوەی هەڵبژاردن كاریگەریی هەبێت، كارەكە دەخوازێت كەسانێكی شایستە لە پرۆسەی هەڵبژاردن دابنرێن، تاكو ببنە دەستەبژێرێكی حوكمڕانی بەتوانا و كارامە. چونكە هەڵبژاردن هەروەك (ماكس ڤایبەر) دووپاتی دەكاتەوە لەپێناو هەڵبژاردنی سەركردەگەلێكی سیاسییە. ئەمەش بە واتای ئەوەی كە دیموكراسیی نوێ بریتییە لە حوكمڕانیی كەمینەیەكی هەڵبژاردە لەمیانی پرۆسەی هەڵبژاردندا، هەروەها ڕۆڵی جەماوەر تایبەتە بە هەڵبژاردن لەنێو ئەو ناوانەی بەربژێرن و لەلایەن حزبە ڕكابەرەكانەوە دەخرێنە ڕوو، ئەمەش بە واتای ئەوەی كە دەنگدەران بە بڕیارەكانی تاكەكەسییان ڕای خۆیان لەسەر بەربژێران دەدەن.

لێرەدا مەسەلەیەكی گرنگ لە فیكری سیاسی دەورووژێنرێت كە بریتییە لە: چۆن دەكرێت بێ هیچ ساختەكارییەك بژاردە تاكییەكان بگۆڕدرێن (بۆ نموونە: بژاردەی دەنگدەران)، بۆ بڕیاری بەكۆمەڵی هاوكاری ( بۆ نموونە: ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان و هەڵبژاردنەكانی سەرۆك كۆمار)؟

ئەم پرۆسەی گۆڕینە لە بژاردە تاكە كەسییەكانەوە بۆ بڕیارە بەكۆمەڵەكان، ڕەشبینیی پێوە دیاردەبێت، چونكە تیۆری ئابووریی دیموكراسی دەری خستووە كە ئامانج لە گۆڕینی ئیرادە و بژاردە تاكە كەسییەكان زەحمەتە بێتە دی، ئەم زەحمەتییەش لەو گریمانەدایە كە دەڵێت: لە سیاسەتدا دەرفەتی كەم هەیە بۆ بیناتنانی زۆرینەیەكی جێگیر و بەردەوام و پەرەپێدان و جێبەجێكردنی بەرنامەیەكی چەسپاو و یەكترگری سیاسی، چونكە جیاوازییە كۆمەڵایەتییەكان زۆرو فراوانن ئەوانەشی كە مافی دەنگدانیان هەیە لە ڕووی ئەو ئاراستەوەی كە پێویستە دەنگیان بدەن، یەكگرتوو نین.

(هەڵبژاردنی عەقڵانی) دەری دەخات كە ڕێكارەكانی دیموكراسی و پرۆسەی دەنگدان پرەنسیپەكانی ئیرادەی زۆرینە پێشێل دەكەن كە ڕوون و بەردەوام و ساختە نین، پڕۆفیسۆر (ریكەر Riker) ئەم بابەتەی بەم شێوەیە ڕوون كردووەتەوە:

ئەو بڕیارانەی پەیوەستن بە كۆمەڵگەوە و لەسەر بنەمای زۆرینە وەرگیراون، ناكرێ لە ڕووی لۆژیكەوە یەكگیر بن، یان وەك ئەنجامی شتێكی گەورە وەربگیرێت وەك كۆمەڵگە، یان گەل. كێشە گەورەكەی دیموكراسی بریتییە لە بوونی ئەگەری دەستكاریكردنی ئەنجامەكانی بڕیارگەلی زۆرینە، لەسەر ئەو شێوەیەی كە جیاوازە بچووكەكان لە پەیكەربەندی و بەڕێوەچوون و ناوەڕۆكی ڕێكارەكانی وەرگرتنی بڕیار ئەنجامگەلی جیاوازیان لێ دەكەوێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەمە بەو واتایە نییە كە دیموكراسی بێ بەهایە، بەڵكو ئەو بەهایە لە پاراستنی مافەكاندا لە میانی دەنگداندا دەردەكەوێت، وێڕای ئەمەش، ئەنجامەكانی دەنگدان دەری دەخەن كە زۆرینە زۆرجار زۆرینەی ناجێگیرە و دواجار (زۆرینەی جووڵاو)مان بۆ پەیدا دەبێت.

زۆرینە بە گشتی كێشەیەكی دیكە دێنێتە ئاراوە كە ئەو كێشەیە(ئەلێكسی دی تۆكفیل1805-1859 A.de Tocqueville ) لە كتێبەكەیدا (دیموكراسی لە ئەمریكا 1856) باسی دەكات و بە (زاڵبوونی زۆرینە) ناوی بردووە، ئەمەش لە سەردەمێكی كۆنەوە بیروبۆچوونی لایەنگرانی دیموكراسی خەریك كردووە. كەواتە، لە سایەی هەلومەرجێكی دیاریكراودا دیموكراسی دەتوانێت بۆ سیستەمێك بگۆڕێت كە كەمینە كۆنتڕۆڵی زۆرینە بكات.

تێبینی ئەوە دەكرێت كە زۆرینە بە تایبەتیش زۆرینەی سادە دەبێتە بناغەیەك بۆ وەرگرتنی بڕیار كە لە دۆخی نموونەیی دوورە، پیادەكردنی ئەم بناغەیە (بناغەی زۆرینەی سادە) دەبێتە هۆی خوڵقاندنی دۆخێك كە پێی دەگوترێت «زۆرینەی ناوبەناو» دواتر بۆ دەسەڵاتی كەمینە.

