پارێزەری خەڵك پارتی دیموكراتی كوردستانە هەر بۆیە خەڵكی كوردستان دەنگ بە بەربژێرەكانی پارتی دەدات

پارێزەری خەڵك پارتی دیموكراتی كوردستانە هەر بۆیە خەڵكی كوردستان دەنگ بە بەربژێرەكانی پارتی دەدات

 

هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بۆ ئێمەی كورد بابەتێكی هەستیار و چارەنووسسازە، چونكە گەلی كوردستان كە لە دێرزەمانەوە خەبات دەكات و، بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی شەهید و قوربانییەكی زۆری داوە، ناكرێت لە هەڵبژاردنەكاندا ڕەچاوی لایەنی نەتەوەیی و نیشتمانی نەكرێت، بە پێچەوانەوە دەبێت دەنگدەرانی كورد و كوردستانییەكان ڕابردوو و ئێستا و داهاتووی خۆیان لەبەرچاو بێت و، دەنگ بەو هێز و لایەنە سیاسییە بدەن كە پارێزەری دەستكەوتەكانیانە و لە گۆڕەپانی خەباتدا ئامادەیی هەموو ڕووبەڕووبوونەوە و تەحەددایەكی هەیە، تەنیا هێزێكیش كە لە ڕابردوودا ئەمەی سەلماندووە، پارتی دیموكراتی كوردستان بووە. پارتی دیموكراتی كوردستان وجوودی لە هەر شوێنێكدا بووبێت، زۆر بە جددی و دڵسۆزی پەیامی سەرۆك مسعود بارزانی جێبەجێ كردووە و بوێرانە داكۆكی كردووە لە داوا و مافەكانی گەلی كوردستان، لە خولەكانی ڕابردووش نوێنەرەكانی پارتی لە پەرلەمانی عێراق سەلماندوویانە كە بەرگریكارێكی سەرسەخت بوون لە داواكارییەكانی خەڵكی كوردستان و لە پرسەكانی بودجە و مووچە و ناوچە جێناكۆكەكان و شایستە داراییەكانی كوردستان و دەیان بابەت و پرسی چارەنووسسازی دیكە، لەمەشدا پارتی سوودی لەو ژمارە زۆرەی كورسییەكانی وەرگرتووە كە دۆست و دوژمن حیسابی وردی بۆ كردووە، هەر بۆیە لەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی عێراقدا مەبەستمانە ژمارەی كورسییەكانی پارتی نەك هەر كەم نەكات، بگرە زیادیش بكات، چونكە بەهێزبوونی پارتی لە بەغدا بەهێزبوونی قەزییەی كوردە لە عێراق.

عێراق نەك وڵاتێكی ناسەقامگیر و نائارامە، بەڵكو چەندین گرووپ و میلیشیات و هێزی شۆڤێنی وای لێیە خێروخۆشییان بۆ گەلی كورد ناوێت، هەموو ئەم هێزانەش چاویان بە پارتی دیموكراتی كوردستان هەڵنایەت، چونكە دەزانن پارێزەری خەڵكی كوردستان لە عێراق پارتی دیموكراتی كوردستانە، هەر بۆیە لە پەرلەمانی عێراقدا خەڵكی كوردستان دەنگ بە بەربژێرەكانی پارتی دەدات.

 ئەوەی پارتی لە حزب و لایەنە سیاسییەكانی دیكە جیا كردووەتەوە، ئەو خاڵەیە كە لە پێناو قەزییەی كورد لە عێراق، نەك تەنیا حەزی لەوەیە ژمارەی كورسییەكانی پارتی لە پەرلەمانی عێراق زیاد بێت، بەڵكو حەز دەكات لە ناوچە كوردستانییەكان و ناوچەكانی دیكەی ناوەڕاست و بەغداش كورد كورسیی زیاتر بەدەست بهێنێت، چونكە دواجار ئەوە پارتییە كۆكەرەوەی هەمووانە لە بەغدا و بەرگری لە مەسەلە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان دەكات و، بەردەوام هەوڵی داوە یەكڕیزی و یەكدەنگی نێوماڵی كورد دەستەبەر بكرێت، كە زامنی بەدەستهێنانی مافەكانی گەلی كوردستانە.

بارودۆخی عێراق و ناوچەكە و ئەو گۆڕانكارییانەی لە ناوچەكەدا دەگوزەرێت، ئەوە دەخوازێت، هەمووان بە سۆزەوە نەڕوانینە بارودۆخەكە، بەڵكو هەستیاریی ئایندەی قەزییەی كورد لە بەرچاو بگرین و، پێشێلكردنی مافەكانی گەلی كوردستانمان لە عێراقدا لەبەرچاو بێت، هەر لە دامەزراندنی حكومەتی عێراق و دواتر لە سەردەمی بەعس و كۆمەڵكوژیی گەلی كورد و هێرشی داعش و دژایەتیكردنی هێزە شۆڤێنییەكان كە بەردەوام ڕێگایان نەداوە ئەو خاڵانەی كە ڕێزدار سەرۆك مسعود بارزانی لە دەستووردا جێگیری كردووە، وەك خۆی جێبەجێ بكرێن، واتە ئەوان جێگای متمانە نین بۆ قەزییەی كورد، ڕێزدار سەرۆك مەسعود بارزانی و ڕێزداران نێچیرڤان بارزانی و مسرور بارزانی بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدان خێروخۆشی نەك تەنیا بۆ گەلی كورد مسۆگەر بكەین، بەڵكو خێروخۆشییان بۆ هەموو گەلانی عێراقیش دەوێت، بە عەرەبی سوننە و شیعە و هەموو پێكهاتەكانی دیكەی توركمان و مەسیحی و كەمینە ئایینییەكانی دیكەشەوە، هەموومان بینیمان سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە چ پشوودرێژی و هەوڵێكی زۆر توانی هەرێم و بەغدا لێك نزیك بكاتەوە، ئەمەش هەمووی بە پاڵپشتیی سەرۆك بازرانی بوو كە وەكو مەرجەعێكی كورد لە عێراق و ناوچەكە و جیهاندا حكومەتەكان و گەلان حیسابی وردی بۆ دەكەن. ئەوەتا كێشەیەك ڕوودەدات و پرسێك دێتە پێشەوە، سەرۆك و گەورە بەرپرسانی وڵاتان دێنە هەولێری پایتەختی كوردستان و چاویان بە سەرۆك بارزانی دەكەوێت. پارتی دیموكراتی كوردستان مافی خۆیەتی حەز بكات ڕۆڵی سەرەكی بۆ ئەو خەمخۆری و دڵسۆزییە هەبێت، چونكە لەم پێناوەدا خەباتی كردووە و بە هەزارەها شەهید و بریندار و قوربانی داوە، پرسی نەتەوەیی و نیشتمانی لای پارتی هێڵی سوورە و هەمووان پابەندن بە ڕاگرتنی ئەو پیرۆزییەی كە لە سەر دەستی ڕابەری كورد مەلامستەفا بارزانی چەسپێندرا

 

(*)

ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان

 

Top