لە پرۆسەی خوێندن قەرەبووكردنەوەی وانە لە دەستچووەكان بە پێویست دەزانرێت

لە پرۆسەی خوێندن قەرەبووكردنەوەی وانە لە دەستچووەكان بە پێویست دەزانرێت

 

ساڵی خوێندنی 2020- 2021 لە هەرێمی كوردستان هاوشێوەی وڵاتانی دیكە كە بە هۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و بۆ پاراستنی گیانی قوتابیان و مامۆستایان، بڕیاری داخستنی قوتابخانەكان ماوە ماوە جێبەجێ كرا و، پرۆسەیەكی پچڕ پچڕی خوێندن بەڕێوەچوو، كە نەتواندرا تەواوی ناوەرۆكی پەرتووكەكان بە قوتابیان بگوترێتەوە، گرفت و كێشەی گەورەی بۆ قوتابیان دروست كرد. هەر بۆیە قەرەبووكردنەوەی وانە لە دەستچووەكان بە پێویست دەزانرێت، هاوكات پێشنیاری دیكەش هەن، بۆ ئەوەی ڕێكاری باشتر بۆ چارەسەری ئەو ئاریشەیە بدۆزنەوە. بەشداربووانی ئەم ڕاپۆرتەی گوڵان زیاتر باسی ئەو پرسە گرنگە دەكەن.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردە لە سەرەتای دەستپێكی خوێندنی ئەمساڵ لە بارەی وانە لە دەستچووەكانی قوتابیان لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوو، ڕایگەیاند: «ئێمە ماوەیەكمان داناوە بۆ قەرەبووكردنەوە، قۆناغی دوو تاكو شەش، هەروەها قۆناغی هەشت و نۆی بنەڕەتی لەگەڵ قۆناغی یانزەی ئامادەیی و ماوەی سێ هەفتەیان بۆ دانراوە، لەگەڵ دەستپێكی دەوام، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پڕۆگرامەكان ئەو قۆناغانەی دیاری كردووە و، ئەو موفرەدات و بەشە وانانەشی دیاری كردووە كە پێویستە لە ماوەی ئەو سێ هەفتەیەدا بدرێتە قوتابیان، لەبەر ئەوەی پڕۆگرامەكان بەیەكەوە گرێ دراون و، بابەتەكان پەیوەندییان بە یەكەوە هەیە، لەبەر ئەوە هەوڵ دەدەین ئەو ماوەیەی لە دەستی قوتابی چووە بە شێوەیەكی چڕ ئەو بابەتە، یان ئەو زانیارییانەیان‌ بە شێوەیەكی چڕ پێ بدەینەوە، ئەمەش خالێكی گرنگە بۆ ئەوەی بتوانین زیاتر پشتیوانی قوتابیان بكەین.

بەپێی ئامارەكان وەزارەتی پەروەردە زیاتر لە یەك ملیۆن و ٧٢٥ هەزار قوتابی هەیە كە لە گشت قۆناغەكانی خوێندن دەخوێنن لە كەرتی حكومی، لە كەرتی ناحكومیش زیاتر لە ٩٠ هەزار قوتابی دەخوێنن، بە گشتی زیاتر لە یەك ملیۆن و ٨٠٠ هەزار قوتابی لە ناوەندەكانی خوێندن دەست بە خوێندن دەكەن.

بەفرین سابیر دایكی سێ قوتابییە و سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «بەداخەوە منداڵەكانمان خوێندنی زۆریان لە دەست چوو، زەحمەتە لە ماوەی مانگێك ئەو هەموو دەرسە قەرەبوو بكرێتەوە، چونكە پار تەنیا چەند مانگێكی كەم خوێندرا، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا وەكو دایكی سێ قوتابیی قۆناغی بنەڕەتی داوا لە وەزیری پەروەردە دەكەم، پێداچوونەوە بە ڕەفتار و تەعامولی مامۆستا لەگەڵ قوتابییەكان بكات و خولی ڕەفتارجوانییان بۆ بكاتەوە، لەبەر ئەوەی بەشێك لە مامۆستایان ئسلوبیان لەگەڵ قوتابی زۆر بە گوێرەی پێویست نییە».