لێرەدا پرسیارێكی گرنگ دێتە پێشەوە: دەتوانرێت چی بەرامبەر ئەم واقیعە بكرێت؟

پڕۆفیسۆری ئەڵمانی (مانفرید شمدت) دەڵێت: نابێت هیچ نەكرێت، چونكە ئەو شتە خۆی لە خۆیدا سەركێشییە، بە شێوەیەك نابێت دەستبەرداری پرۆسەی دیموكراسی بین (پرۆسەی دەنگدانی دیموكراسی)، بۆیە چارەسەرێكی مامناوەندی هەیە بۆ ئەم مەسەلەیە، ئەویش (فراوانكاری لە پرەنسیپی زۆرینە) لە میانی چارەسەركردنی ململانێیەكان لە ڕێی وتووێژی دیموكراسی، یان كێبڕكێی دیموكراسی، یان بەكارهێنانی ڕێگایەكی تازەی پرۆسەی دەنگدان وەك ڕێكخستنی گرووپەكانی پلەبەندی، كە ڕێگە بە دەنگدەران دەدات كە گوزارشت لە بژاردەی تەواوی خۆیان بكەن و، لە بژاردەكان قوتاریان دەكەن كە پەیوەستن بە ڕێكەوت و دەنگدان و ڤیتۆ و دەنگدانی مەرجدار بە پێدانی باج.

تیۆری ئابووریی دیموكراسی لە هەڵبژاردنە عەقڵانییەكاندا ڕاسپاردەی لایەنە باشەكانی لیبڕاڵییەت و دامەزراوەكان دەكات، (بۆ نموونە: كۆتوبەندی قەبارە و ئاستی بڕیارە بەكۆمەڵەكان وەك كۆتكردنی توندی قەبارە و ئاستی دەسەڵاتەكانی حكومەت، دڵنیایی بە نەگۆڕینی مافە بنەڕەتییەكانی هاووڵاتی).

هەروەها پێدانی ماف بە هاووڵاتیان كە دەستپێشخەری بكەن لە پێشنیازكردنی دەركردنی بڕیارەكان، هەروەها پێدانی ماف بە هاووڵاتیان لە ڕاپرسیی میللی لە سەر هەموو یاساكان، یان هەندێكیان).

دیموكراسی وەك چەمك ناكرێ تەنیا (دەسەڵاتی زۆرینە) دیاری بكات، چونكە لە لایەك چەمكی زۆرینە فرەواتایە، لە لایەكی دیكەوە دەركردنی بڕیار بە شێوەی دیموكراسی دەكرێت، یان لە ڕێگەی كۆدەنگی، یان لە ڕێگەی چارەسەری مامناوەند دەبێت، هەروەها دیموكراسیی زۆرینە دەكرێ ببێتە (دیموكراسیی ئازاد)، ئەویش بە لێككەوت لەگەڵ پرەنسیپەكانی دیكە، وەك: مافی كەمینەكان، واتا مافی ئۆپۆزسیۆن، مافە بنەڕەتییە جێگیرەكان، دادگا دەستوورییەكان كە دەتوانن دەسەڵاتی یاسادانان لە سنووری خۆی بوەستێنێت كە پشت بە پرەنسیپی زۆرینەی دیموكراسی دەبەستێت، جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان وەك هاوسەنگییەك لە نێوان دەسەڵاتەكاندا، بۆیە پرەنسیپی زۆرینە بووەتە مەرجێكی پێویست بۆ جێبەجێكردنی دیموكراسی و ئەركی یاسادانان و جێبەجێكردنی دەوڵەت، هەروەها بووە بە ئامرازێكی هونەریی ئەو ڕێكارانەی دەبنە هۆی بنیاتنانی ڕای یەكگرتوو لە چوارچێوەی كۆمەڵگەیەك كە بەرژەوەندییە دژ بەیەكەكانی تێدایە.

كەواتە پرەنسیپی زۆرینە بریتییە لە بناغەیەكی بنەڕەتیی بنیاتنانی بڕیارە بەكۆمەڵەكان و بۆیە هەندێ بیرمەند پێیان وایە دیموكراسی لە ڕێی بنكەی زۆرینەوە پێناسە دەكرێت، لەوانەش (جوزێف شومپیتەر J. Schumpeter)، (برایس Bryce) ئەم بیرۆكەیە جارێكی دیكە لەلایەن (یونیس Jones)خرایەوە ڕوو.

خاوەنانی تیۆری دەستەبژێر پشتگیریی گرتنەبەری پرەنسیپی زۆرینە ناكەن، دواجار ئەوان لە بیروبۆچوونی خۆیاندا لەگەڵ ئەو پرەنسیپە ناگونجێن، هەروەها خاوەنانی ئەو ئاراستەیە كە پشتگیریی یەكسانیی هاووڵاتیان و یەكسانییە كۆمەڵایەتییەكان ناكەن، ئەوان پرەنسیپی زۆرینە ڕەت دەكەنەوە وەك بناغەیەك بۆ دەركردنی بڕیار.

تیۆری ڕەخنەگرانەی دیموكراسی جەخت لەوە دەكاتەوە كە ڕێسای زۆرینە دەبێتە هۆی سنوورداركردنی داواكاریی یەكسانی و ئەم حاڵەتەش كێشەی زۆرینە بەرجەستە دەكات و دواجار ڕەخنەی سەرەكی ئاراستە دەكات.

