ڕێكاری پێویست بۆ دەنگدانی ئاوارەكان لە هەرێمی كوردستان گیراوەتە بەر
ئاژانسی فەرمی هەواڵی عێراقی لە زاری عەلی عەباس بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کاروباری لقەکان لە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بڵاوی كردووەتەوە كە ناوبراو ڕایگەیاندبوو وەزارەت گرنگییەکی تایبەت دەدات بە پرۆسەی دەنگدان لە کەمپی ئاوارەکان و بۆ ئەم بەمەستەش لەنێوان وەزارەت و کۆمسیۆن لیژنەی هاوبەش پێکهێنراوە.
ناوبراوئاماژەشی بەوەدا كە دەنگدان لە کەمپەکان بەچاودێریی نێودەوڵەتیدا بەڕێوە دەچێت، بەتایبەتی لە کەمپەکانی هەرێمی كوردستان.
بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کاروباری لقەکان لە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق جەختی لەوە كردەوە كە بەهۆی ئەوەی ئاوارەکان ناتوانن لە شوێنی خۆیان دەنگ بدەن، هەربۆیە لە پارێزگای دهۆک لەناو کەمپەکاندا ٢٤ بنکەی دەنگدان و لە پارێزگاری سلێمانیش لە نزیک کەمپەکان بنکەی دەنگدانیان بۆ تەرخان کراوە.
سەبارەت بەو ئاوارانەی لە دەرەوەی کەمپەکاندا نیشتەجێن ڕوونی كردەوە كە ئەو ئاوارانە تەواوی زانیارییەکانیان نوێ کردوونەتەوە و بنکەی دەنگدانیان لە هەریەک لە پارێزگای هەولێر و سلێمانی بۆ تەرخانکراوە.
شایانی باسە بڕیارە ڕۆژی یەک شەممە ڕێکەوتی ١٠ی تشرینی یەکەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت و زیاتر لە ٢٥ ملیۆن دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەیە بۆ هەڵبژاردنی ٣٢٩ ئەندام پەرلەمان.