سەدان کۆچبەر گەیشتنە شاری لامپێدۆسای ئیتالیا

سەدان کۆچبەر گەیشتنە شاری لامپێدۆسای ئیتالیا

 

وەزارەتی ناوخۆی ئیتالیا ڕۆژی سێشەممە (28ی ئەیلول) ڕایگەیاند: سەدان کۆچبەر بە بەلەم گەیشتوونەتە دوورگەی لامپێدوزا لە باشووری ئیتالیا.

بە وتەی بەرپرسانی ناوخۆ، بەلەمێکی گەورە 686 کەسی بەدرێژایی شەو گواستووەتەوە بۆ دوورگەکە و 67 کەسی دیکەش پاش ڕزگاربوونیان لەلایەن پۆلیسەوە گەیشتنە بەندەر، بە لەمی بچووکتر.

وەزارەتی ناوخۆی ئیتالیا ئەوەشی گوت: کە گروپەکەی کۆچبەران گواستراونەتەوە بۆ کەشتییەکی دیكە بۆ كەرەنتینە كردن بەهۆی سەرهەڵدانی کۆرۆنا و تووشبووانی زۆر لە جیهاندا.

دوورگەی لامپێدوزا یەکێکە لە خاڵە سەرەکییەکانی چوونە ژوورەوەی پەناخوازان کە هەوڵی چوونە ناو ئەوروپا دەدەن. 

ئیتالیا چەندین جار داوای لە حکومەتەکانی دیكە کردووە، کە هاوکاریی بکەن بۆ ئەوەی باشتر پرسی پەناخوازان چارەسەر بکەن.

لویجی پاترۆناجیۆ، سەرۆکی داواکاریی گشتی ئاگریجنتۆ لە باشووری سیسیل بە راگەیاندنەکانی ناوخۆی گوت:"هاوكاریی دادوەری نێودەوڵەتی پێویستە بۆ نەهێشتنی کۆچی نایاسایی و نەهێشتنی توندوتیژی و پێشێلکاری و ڕووداوەكانی دڵتەزێن.

بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی ناوخۆی ئیتالیا، لە سەرەتای ساڵی 2021ەوە تا 27ی ئەیلولی 2021 نزیکەی 44 هەزار و 800 کۆچبەر چوونەتە ناو کەنارەکانی ئیتالیاوە، کە ئەم ئامارە  بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو 23 هەزار و 517 کەس زیاترە.

بێ گومان ژمارەی کۆچبەرانی نایاسایی لە نۆ مانگی یەکەمی ساڵی 2021دا کەمترە لە ساڵی 2015 کە سەدان هەزار کۆچبەر لەبەر هەژاری و ململانێ لە ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵهاتوون و بە ڕێگای دەریایی مەترسیدار خۆیان گەیاندووەتە ئەوروپا.

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

Top