پڕۆفیسۆر (گۆگنبێرگەر) وەك ڕەخنەگرێكی ڕێسای زۆرینە دەڵێت: ئێمە لەمێژە دوو كۆمەڵگەمان هەیە كە پەیوەندییان بە یەكەوە نییە، تەنیا لە سنورێكی كەمدا نەبێت، لە زۆر حاڵەتیشدا بە هەمان زمان قسە ناكەن، واقیعیش بە پێوانەگەلی جیاواز دەپێون و لێكی دەدەنەوە بەپێی پۆلێنكاریی جیاواز كە لە بۆچوون و ئاوات و داخوازییەكانەوە سەرچاوە دەگرێت.

ڕەخنەگرانی ڕێسای زۆرینە پێشنیار دەكەن كار بە پێوانەی فەیلەسووف (كانت 1724-1804) بكەن، سەبارەت بە (كاری ڕەوشتخوازی Kategorische Impertive)، ئەمەش بۆ ئەوەی ڕەهەندەكانی ئایندە فراوان بن، ڵێرەدا پڕۆفیسۆر (گۆگنبێرگەر) دەڵێت: لەسەر ئەم نەوەیە پێویستە شتە جێگیرەكان كە ناگۆڕێن و لەسەریان ڕاهاتووە بۆ نەوەی داهاتوو بەجێ نەهێڵێت.

  2- بنیادنانەوەی دەوڵەتی كارا لە عێراق

دەوڵەتانی لاواز- شكستخواردوو ڕووبەڕووی كێشەی (شكستی پرۆسەی بنیادنانی دەوڵەت) دەبێتەوە، دواجار دەبێتە سەرچاوەی زۆربەی كێشە پڕ مەترسیدارەكانی جیهان، عێراقیش وەك دەوڵەت لەم دۆخە بەدەر نییە، كەواتە بارودۆخی عێراق مایەی نیگەرانیی زۆرە، و زادەی چەندین فاكتەرە، بۆیە ئەم پرسیارە دێتەئاراوە: ئایا پرۆسەی هەڵبژاردن دەتوانێت بەشدار بێت لە چارەسەركردنی ئەم دۆخە مەترسیدارە؟

زۆر لە توێژینەوەكان كە لەم بارەوە پێشكەش كراون، عێراق بەوە وەسف دەكەن كە: دەوڵەتێكی لەرزۆك و شكستخواردوو و لاواز و زەلیل و قووڵە، هەر یەك لەو زاراوانە بەڵگە و پاساوی خۆی هەیە، دەپرسین: چۆن دەتوانرێت دەوڵەتێكی كاراو بەهێز دروست بكرێت لە چوارچێوەی ئەم دۆخە ئاڵۆز و سەختە؟ ئایا لە بنەڕەتدا عێراق تا ئێستا خەون بەوەوە دەبینێت كە ببێتە دەوڵەت؟ چ شێوە دەوڵەتێك؟

جەوهەری دەوڵەت پەیوەستە بە هێزی دەوڵەت، كە فاكتەرێكی گرنگە بۆ زەمانەت و پتەوكردنی دیموكراسی و سەروەریی یاسا و گەشەی ئابووری.

بە گشتی دەوڵەت بۆ ئەوە دامەزراوە كە ئەركی بنەڕەتی و سەرەكی ئەنجام بدات: مسۆگەركردنی پاراستنی هاووڵاتیان و پارێزگاریكردن لە یەكدی، دواتر بەرگری لێ كردنیان دژی دوژمنانی دەرەكی (ئەمەش ئەرستۆ كە لە 322ی پێش زایین كۆچی دوایی كردووە، لە كتێبەكەیدا (سیاسەت) دەستنیشانی كردووە).

بە ڕای زانای ناوداری كۆمەڵناسی (ماكس ڤێبەر Max Weber) لە توێژینەوە گرنگەكەیدا (سیاسەت وەك پیشە Politik als Beruf) دەڵێت: ئەركی دەوڵەت بریتییە لە پاراستنی هاووڵاتیان و ئەركەكەشی لەوەدایە ڕێگە لە تۆڵەسەندنەوەی تاكەكەسی بگرێت، دەوڵەت بە تەنیا مافی چارەسەركردنی كێشەو ململانێیەكانی هەیە، ئەمەش لە ڕێگەی قۆرخكردنی هێزی شەرعییەوە، بەرگریش لە هاووڵاتیان دەكات، بەڵام كاتێك دەوڵەت توندوتیژی دژی هاووڵاتییەكانی دەگرێتە بەر، ئەوا ڕێگە بۆ دیاردەیەكی مەترسیدار لە ژیانی دەوڵەت خۆش دەكات، ئەویش دیاردەی لادانی سیستەمی سیاسییە لە ئەركەكانی، بەمەش دەوڵەت دەبێتە بكەرێكی دوژمنكاری actor، دژی ئەوانەی كە پێویستە بیانپارێزێت، دواتر لەناوبردنیان دەبێتە ئامانجی ئەو دەوڵەتە، بۆیە لێرەدا پەیوەندییەكی زۆر مەترسیدار لە نێوان توندوتیژی و سیاسەت دروست دەبێت، ئەم دیاردەیەش (دیاردەی لەناوبردنی هاووڵاتیان لەلایەن دەوڵەتەوە)ی لێ دەكەوێتەوە، بە واتای شكستی سیاسەت و كودەتای ڕیشەیی نەرێنی لە ئەركە جەوهەرییەكانی دەوڵەت.

