لە ڤەنزوێلا  75٪ ی خەڵک لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین

لە ڤەنزوێلا  75٪ ی خەڵک لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین

 

 

بەپێی توێژینەوەیەکی نوێی ئەکادیمی زیاتر لە 75٪ خەڵکی ڤەنزوێلا بەدەست هەژارییەکی سەختەوە دەناڵێنن. ئەو ڕاپرسییەی کە زانکۆی کاتۆلیکی ئاندرێس بلوی ڤەنزوێلا ئەنجامی داوە، ڕووبەڕووی ئامارە فەرمییەکانی حکومەت دەبێتەوە گوایە تەنیا لە سەدا چواری دانیشتووانی ئەو وڵاتە لە هەژارییەکی زۆر سەختدا دەژین .

قەیرانی ترسناکی ئابووری لە ڤەنزوێلا، كە لەم ساڵانەی دواییدا بڵاوبووەتەوە، و چڕتر بۆتەوە و ئەنجامەکانی توێژینەوەیەکی ئەکادیمی نوێ ڕەهەندێکی بەرفراوانتری ئەم دۆخە دەردەخات.

ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوەیە دەریدەخەن کە 76,6٪ ی ئەو خێزانانەی بەشدارییان لەم توێژینەوەیەدا کردووە لە دۆخێکی دارایی زۆر خراپدا دەژین، بە جۆرێك كە داهاتەکانیان پێداویستییە سەرەتاییەکانی خۆراکیشیان بۆ دابین ناکەن. لە بەشێکی دیكەی توێژینەوەکە دەرکەوت کە 94.5٪ ی خێزانەکان لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین و کەمتر لە 1.9 دۆلار لە ڕۆژێکدا پەیدا دەکەن.

ئەم دۆزینەوانە لەگەڵ ئەو ئامارانەی کە کۆنگرەی ئەو وڵاتە بڵاوی کردەوە جیاوازیەكی زۆری هەیە.  ڤەنزوێلا پێشتر بانگەشەی ئەوەی کردووە کە تەنیا 17٪ ی دانیشتوان لە هەژاریدان و لە سەدا 4 لە هەژارییەکی سەختدا دەژین.

ئەم توێژینەوەی ئەکادیمییە بە کۆکردنەوەی داتا لە کۆی 17402 خێزانی دانیشتووی 22 ویلایەت لە کۆی 24 ویلایەتی ڤەنزوێلا بەدەست هاتووە. هەروەها ئەم ئامارانە لە ماوەی مانگی شوباتەوە تا نیسانی 2021 کۆکراونەتەوە.

ڤەنزوێلا کە بە یەکێک دەوڵەمەندترین وڵاتانی ئەمریکای باشووردەناسرێت، لە ساڵی 2013ەوە 80٪ی دۆخی  ئابووری دابەزینی بەخۆوە بینیوە،  دابەزینەکە لە کۆمەڵێک فاکتەرەوە سەرچاوە دەگرێت لەوانە دابەزینی بەرهەم و نرخی نەوت، هەروەها خراپ بەڕێوەبردن و گەندەڵیی ئابووری و قەیرانی سیاسی لە وڵاتدا. تێکەڵبوونی ئەو هۆکارانە بووە هۆی دابەزینی بێ وێنەی دراوی ناوخۆ لەو وڵاتەدا و کارەکەش گەیشتووەتە ئاستێک کە دۆلار لەجیاتی دراوی نیشتمانی لە ئاڵوگۆڕە ناوخۆییەکاندا بەکاردێت.

 

 

 

گوڵان: سەردارخەلیل

 

Top