شنیار محەممەد بۆ گوڵان: خانمی كورد زیاتر گرنگی بە مەیك ئەپ و جلوبەرگ دەدەن

شنیار محەممەد بۆ گوڵان: خانمی كورد زیاتر گرنگی بە مەیك ئەپ و جلوبەرگ دەدەن

شنیار لە ساڵی 1993 لە شاری سلێمانی لەدایكبووە و، نزیكەی ٢٥ ساڵە لە وڵاتی ئەڵمانیا دەژی، ناوبانگی زۆری بەدەست هێناوە لە ڕێگای ئەوەی وەكو خۆی دەڵێت، ئەو یەكەم خانمی كورد بووە كە لەرێگەی تۆڕی كۆمەڵایەتیی یوتیوبەوە ڤیدیۆی فیركاریی چۆنێتیی مەیك ئەپكردنی خانمانی بەزمانی كوردی بڵاو كردووەتەوە.

 

شنیار سەبارەت بە هونەری مەیك ئاپ دەڵێت: « خانمانی كوردستان گرنگییەكی یەكجار زۆر بە مەیك ئەپكردن دەدەن، بەڵام بەداخەوە بەشێوەیەكی پرۆفیشناڵ لەم بوارە نازانن، یان بەتەواوی ئاشنای تەكنیك و بەكارهێنانی بەرهەمەكانی مەیك ئەپ نەبوون و، زانیارییەكی زۆریان لەسەر جۆرەكانی مەیك ئەپ نییە».

شنیار تیشك دەخاتە سەر گرنگیی سۆشیال میدیا بە گشتی و دەڵێت: «بەخۆشحاڵییەوە خەڵكانێكی زۆر لە ڕێگای سۆشیال میدیاوە لە كارەكانم سوودمەند بوون، زۆرێك لە خانمان دەڵێن لە ڕێگەی چەناڵی یوتیوبی شنیار فێری چۆنێتیی مەیك ئەپكردن بووین، هەڵبەتە شانازی بەوەوە دەكەم، كە من یەكەم كچە كورد بووم، كە بەزمانی كوردی وانەی فێركاریی مەیك ئەپم لەرێگەی یوتیوبەوە دەگوتەوە».

سەبارەت بە نەشتەرگەریی جوانكاری كە بۆتە دیاردە لە كوردستان ئەو خانمە دەڵێت: «بەڕای من هەموو خانمێك پێویستی بە نەشتەرگەریی جوانكاری نییە، نەشتەرگەریی جوانكاری بۆ ئەو كەسانەیە كە لەگەڵ دەم چاوی خۆیان زۆر نامورتاحن، یان شوێنێكی ڕوخساریان كێشەیەكی هەیە، دەكرێت بە نەشتەرگەری بۆی ڕێك بخرێتەوە، من پێموایە خوای گەورە بە شێوەیەك درووستی كردوین، كە هەركەسە و جوانییەكی جیاوازی هەیە، بەداخەوە ئێستا خەڵكی باوەڕیان بە جوانیی سرووشتی نەماوەو، هەوڵ دەدەن لە رێگەی نەشتەرگەرییەوە جوانی بەدەست بهێنن».

 لە وەڵامی ئەو پرسیارەی كە ئایا خانمانی كورد هیچ جیاوازییەكی جوانكارییان تێدا بەدی دەكرێت، شنیار ئاماژە بەوە دەكات كە جیاوازی هەیە و دەڵێت: «خانمی كورد زۆر گرنگی بە مەیك ئەپ دەدەن، بەمەش كە كەوتنە تەمەنەوە پێستیان چرچ و لۆچی زیاتر دەبێت، ئینجا دەكەونە خۆیان و گرنگی بە پێستیان دەدەن، بەڵام ئەو كات هیچ كرێمێك فریایان ناكەوێت، تەنیا چارەیان لای دكتۆری جوانكارییە و بە نەشتەرگەری چارەسەرییەكی كاتییان بۆ دەكەن، بەڵام خانمانی ئەوروپی بە گشتی كەمتر مەیك ئەپ دەكەن، زیاتر حەزدەكەن سرووشتی و سادە دەر بكەون، ئەوان زیاتر گرنگی بە خزمەتكردنی پێست و لەشیان دەدەن».

Top