زۆر لە دەوڵەتە تازە پێگەیشتووەكانی جیهان (ئەو دەوڵەتانەی كە زۆر بەهێز نین، بەڵكو دەوڵەتانی زۆر لاوازن)، هەوڵ دەدەن دەست بە پرۆسەی بنیادنانی دەوڵەت بكەن لە ڕێگەی جیاكردنەوەی چاكسازیی ئیداری و دامەزراوەیی لە چاكسازیی سیاسی و كۆمەڵگەیی. ئەم ئاراستەیە بە واتای كاركردنە بۆ دروستكردنی دامەزراوەگەلی بەهێز كە بتوانێت چاكسازییەكان جێبەجێ بكەن، بە ڕای بیرمەند (فۆكۆیاما) تەركیزەكە زیاتر لەسەر ئەو كێشانەیە كە دەوڵەتانی لاواز (شكستخواردوو) پێوەی دەناڵێنن، ئەوانەی زۆر پێویستیان بە پرۆسەی بنیادنانەوەی دەوڵەت هەیە، كە ئەمانە دەگرێتەوە:

 كێشەی هەڵكشانی ڕۆڵی دەوڵەت:

فۆكۆیاما ئاماژە بۆ سەدەی بیستەم دەكات كە زێدەبوونێكی زۆری ڕۆڵ و قەبارەی چالاكییەكان و ئەركەكانی دەوڵەتی تێدا بووە (چ لە دەوڵەتانی سیستەمە تۆتالیتارەكان، یان سیستەمە دەسەڵاتخوازەكان، یان سیستەمە دیموكراسییەكان)، لەگەڵ ئەوەشدا نەبوونی لێهاتوویی حكومەتەكان و بێ توانایی دەوڵەت لە بەجێهێنانی ئەركە بنەڕەتییەكانی، بۆیە بەكاربردنی هەندێ حكومەت لە بەرهەمی پوختەی ناوخۆیی گەیشتووەتە زیاتر لە 50% و لە سوید گەیشتە ڕێژەی 70%، بەڵام لە هەشتاكان و نەوەدەكانی سەدەی بیستەمدا پێویستی بەوە دەكرد كە ڕۆڵی دەوڵەت كەم بكرێتەوە و بە تایبەتیش كە ئەم ڕۆڵە بەرەو هەڵاوسان و هەڵكشان دەچوو لە دەوڵەتانی تازەپێگەیشتوو، بۆیە دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان (وەك بانكی نێودەوڵەتی و سندوقی نێودەوڵەتی) هەوڵیان دا، كۆمەڵێك ڕێكار بگرنە بەر بۆ دانانی سنوورێك بۆ دەستوەردانی دەوڵەت لە كاروباری ئابووریدا.

فۆكۆیاما پێی وایە كە كەرتە گشتییەكان لە دەوڵەتانی تازەپێگەیشتوو بوونەتە بەربەستی ڕاستەقینە لە بەردەم پرۆسەی بنیاتنانی دامەزراوەیی دەوڵەت، بۆیە داوای كرد كە دەست بە پرۆسەی چاكسازی بكرێت لە ڕێی نموونەی لیبڕاڵی و كەمكردنەوەی ڕۆڵی دەوڵەت.

لەم چوارچێوەیەدا دەپرسین: چۆن دەكرێت دۆخی عێراق لەبەر ڕۆشنایی هەڵبژاردنەكانی 2021 دیراسە بكرێت؟

سەرەتا دەكرێت ساڵی 2003 ببێتە خاڵی گۆڕانكاریی یەكلاكەرەوە لە مێژووی هاوچەرخی عێراق و سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتێك لە جۆرێكی تازە، بەڵام ئەم گۆڕانكارییە سرووشتی نەبوو، بەڵكو بە زەبری دەستوەردانی سەربازیی دەرەكیی ڕاستەوخۆ هاتە ئاراوە، كە ڕێڕەوی گۆڕانكارییەكەی بە ئاراستەیەكی دیاریكراودا برد. بەو شێوەیەی كە دەوڵەت لە دەوڵەتێكی سادەی یەكگرتووەوە بۆ دەوڵەتێكی ئاوێتەی فیدڕاڵی گۆڕا، هەروەها سیستەمی حوكمڕانی لە سیستەمی سەرۆكایەتییەوە بۆ سیستەمی پەرلەمانی گۆڕا، بواری تازە درا بە گەل تاكو بەشداری لە پرۆسەی سیاسیدا بكات، كە خۆی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن و بەناو ئازاد و شەفاف بینییەوە، لەبەر ڕۆشنایی ئەو پێوانەیانەدا تا ئێستا پێنج هەڵبژاردن ئەنجام دراون- لە نێویاندا هەڵبژاردنەكانی ئەم چەند ڕۆژەی دوایی- و بۆ پەرلەمان. لە هەمان كاتیشدا دەستوورێكی تازە بۆ عێراق دەرچوو و لە ئۆكتۆبەی 2005 ڕاپرسیی میللی بۆ كرا.

