كابینەی نۆیەمی حكومەت توانی هەرێمی كوردستان بخاتە سەر نەخشەی هەوڵە جیهانییەكان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی كەش و هەوا

كابینەی نۆیەمی حكومەت  توانی هەرێمی كوردستان بخاتە سەر نەخشەی هەوڵە جیهانییەكان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی كەش و هەوا

 

 

لەبەر مەترسیی ئاسەوارە زیانبەخشەكانی گۆڕانی كەش و هەوا لە هەرێم و عێراقدا، دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگەی هەرێمی كوردستان بە هەماهەنگیی لەگەڵ وەزارەتی ژینگەی عێراق لە ڕێگەی لێژنەی باڵای تایبەت بە گۆڕانكاریی كەش و هەوا لە هەرێمی كوردستان، كە دەستەی ژینگە سەرۆكایەتی دەكات و، نوێنەری زۆرێك لە وەزارەت و دەستەكانیش ئەندامن تیایدا، توانی ئەركەكانی هەر وەزارەت و دەستەیەك دیار بكات لە بواری كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی گازە گەرمكارەكان و خۆگونجاندنیش لەگەڵ هەندێك لە ئاسەوارەكانی گۆڕانی كەش و هەوا، هەروەها لە ڕووی پەیكەریشەوە ئەنجومەنی وەزیران ڕەزامەندیی نیشان دا، لە سەر كردنەوەی بەشی گۆڕانكاریی كەش و هەوا لە دەستەی ژینگە وەك بەدەمەوەچوونێك بۆ ئەو بایەخپێدانە جیهانییەی كە هەیە بۆ پرسی گۆڕانی كەش و هەوا، ئێستاش ئەمە جگە لە هاندانی بەردەوامی دەستەی ژینگە بۆ هەماهەنگیی لەگەڵ ناوەندە سەرەكییەكانی تایبەت بەم پرسە گرنگە، یەكێك لەو لایەنانەش وەزارەتی ژینگەی عێراقە، كە ئەم خاڵانەی لای خوارەوە هەندێكن لە بەرهەمەكانی هەماهەنگیی نێوان دەستەی ژینگەی هەرێم و وەزارەتی ژینگەی عێراق:

1- بەشداریی دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگەی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وەزارەتی ژینگەی عێراق بە سەرپەرشتی بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ گەشەپێدان لە وۆڕكشۆپی ئاستی باڵای مانگی حوزەیرانی ساڵی 2021 بۆ دیاركردنی ئاستی خواستی عێراق لە بەڵگەنامەی پشكدارییە نیشتمانییەكانی عێراق.

لەو بەڵگەنامەیەدا عێراق و هەرێمی كوردستان پابەندبوونی خۆیان ڕادەگەیەنن بۆ دیاركردنی توانا و هەوڵەكانیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی كەش و هەوا بۆ ماوەی دە ساڵی نێوان 2021 هەتا 2030، بە مەرجی سەقامگیریی سیاسی لە عێراقدا بۆ ئەوەی ئەم كارانە ئەنجام بدەن:

یەكەم: كەمكردنەوەی بڕی گازە دەردراوەكانی هۆكاری گەرمی بە ڕێژەی 1% تا 2% بە هەوڵی ناوخۆیی.

دووەم: كەمكردنەوەی گازە دەردراوەكانی هۆكاری گەرمی بە ڕێژەی 15% بە هاوكاریی نێودەوڵەتی.

سێیەم: داواكردنی یارمەتیی دارایی بۆ عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە بە گوژمەی سەد ملیار دۆلار بۆ ماوەی هەر دە ساڵەكە.

چوارەم: بەرهەمهێنانی بڕی 12 گێگاوات لە كارەبا لە سەرچاوەی وزەی خاوێنەوە.

2- كۆبوونەوەی فراوان لە دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگەی هەرێمی كوردستان بە هەماهەنگیی لەگەڵ هەر دوو وەكیلی هونەری و وەكیلی ئیداری و بەڕێوەبەرە گشتییەكان و بەڕێوەبەری بەشە پەیوەندیدارەكانی وەزارەتی ژینگەی عێراق بۆ بڕیاردان لە بارەی:

یەكەم: پێویستیی كاراكردن و جێبەجێكردنی پابەندییەكانی نێو بەڵگەنامەی پشكدارییە نیشتمانییەكانی عێراق.

دووەم: بەجێهێنانی ئامانجەكانی گەشەپێدانی بەردەوام و قەڵاچۆكردنی هەژاری و پاڵپشتیكردنی توێژ و چینە فشۆڵ و زیانلێكەوتووەكان بە هۆی گۆڕانی كەش و هەوا كە هەندێك لە ئاسەوارەكانی لە عێراق و هەرێمی كوردستانیشدا دەركەوتوون، وەك كەمئاویی و بەبیابانبوون و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و كەمبوونەوەی ڕووبەری سەوزایی.

سێیەم: داواكردن لە دەستە و دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان بۆ پاڵپشیكردنی هەرێمی كوردستان بە تەكنۆلۆژیای هاوڕێی ژینگە و سوودوەرگرتن لە سەرچاوەكانی وزەی نوێبووەوە و خاوێن.

چوارەم: سوودوەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتانی پێشكەوتوو بۆ گواستنەوە بەرەو كشتوكاڵكردنی زیرەك و فرەچەشنكردنی ئابووری.

پێنجەم: بایەخدان بە وەبەرهێنانی ژینگەیی و زەمینەسازی و ڕەخساندنی دەرفەت بۆ كۆمپانیا بیانییەكان بۆ كاركردن لە بواری وەبەرهێنانی ژینگەییدا، وەك ئەو جۆرە پڕۆژانەی كە دەبنە مایەی كەمكردنەوەی گۆڕانكارییەكانی كەش و هەوا، یان بە هۆیانەوە مرۆڤ دەتوانێت خۆی بگونجێنێت لەگەڵ ئاسەوارەكانیدا، لە نموونەی ئەو پڕۆژانە:

1- پڕۆژەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا لە وزەی خۆر و ئاو و با.

2- پڕۆژەكانی دابینكردنی هۆكارەكانی گواستنەوەی گشتیی بەردەوام.

3- پڕۆژەكانی تایبەت بە بینا و باڵەخانەی ژینگەیی ناسراو بە بیناكردنی سەوز.

4- پڕۆژەكانی تایبەت بە دامەزراندنی بانكی سەوز و دۆزینەوەی هەلی كار و پیشە سەوزەكان.

5- پڕۆژەكانی دامەزراندنی پارێزراوە سروشتییەكان و پاراستنی بایۆدایڤێرسیتی و فرەجۆریی زیندەوەرەكان.

6- پڕۆژە بچووكەكانی تایبەت بە لاوان و ئافرەتان لە بواری ئەو كارانەی كە ئاسەوارەكانی گۆڕانكاریی كەش و هەوا كەم دەكەنەوە.

7- پڕۆژەكانی ڕیسایكلینیی ئاوی قورس و پاشەڕۆكان.

8- پڕۆژەكانی سەوزكردنی شارو زیادكردنی ڕووبەری سەوزایی.

9- پڕۆژەكانی پاڵاوتنی نەوت بە تەكنۆلۆژیای نوێی ناسراو بە تەكنۆلۆژیای سەوز.

10- پڕۆژە هاوبەشەكانی نێوان هەردوو كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت لە بواری دابینكردنی وزەی خاوێندا.

Top