بەهزاد تاهیر مامۆستای زانكۆیە و ڕای وایە: «یەكێك لە كێشە هەرە گەورەكانی سیستەمی خوێندن و نزمیی كوالیتیی خوێندن هەر بۆ ئەو بابەتە دەگەڕێتەوە، كە هەموو ساڵێك بەشێكی گەورەی مەنهەجی دیاریكراو، یان كتێبەكان تەواو ناكرێن، تەنانەت لە هەندێ شوێن كتێبەكان تاكو نیوەش تەواو ناكرێن. هەر ئەوەشە وای كردووە كە مندالەكانمان زۆربەیان لە هەندێ بابەتی هەموو دەرسەكان بە تایبەت بیركاری و زانست زۆر لاوازن. هۆكارەكە ئەوەیە كە منداڵان بابەتەكانی كۆتایی لە بەر نەبوونی كات و تەواوبوونی سالی خوێندن ناخوێنن و، ئەو بابەتانەش ساڵانە لە هەمان شوێنی كتێبەكان كە كۆتایی كتێبەكانە دووبارە دەبنەوە و، دیسان ناخوێندرێن، ئەوەیە وای كردووە كە تاكێكی لاواز بەرهەم دێنین، بە تایبەت لە ڕووی زانستەكانی بیركاری و فیزیا و كیمیا، كە زانستی گرنگ و پێوستن بۆ هەر كۆمەڵگەیەك كە دەیەوێت پێش بكەوێت. كەواتە دووبارە تەرخانكردنی كات بۆ خوێندنی وانە نەخوێندراوەكانی ساڵی پار زۆر گرنگ و پێویستن، بەڵام ئەو كاتەی كە بۆی دانراوە، زۆر كەمە و بە مانگێك قەرەبووی خوێندنی ساڵێك ناكرێت، واتە پێوست بوو كە ماوەكە بۆ دوو تا سێ مانگ درێژ كرابا و لە جیاتی ساڵی خوێندنەكە درێژ كرابا تاكو مانگەكانی ٧ و ٨».

عیسا بۆتانی، نووسەر و ڕۆژنامەنووس و لێپرسراوی ڕاگەیاندن لە پەروەردەی خەبات، سەرەتا باسی ئەوە دەكات كە «پێداچوونەوەی خێرای پڕۆگرامەكانی خوێندنی ساڵی پێشوو لە دەستپێكی ساڵی خوێندنی تازە، بەر لە بڵاوبوونەوەی پەتا و ڤایرۆسی كۆرۆناش لەلایەن مامۆستایانەوە پەیڕەو دەكرا، بەتایبەتی ئەو بابەتانە كە پەیوەست بوون بە پڕۆگرامی خوێندنی پۆلی دواتر. ئەو كردارە گرینگییەكی زۆری هەیە، بەدەر لە سوودە زانستییەكەی، تەنانەت لە ڕووی هۆگربوون و ڕاهێنانەوەی قوتابی بە دەوامی قوتابخانە و ڕێخۆشكردن بۆ بەستنەوەی بابەتەكانی پێشوو بە هی نوێ، لەبەر ئەوەی بابەت و ناوەرۆكی پڕۆگرامەكانی خوێندن بە شێوەیەكی زنجیرە ئاسا لە پۆلێك بۆ پۆلێكی دیكە تەواوكەری یەكترن. بۆیە ئەگەر پێداچوونەوە لە ساڵانی پێشوو جێی بایەخ و گرینگیی مامۆستا و پەروەردەكاران بووبێت؛ ئەوا بۆ قۆناغی ئێستا پێویستییەكی حەتمییە و دەبێ زۆر بە وردییەوە لە سەری بوەستن و جێبەجێی بكەن. وەزارەتی پەروەردە وەكو چۆن بە پیادەكردنی ڕێكارەكانی خۆپارێزی توانی پەرۆشی خۆی بسەلمێنێت و تا ڕاددەیەكی زۆر پارێزگاری لە تەندروستی و ساغمەندیی قوتابیان و مامۆستایان بكات، وەكو ئەرك و بەرپرسیارەتیش بۆ پرۆسەی فێركردن بە دەركردنی ڕێنمایی بۆ تەرخانكردنی ماوەیەك بۆ پێداچوونەوە بە پڕۆگرامەكانی خوێندنی ساڵی پێشوو لە هەوڵدایە تاكو قوتابیان لە زانیارییەكان بێبەش نەبن، كە كاردانەوەی بەسەر ساڵی نوێیاندا هەبێت. بۆیە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی پلاندانانی گشتییەوە پەروەردەكان ڕێنمایی كراون و بۆ هەر بازنەیەكی خوێندن ئەو بابەتانە دیاریكراون كە پێویستە بۆ ماوەی دوو تاكو سێ حەفتە پێداچوونەوەیان بۆ بكرێ، بۆ هەموو قۆناغەكانی خوێندن بەرنامەڕێژی و خشتەی پێداچوونەوە دانراوە، بەڵام مامۆستایان لەو بڕوایەدا نین، كات بەشیان بكات، تاكو وەكو پێویست پێداچوونەوە بكەن، بۆیە كردارەكە بە شێوەیەكی خێرا بەڕێوە دەچێت، تاكو كاریگەری لە سەر پلانی ساڵانەی ئەمساڵی خوێندنیان نەكات، ئەو هەوڵەی قەرەبووكردنەوە هەنگاوێكی ڕاست و باش و بەجێیە، ئەگەر نەشتوانرێ بەپێی خواست و خەونی قوتابیان و مامۆستایان بێت، بەڵام بەشێكی گرنگی بابەتەكان بە قوتابیان ئاشنا دەكرێن و لە پۆلی نوێیاندا لەمپەریان بۆ دروست نەبێت.»

 

Top