ئەم هەموو دەرهاویشتانە دەری دەخەن كە گۆڕانكاریگەلێكی پەیكەربەندی لە دەوڵەتی عێراقدا هاتووەتەدی، ئاماژەشە بۆ ئەوەی كە پرۆسەیەكی تازە بۆ بنیاتنانی دەوڵەت هەیە كە بریتییە لە پرۆسەی بنیاتنانەوەی دەوڵەت.ئەم پرۆسەیە بەردەوامە و پرسیارێكیش سەرهەڵدەدات، ئایا ئەو هەڵبژاردنانەی لە 10ی ئەم مانگەدا ئەنجام دران، ئەنجامی یەكلاكەرەوەی بەدوادا دێت لە دانانی دوادەستكاریی پرۆسەی بنیاتنانەوەی دەوڵەت لە عێراق، یان عێراق تا ئێستا پێویستی بە دەرفەتگەلی تازە دەبێت بۆ تەواوكردنی ئەم پرۆسەیە؟

پرۆسەی بنیاتنانی دەوڵەت، یان باشتر وایە بڵێین پرۆسەی بیاتنانەوەی دەوڵەت پرۆسەیەكی ئاسان نییە، بەڵكو قورستر و ئاڵۆزترین پرۆسەیە كە لەنێو دەوڵەتدا ئەنجام دەدرێت، چونكە بە تەواوی هەموو دەوڵەت دەگرێتەوەو لە بنەڕەتەوە دەیگۆڕێت.

ئەم پرۆسەیە لە جەوهەردا ئەمانە دەگرێتەوە:

  پرۆسەی بنیاتنانی دەوڵەت لە ناوەوە

زۆر لە دەوڵەتانی تازەپێگەیشتووی جیهان هەوڵ دەدەن دەست بە پرۆسەی بنیاتنانی دەوڵەت لە ناوەوە بكەن لە ڕێگەی جیاكردنەوەی چاكسازیی ئیداری و دامەزراوەیی لە چاكسازیی سیاسی و كۆمەڵگەیی، بەڵام، هەروەك فۆكۆیاما پێی وایە هیچ كۆمەڵە پیادەكردنێكی نموونەیی لە ئارادا نین تا لە دیزاینكردنی دامەزراوەكان پشتیان پێ ببەسترێت.

 میكانیزمی بنیاتنانی دەوڵەت

فۆكۆیاما پێی وایە كە شكستهێنان لە بەدیهێنانی چاكسازیی دامەزراوەیی و بنیاتنانی دەوڵەت بۆ گرتنەبەری مۆدێلی لیبڕاڵیی ڕۆژئاوا ناگەڕێتەوە، بەڵكو بۆ ئەو ڕێكارانەی كە پەیڕەو كراون، هەروەها تێنەگەیشتن بۆ دوورخستنەوەی پرۆسەی بنیاتنانی دەوڵەت، وێڕای پێویستی ڕەچاوكردنی تایبەتمەندیی كولتووریی ئەو دەوڵەتانەی بنیات دەنرێن.

پرۆسەی بنیاتنانی دەوڵەت لای فۆكۆیاما دوو ڕەهەندی بنەڕەتی هەیە:

1- هێزی دەوڵەت (State Strength) لە كاراكردنی حوكمی یاسا و مافی قۆرخكردنی شەرعییەتی بەكارهێنانی هێز و جێبەجێكردنی سیاسەتەكانی. لێرەدا مەبەست لە هێز شێوەی كاریگەریی دەسەڵاتی دامەزراوەیی دەوڵەتە، كە لە دەوڵەتێكەوە بۆ دەوڵەتێكی دیكە جیاوازە، پشت بە ئیدارەی شەفافی حكومەت دەبەستێت، گەندەڵیی نزم، جێبەجێكردنی یاسا، لێپرسینەوە.

2- ئاست و قەبارەو چوارچێوەی تواناو چالاكییەكانی دەوڵەت(State Scope) كە بریتییە لە فراوانبوونی چالاكی و ئەركەكانی حكومەت. چوارچێوەكە پشت بە سرووشتی ئەو ئەركانە دەبەستێت كە دەوڵەت هەوڵ دەدات ئەنجامیان بدات، یەكەم، لانی كەمی پرۆسەكان، وەك یاسا و سیستەم، ئیدارەدانی گشتیی ئابووری، تەندروستیی گشتی، دووەم، ئەركە مامناوەندییەكان، وەك پاراستنی ژینگە و ڕێكخستنی قەڵاچۆكردنی قۆرخكاری، پەروەردە، سێیەم، ئەركە چالاكەكان، وەك سیاسەتە پیشەسازییەكان و دابەشكردنەوەی سامان، چەند ژمارەیەكی زۆری دەوڵەتان بە ئەركە چالاكەكان نزیك ببنەوە، چوارچێوەكەی فراوانتر دەبێت.

لەسەر ئەو بنەمایەی سەرەوە، فۆكۆیاما مشتومڕ دەكات لەسەر چۆنێتیی كەمكردنەوەی ئاستی قەبارەو چالاكییەكانی دەوڵەت بەرانبەر زیادبوونی هێزەكەی و لەپێناو فراوانكردنی ڕووبەری دیموكراسی. لە كاتێكدا كە ئاستی دەوڵەت كەم دەكرێتەوە لە هەندێك بواردا بۆ بەرژەوەندیی زیادبوونی ڕۆڵی كەرتی تایبەت و كۆمەڵگەی مەدەنی، پێویستە ئەمە هاوكات بێت لەگەڵ زیادبوونی تواناكەی و ڕۆڵی لە بوارەكانی دیكەدا لە میانی حوكمی یاسا و توانای لە سەر نەخشەكێشانی سیاسەتە گشتییەكان.

لە كاتێكدا كێشەكە لە زۆر لە دەوڵەتانی گەشەسەندووی جیهاندا بریتییە لە هاوشێوەنەبوون و هاوكات نەبوون لەو دوو ڕەهەندەدا، چونكە فۆكس دەخرێتە سەر كەمكردنەوەی ئاستی دەوڵەت بێ ئەوەی زیادبوونی هێزەكەی لەگەڵیدا هاوكات بێت.

