راستگۆیی و بەرپرسیارێتیی پارتی سەركەوتنێكی مێژوویی لەم هەڵبژاردنە تۆمار دەكات

راستگۆیی و بەرپرسیارێتیی  پارتی سەركەوتنێكی مێژوویی  لەم هەڵبژاردنە تۆمار دەكات

 

هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، هەڵبژاردنیكی چارەنووسسازە، جیا لەوەی دەوڵەتی ئیستای عێراق دەوڵەتیكی ناسەقامگیرە لە ڕووی ئاسایش و حوكمڕانییەوە، لە هەمانكاتدا ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بە وەرچەرخانێكی مێژووییدا تێدەپەڕێت، ئەگەر ئەم هەڵبژاردنە عێراق وەك دەوڵەت ڕاست نەكاتەوە، ئەوا بارودۆخێكی زۆر ناجۆر و سەخت بۆ عێراق دێتە ئاراوە. هەرێمی كوردستانیش كە بەشێكە لەم دەوڵەتە، لە سایەی لۆژیك و سیاسەتی سەرۆك بارزانی تا ڕاددەیەكی زۆر وەك قەوارەیەكی سیاسیی سەقامگیر، خۆی لەو پاشاگەردانییەی بەغدا پاراستووە و، بەشداریشمان لەم هەڵبژاردنە بۆ ئەوەیە، بە دەستێكی بەهێزەوە بەشداری لە دووبارە بونیادنانەوەی عێراقدا بكەینەوە و، سەرلەنوێ پەیوەندییەكانی هەرێم لەگەل ناوەند لە چوارچێوەی دەستووری عێراق ڕێك بخەینەوە و، دەستووری عێراقیش وەك سەفقەیەك بكەوێتە واری جێبەجێكردن، بە جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستوورەكە و، چارەسەركردنی كێشەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان.

ئەركی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ چەسپاندن و جێبەجێكردنی مافە دەستوورییەكانی گەل و، پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان، ئەركێكی هێجگار سەختە و، مێژووی خەباتی پارتی دیموكراتی كوردستانیش شاهێدی ئەو ڕاستییەیە كە هەردەم پارتی دیموكراتی كوردستان پارێزەر و قەڵغانی كوردستان بووە و، تەنیا هێزە كە لە بەرامبەر دوژمنانی كوردستاندا، قارەمانانە ڕاوەستاوە و خۆی نەچەماندووە، لە مەیدانی خەباتی سیاسی و دیپلۆماتیشدا، ئەوە هەر پارتی دیموكراتی كوردستانە كە لە ناوەندە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكاندا و لە میانەی حكومەت و پەرلەمانی كوردستانەوە، نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی ئیرادەی گەلی كوردستانی كردووە، هەر بۆیە ئەم ئەركە قورسانە پێویستی بەوەیە كە ئیرادەیەكی بەهێزی لە پشتەوە بێت، كە ئەویش متمانەی خەڵكی كوردستانە بە كاندیدانی پارتی دیموكراتی كوردستان و، چەندە پارتی شكۆ و هێزی لە ناو پرۆسەی سیاسیی عێراقدا گەورە بێت، هێندە چارەنووس و ئایندەی گەلی كوردستان لەدەستێكی ئەمیندا دەبێت.

پارتی دیموكراتی كوردستان هەموو كات دوای پشتیوانیی خودا و چیا سەركەشەكانی كوردستان، بڕوا و متمانەی بە ئیرادەی خەڵكی كوردستان هەبووە و، پێداگری ئەوە بووە كە تا ئیرادەی خەڵكی كوردستان زیندوو بێت، هیچ داگیركارێك ناتوانێت خەونەكانی خۆی لەسەر خاكی پیرۆزی كوردستان بەدی بهێنێت، ئەمەش چۆن لە ڕیفراندۆمی ئەیلوولی 2017 ئیرادەی خەڵكی كوردستانی بۆ ئازادی و سەربەخۆیی پیشانی جیهان دا، بە هەمان شێوە دوای پیلانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 ش، جارێكی دیكە هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە ڕێبەرایەتیی سەرۆك بارزانی بۆ جیهانی سەلماندەوە، كە شەڕكردن لەگەڵ ئیرادەی خەڵكی كوردستان سەردانە لە تاشەبەردی چیا سەركەشەكانی كوردستان، ئەم داكۆكیكردن و بەرگریكردنەی پارتی دیموكراتی كوردستان، جارێكی دیكە بێجگە لەوەی هیوا و ئومێدی بۆ هەموو خەڵكی كوردستان بونیاد نایەوە، لە هەمانكاتدا خەڵكی كوردستانیش لە هەڵبژاردنەكانی 2018 متمانەیەكی گەورەیان بە پارتی دا و، كردیانە پارتی یەكەم لە سەر ئاستی تەواوی عێراق.

گەڕانەوە بۆ مێژووی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە دەنگی بەرز ئەوەمان پێ دەڵێت، كە پارتەكەمان هەرگیز دروشمی بێ بنەمای بەرز نەكردووەتەوە و، ئەو بەڵێنەی بە خەڵكی كوردستانی دابێت، وەك خۆی جێبەجێی كردووە، بۆیە هەموو كات پارتی و جەماوەری كوردستان دوو جمك بوون، هەرگیز لێك جیا نەبوونەوە و، ئەندام و لایەنگران و جەماوەری پارتی دیموكراتی كوردستانیش، پشتئەستوور بەم متمانە گەورەیەی جەماوەری كوردستان، لە ڕۆژی 10ی ئۆكتۆبەری داهاتوو پێشمەرگە ئاسا دەچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان و، دەنگ بە كاندیدانی پارتی دیموكراتی كوردستان دەدەن.

لە دوماهیی ئەم پەیڤە كورتەمدا، پێش ئەوەی ڕوو بكەمە ئەندام و لایەنگرانی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە سەربەرزییەوە ڕوو دەكەمە تەواوی خەڵكی كوردستان، بە جیاوازیی ئایین و نەتەوە و بیروباوەڕی سیاسییەوە و پێیان دەڵێم: ڕاستە لە ڕۆژە سەختەكاندا بەشی شێری قوربانیدان بەر پارتی دیموكراتی كوردستان كەوتووە، بەڵام بەرهەمی ئەم سەركەوتن و قوربانیدانەش بۆ تەواوی خەڵكی كوردستان بووە و، لە پێناوی پاراستنی شكۆی خاك و كەرامەتی تەواوی خەڵكی كوردستان بووە، بۆیە داوای ئێمە ئەوەیە، لەسەر سندوقەكانی دەنگدان دەست بخەنە سەر ویژدانی خۆتان و، دەنگ بەو كاندیدانە بدەن كە پارتەكەیان لە پێناوی شكۆی كوردستان سڵی لە قوربانیدان نەكردووەتەوە، ئەندام و لایەنگر و جەماوەری پارتی دیموكراتی كوردستان جیا لەوەی ئەركی سەرشانیانە خۆیان بچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان، لە هەمانكاتدا، ئەركی خۆشیانە هاریكاریی تەواوی خەڵكی كوردستان بكەن، بۆ ئەوەی بەشی هەرە زۆریان بچنە دەنگدان وخۆیان لەو مافە بێبەش نەكەن.

سڵاو بۆ شەهیدانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی كوردستان، سڵاو بۆ ئەو پیشمەرگە قارەمانانەی لە پێناوی شكۆ و پاراستنی هەرێمی كوردستاندا خۆیان نەچەماند و، ڕێگەیان نەدا داگیركەران خەونەكانیان بهێننە دی

 

 

(*) 

ئەندامی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان

 

Top