سیرالیۆن سزای لە سێدارەدانی لەم وڵاتەدا هەڵوەشاندەوە

سیرالیۆن سزای لە سێدارەدانی لەم وڵاتەدا هەڵوەشاندەوە

جولیوس مادا بیۆ سەرۆکی سیرالیۆن، پڕۆژە یاسایەکی واژۆکرد کە سزای لە سێدارەدان لادەدا، بە فەرمی سزای لەسێدارەدانی لەو كیشوەرەی هەڵوەشاندەوە.

ئەو هەنگاوە مێژووییە دوای ئەوە هات کە یاسادانەرانی سیرالیۆن لە مانگی تەمووزدا دەنگیاندا بە کۆتایی هێنانی سزای لە سێدارەدان لە وڵاتی ڕۆژئاوای ئەفریقیا و بە جێگرتنەوەی زیندانی هەتاهەتایی یان لانی کەم 30 ساڵ لە زینداندا.

سەرۆکی سیرالیۆن سزای لە سێدارەدانی بە سزای "نامرۆڤانە" ناوبرد و گوتی: ئەمڕۆ وەک نەتەوەیەک ئێمە بەسەر ڕابردوویەکی توندوتیژ و ترسناکدا زاڵ بووین و خۆمان بە پیرۆزیی ژیان سەلماندووە.

سیرالیۆن كە دوای دەیان ساڵ لە شەڕی ناوخۆ بەرەو  چاکبوونەوە و ئاوەدانی دەڕوات، چەندین جار لەلایەن گرووپەکانی مافی مرۆڤەوە ڕەخنەی لێ گیراوە کە لە هەڵوەشاندنەوەی یاسای سزای لەسێدارەداندا سەركەوتوو نەبووە،  حکومەتی فریتاون لە مانگی ئایاردا ڕایگەیاند: پێش ئەوەی پەرلەمانی سیرالیۆن پرۆژە یاسای سزای لەسێدارەدان پەسەند بکات، بەنیازە سزای لەسێدارەدان وەک بەشێک لە سیاسەتی مافی مرۆڤ هەڵوەشێنێتەوە.

دوایین لە سێدارەدان لە سیرالیۆن، لە سێدارەدانی 24 ئەفسەری سەربازی بوو، کە لە ساڵی 1998دا بە تۆمەتی تێوەگلان لە کودەتادا سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپێنرا وجێ بەجێ کرا،  لەو کاتەوەش ئەگەر سزای لەسێدارەدانیش دەرکرا ئەوا بۆ سزایەکی دیكەی جێگرەوە دەگۆڕدرێ.

سیرالیۆن کە کۆڵۆنی پێشووی بەریتانیایە لە ڕۆژئاوای ئەفریقیا کە ژمارەی دانیشتوانی نزیکەی 8 ملیۆنە، یەکێکە لە هەژارترین وڵاتانی جیهان، سەرەڕای هەبوونی مینە ئەڵماسەکان.

شەڕی ناوخۆی سیرا لیۆن کە لە ساڵی 1991 تا 2002 بەردەوام بوو و لە ساڵی 2014 تا 2016 هەڵگیرسانی ئیبۆلا زیانی زۆری بە ئابووریی وڵات گەیاند و هێنایە لێواری لەناوچوون.

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

Top