بەپشتبەستن بەو دوو پێوەرە بنەڕەتییە (هێزو چوارچێوە)، فۆكۆیاما دەوڵەتانی جیهان بۆ چوار كۆمەڵە پۆلێن دەكات:

 دەوڵەتانی پێشكەوتوو كە ئاست و قەبارە و چالاكییەكانی دەوڵەتیان تێدا سنووردارە، بەڵام هێزو توانایان بەرزە.

 ئەو دەوڵەتانەی كە ئاست و قەبارە و چالاكییەكانی دەوڵەتیان تێدا فراوانە، هێزی دامەزراوەكانیان زۆرە.

 ئەو دەوڵەتانەی كە ئاست و قەبارەو چالاكییەكانی دەوڵەتیان تێدا سنووردارە، بەڵام هێزی دامەزراوەكانیان لاوازە.

 ئەو دەوڵەتانەی كە ئاست و قەبارەو چالاكییەكانی دەوڵەتیان تێدا فراوانە، بەڵام هێزی دامەزراوەكانیان لاوازە.

دوا شوێن ئەو شوێنە خراپەیە كە دەكرێت دەوڵەتی تێدا بێت، ئەویش ئەو شوێنەیە كە دەوڵەتانی دواكەوتوو و تازەپێگەیشتووانی تێدا پۆلێن دەكرێت، (عێراقیش لە چوارچێوەی ئەو پۆلێنكردنەدایە)، پرسیارەكە ئەوەیە: ئەو دەوڵەتانە پێویستە لە كام شوێن، یان كۆمەڵەدا بن لە چوارچێوەی پرۆسەی بنیاتنانی دەوڵەت؟ ئایا دەبێت هەوڵ بدەن بچنە كۆمەڵەی دووەمەوە كە خەسڵەتەكانیان بریتییە لە: ئاست و قەبارەی چالاكییە گشتگیرەكانی دەوڵەت و، ئایا هێزی گەورەی دامەزراوەییان هەیە، یان پێویستە هەوڵ بدەن بگەنە كۆمەڵەی سێیەم كە خەسڵەتەكانیان بریتییە لە ئاست و قەبارە سنووردارەكانی دەوڵەت و هێزی دامەزراوەییان لاوازە؟

ڕایەكە لە سەرەتای نەوەدەكانی سەدەی بیستەم وا بوو كە پێگەی دەوڵەت لە گرووپی سێیەمدایە، چونكە دامەزراوە و تواناكانی دەوڵەت ڕووەو گرنگیدانە بە كاروباری تایبەتی خۆی، دواجار ڕووەو كەمكرنەوەی ئاستی دەوڵەتە بە خێرایی پێویست لە میانی سیاسەتەكەیەوە لە پشتیوانیكردنی بەتایبەتیكردن و كەمكردنەوەی پاڵپشتیی حكومەت.

 3- دۆخی عێراق. پرسیارێكی كراوە...!!

زۆر لە توێژەرە بیانییەكانی چەندین بیرۆكەیان سەبارەت بە عێراق خستووەتە ڕوو، وەك (كۆتایی عێراق وەك دەوڵەت) لەوانە: گالبرێس (كۆتایی عێراق)، فولەر (ئایا عێراق تا ساڵی 2010 بە یكگرتوویی دەمێنێتەوە)، ستانسفیلد (ئایندەی عێراق: دیكتاتۆری، دیموكراسی، یان دابەشكردن)، یان بەپێی بۆچوونی ڕافائیل فایت عێراق دەوڵەتێكی شكستخواردووە، یان بەپێی بۆچوونی هەندێ توێژەری عێراقی كە عێراق دەوڵەتێكە لەلایەن كۆمەڵێك دزەوە ( Kleptocracy ( حوكمڕانی دەكرێت، یان دەوڵەتێكی قووڵە. بەڵام تا ئێستا ئەو هیواو ئومێدانە نەهاتوونەتە دی، چونكە بارودۆخی عێراق دوای 2003 شێوازێكی پێچەوانەی گرتەبەر، وەك ئەوەی كە توێژەران بیریان لێ دەكردەوە، تەنانەت عێراق، بە پێی پڕۆفیسۆر عامر حەسەن فەیاز تا ئێستاش خەونی دەوڵەت دەبینێت، بۆیە وەك فۆكۆیاما دەڵێت: تا ئێستا عێراق پرسیارێكی كراوەیە.

ئەوەی لە عێراق ڕوودەدات ئەوەیە كە: ململانێ و ناكۆكییەكان جۆری جیاوازی توندوتیژین، چ توندوتیژی باش، یان خراپ بێت، لەم دۆخەدا تێبینی دەكرێت نەمانی دیاردەی قۆرخكردنی توندوتیژیی شەرعییە لەلایەن دەسەڵاتی سیاسییەوە لە عێراق، ئەوەش بووتە هۆی بواردان بە شێوازی دژبەری توندوتیژی بۆ سەپاندنی دەسەڵات بەسەر دۆخەكەدا و شكستی دەسەڵاتی سیاسی لە پاساوهێنانەوە بۆ توندوتیژیی دۆستان بە سەر دوژمنان، كە ئەمەش بووە هۆی لەتكردنی ڕیزەكانی توندوتیژیی دۆستان و بواری فراوانی دایە كۆمەڵەی دۆستان كە توندو تیژیی سیاسی بقۆزنەوە بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی و حزب و چین و تایفە گەریی خۆیان.

سیستەمی حوكمڕانی كە لە ساڵی 2003 لە عێراق هاتە ئاراوە و تا ئێستاش بەردەوامە، یەكێكە لە كێشەكانی بونیادگەریی توند، ئەویش خۆی لە نەگونجانی نێوان حزبە ئیئتلافەكاندا دەبینێتەوە لە نێو حكومەتدا، ئەمەش بووەتە هۆی سەرهەڵدانی ناكۆكی و جیاوازی لە بەرنامەكانی حكومەت و چۆنێتیی جێبەجێكردنیان، زۆر جاریش حكومەت تووشی حاڵەتی ئیفلیجی بووە، بە دەست لە كار كێشانەوەی چەند وەزیرێك و دەسەڵاتی یاسادانانیش لەم كێشەیە ڕزگاری نەبووە، بۆیە كارەكانی دەسەڵات تا ڕاددەیەكی زۆر كەوتوونەتە ژێر كاریگەریی ئەو ململانێیە سیاسییانەی نێوان هێز و حزبە سیاسییەكان، بەڵام هەر ئەوە نییە، بەڵكو ئەو ئاڵۆزی و ئەشكالییە بێ كاریگەریی دەرەكی نەبووە، بە پێچەوانەوە، فشاری دەرەكی ڕۆڵی كاریگەر و دیاری هەبووە لە ڕێڕەوی سیاسی لە عێراق.

ئەو دەستەبژێرەی لە ساڵی 2003 لە عێراق هاتنە سەر حوكم، دەستەبژێری یەكگرتوو و تەبا نەبووە لەسەر خاڵە هاوبەشەكان بۆ بەرژەوەندیی گشتی و هاوبەش، بەپێی چەمكی ئەریستۆتالی، بەڵكو دەسەڵاتیان لە پرسەی دیموكراسی نەگرتووەتە دەست كە پشت بە هەڵبژاردن ببەستێت، تەنانەت ئەمریكییەكان ئەو ڕێگەیان بۆ ئەو دەستەبژێرە خۆش كرد، كە پشت بە پرەنسیپی پشكپشكێنەی تایفەگەری و مەزهەبی و نەتەوەیی بەست، بەڵام دیدگای ئەو دەستەبژێرە جیاواز بوو لەنێوان ئایینی و لیبڕاڵی و تایفەگەر، دواجار دیدگای عەلمانی كەم بووەوە، ئەویش بە پێكهێنانی ئەنجومەنی حوكم كە حاكمی مەدەنی برێمەر دایمەزراند، ئەمریكییەكان قورسایی خۆیان خستە سەر دەركردنی چەند بڕیارێك بۆ تێكدانی ژێرخانی دەوڵەتی عێراق (هەڵوەشاندنەوەی سوپا و ئاسایش) كە بواری ڕەخساند بۆ سەرهەڵدانی ئاشووب و بێ سەروبەری لە وڵاتدا، هەروەها توانییان دەستوورێكی تازە بە ناوی (یاسای ئیدارەی دەوڵەت بۆ قۆناغی گواستنەوە لە 8ی ئاداری 2004 بسەپێنن. بۆیە دەكرێ وەسفی سیستەمی سیاسی لە عێراق بكرێت بەوەی كە سیستەمێكە توانای ئەوەی نییە ئەركەكانی جێبەجێ بكات، بۆیە لە 2003وە ڕووبەڕووی چەندین كێشەی مەترسیدار بووتەوە كە تا ئێستا پێوەی دەناڵێنێت.

  ڕواڵەتەكانی بێتوانایی سیستەمی سیاسی لە عێراق

كاتێك لە سیستەمی سیاسیی حوكمڕانیی عێراق ورددەبینەوە لەوەتەی ساڵی 2003، دەبینین كە بە تەواوی ئەو ڕەهەندانەی سەرەوەی تێدا نییە، ئەمەش بووتە هۆی ئەوەی كە نەتوانێت ئەركەكانی خۆی بەجێ بهێنێت و دواتر ڕووبچێتە نێو بازنەی قەیرانی توندی سیاسییەوە كە سیماكانی بە ڕوونی لەم خاڵانەدا دیارن:

 جێبەجێ نەكردنی تەواوی پرەنسیپ و دەقەكانی دەستوور كە لە ساڵی 2005 دەرچووە.

 سەرهەڵدانی ململانێی تایفەگەریی ناوخۆ و بە تایبەتیش لە ماوەی نێوان 2006-2007.

 جیاوازیی ڕیشەیی لە تێگەیشتنی فیدڕاڵی.

 گرژبوونی پەیوەندییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستانی عێراق پەیوەست بە سیاسەتی نەوت و چارەسەركردنی مەسەلەی ناوچە كێشە لە سەرەكان بەپێی ماددەی 140ی دەستوور، بڕینی پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی.

 سەرهەڵدانی لەناكاوی ڕێكخراوی دەوڵەتی داعش و دەستگرتنی بەسەر 40%ی ڕووبەری عێراق.

 سستیی پرۆسەی یاسادانان و خەریكبوون بە كێشە ناوخۆییەكان.

 زیادبوونی كۆچی ناوخۆی هاووڵاتیان بۆ 4 ملیۆن كەس.

 زیادبوونی ژمارەی هاووڵاتیانی عێراق ئەوانەی كە كۆچیان بۆ دەرەوە كرد.

 زیادبوونی تەقینەوەكان.

ئەو هەموو ئاماژانە مافی ئەوەمان پێ دەدەن كە پرسیارێكی ڕەوا بكەین سەبارەت بەوەی: عێراق بەرەو كوێ؟

ئەو كێشەیە فرەڕەهەندە و گرنگترینیان ئەوەیە ئایا دەكرێ پرەنسیپی (تەوافوق) وەك چارەسەری ئەو كێشە مەترسیدارانە ڕەچاو بكرێت كە هەڕەشە لە قەوارەی عێراق دەكات؟ ئایا ئەوانەی باڵادەستن لە هێزە گەورەكان (دەسەڵاتی سیاسی) قبووڵ دەكەن كەسانی دیكە بەشداریی دەسەڵات بكەن؟

هێزە دەسەڵاتدارەكانی حوكمڕانی لە جومگە سەرەكییەكانی دەوڵەت هەوڵ دەدەن بوار نەدەنە هێزەكانی دیكە كە لە دەركردنی بڕیاری یەكلاكەرەوە بەشدار بن. مانەوەی ئەو ئاراستەیە سیاسەتی عێراق لە عەقڵانییەت دوور دەخاتەوە كە ماكس ڤێبەر وەك بنەمایەكی ئیدارەدانی دەوڵەت باسی دەكات، دواجار دەبێتە هۆی نسكۆی بەهێز و ئەنجامی لێكترازانی عێراقی لێ دەكەوێتەوە.

لەبەر ئەوە عێراق ئەگەر ڕۆڵ بە عەقڵانییەت نەدات لە سیاسەتدا، ئەوا دووچاری دۆخێك دەبێتەوە وەك دۆخی بەسۆماڵبوونی عێراق، بۆ ماوەیەكی دیاری نەكراو، تا ئەو كاتەی بەرژەوەندییە نێو دەوڵەتی و هەرێمییەكان ڕێك دەكەون بە دابەشبوونی دەسەڵات لە عێراق و ناوچەكە، ئەو كاتە دیار دەبێت ئایا عێراق وەك ئێستا دەمێنێتەوە، یان دەگۆڕێت (چ بە شێوەی ئەرێنی یان نەرێنی).

دەسەڵاتخوازیی نەرم، Soft Authoritarianism كە حكومەتەكانی عێراق لەوەتەی 2003 پیادەی دەكەن، عێراقی لە ڕەفتاری تۆتالیتاریی ڕزگار نەكرد، بەڵكو كێشەكانی قووڵتر كردەوە، ئەو حكومەتانە توێژەر ڕوزن N.Rosen لە زانكۆی نیۆیۆرك باسیان دەكات كە گەندەڵ و توندوتیژن و هەوڵ دەدەن بە هێز خۆیان بسەپێنن، ڕۆژنامەنووسی ئەمریكیش پاتریك كۆكبۆرن Kockporn لە ڕۆژنامەی (ئەندیننینت)ی بەریتانی لە ئازاری 2010 دەڵێت: عێراق تا ئێستا ناسەقامگیرە و تا ڕاددەیەك دابەش بووە و سیاسەتوانەكانی عێراقیش بە چینێكی خراپی سیاسەتوانان وەسف دەكات.

ئەم دۆخە زۆر تێكچووە، لەوەڕا دیارە كە ڕێز لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن ناگیرێت و بایەخ بە دەنگدەری عێراقی نادرێت، كە لە ماوە جیاجیاكاندا ئەنجام دراوە، ئەمەش پێچەوانە بووەتەوە بۆ دیاردەی دەنگ نەدان، پرۆفیسۆر جاك سنایدەر Jack Snyder لە كتێبە هاوبەشەكەی Electing to Fight: Why Emerging Democracies Go to War? كە لە 2005 دەرچووە، ڕوونی دەكاتەوەكە هەڵبژاردنەكان ڕێگە بۆ شەڕ خۆش دەكەن، ئەویش لەبەر كەڵەكەبوونی هۆكارەكانی سەرەوە، بۆیە هەڵبژاردنەكان دەبنە (ئازار)، هەر وەك لە توێژینەوەیەكی هەردوو توێژەردا هاتووە ئیلیشنر Elischner و بیكەر Becker بە ناونیشانی ئازاری هەڵبژاردن Die Qual der Wahl .

تەواونەبوونی پرۆسەی گۆڕانكاریی دیموكراسی، مەترسیی نزیكبوونەوەی دۆخەكە لە حاڵەتی شەڕی ناوخۆ زیاتر دەكات، چونكە دامەزراوەكان لاوازن و دەستەبژێرە سیاسییەكان بەم لاوازییە دوچاری هەڕەشە دەبن، شكستی پرۆسەی گۆڕانكاریی دیموكراسی دەبێتە هۆی شكستی بنیاتنانی دامەزراوە دیموكراسییەكان.

ئەم دۆخە ئاڵۆزە ئایندەی عێراق دەخاتە بەردەم سەنگی مەحەك، دواجار ناڕۆشنی دیدگای پەیوەست بە ئایندەی وڵاتەوە، ئایا هەڵبژاردنەكانی 10ی ئۆكتۆبەری 2021، دەبێتە هۆی لابردنی بەربەستەكان لەبەردەم گۆڕانكارییە ئەرێنییەكانی دەوڵەتی عێراق، تاكو سەر لە نوێ دەوڵەت بنیات بنرێتەوە و ببێتە دەوڵەتی یاسا؟

پێشبینییەكان زۆر زەحمەتن لە بەردەم ئەو هەموو بەربەستانەی ناوخۆ و دەرەوەدا، كەواتە نەخشەی ئایندە تەمومژاوییە.

Top