ئێزگەی دەنگی كوردستان.. مێژوو.. بەردەوامی

 ئێزگەی دەنگی كوردستان.. مێژوو.. بەردەوامی

ڕۆژی 28ی ئەیلوولی 2021، پەنجاوهەشتەمین ساڵیادی دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی كوردستانە، كە لەسەر دەستی ڕابەری نەتەوەیی مستەفا بارزانی-ی نەمر و لە سێیەمین ساڵەی شۆڕشی ئەیلوولی مەزندا دامەزرا.

دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی كوردستان، وەرچەرخانێكی مێژووییە لە دونیابینیی سەركردایەتیی شۆڕشی ئەیلوول و، لە شێواز و كاروانی خەباتی گەلی كوردستان و هەوڵە بەردەوامەكانی بزاڤی ڕزگاریخوازی كوردستان، لە پێناو گەیاندنی پەیام و داوا ڕەواكانی بۆ هەموو لایەك، هەڵبەت نەك هەر لە ڕووی سیاسییەوە، بەڵكو لە ڕووی میدیایی و ڕۆژنامەوانییشەوە بە هەمان شێوە بوو، دامەزراندنی ئێزگەیەكی ڕادیۆیی تا هەواڵەكانی شۆڕش و پێشمەرگە بۆ گەلی كوردستان و دەوروبەر بگوازێتەوە، پێشڤەچوونێكی چۆنایەتی و جۆرایەتیی گەورە بوو، بەتایبەتی بۆ ئەو ڕۆژگار و بارودۆخەی تێیدا دامەزرا.

گرینگیی ئێزگەی دەنگی كوردستان

 ئێزگەی دەنگی كوردستان، هەر بە تەنیا لە لایەنە مێژووییەكەیەوە نییە، بەڵكو بەردەوامیی ئەم ئێزگەیە، دیوێكی دیكەی پرشنگدارە، ئاخر بەردەوامی بۆ ماوەی پەنجا و ئەوەندە ساڵە، سەرباری ئەو هەموو ئاستەنگ و سەختییانە و، ئەو هەورازونشێوە، هونەر و كارامەییەكە كە ڕەگەكەی وا لەو پشوودرێژییەدا كە بارزانی-ی نەمر و ڕێبازەكەی پێ دەناسرێتەوە. كاتێك گوێ لەو تێكۆشەرانە دەگرین كە لە دامەزراندنی ئەم ئێزگەیەدا ماندوو بوون و، كاریان تێدا كردووە و، لە بەردەوامییەكەیدا نەخشیان هەیە، كە لە بن بۆردوومانی فڕۆكە و تۆپخانەی داگیركەراندا، كۆڵ بە كۆڵ، ئەشكەوت بە ئەشكەوت، لەم چیا بۆ ئەو چیا، كەرەستەكانی ئێزگەیان گواستووەتەوە، مرۆڤ غەیری سەرسامبوون و دەست لەسنگدان بۆ ئەو تێكۆشان و خەباتە مەردانەیە، ئیختیارێكی دیكەی نییە.

لەگەڵ ئەوەی ئەو بار و زرووفەی ئێزگەی دەنگی كوردستانی پێدا تێپەڕیوە و، ئەو قۆناغە جیاجیایانەی بڕیونی، بەراورد بە ئەمڕۆ، لە هەموو ڕوویەكەوە ئاسمان و ڕێسمانە، بەڵام هەر بۆخۆی كاركردن لە ئێزگەی دەنگی كوردستان و بەشداربوون لە دەستباری بەدەوامبوونیدا و، ناوهێنانمان لە تەك ئەو شەهید و كەڵە تێكۆشەر و ئەو ڕۆشنبیر و نووسەرە گەورانەی مێژووی ئێزگەیان ڕەنگڕێژ كردووە، بۆ ئێمەی كارمەندانی ئەمڕۆ، شانازییەكی گەورەیە.

ئێزگەی دەنگی كوردستان كە لە بارودۆخێكی زۆر سەختدا بە كەرەستەی زۆر سەرەتایی، بەڵام بە ماندووبوونێكی دڵسۆزانە و هیممەت و حەماسەتێكی شۆڕشگێڕانەوە دامەزرا، ئەمڕۆ بە پاڵپشتیی سەرۆك بارزانی و سەركردایەتیی پارتیمان و دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن، بە پەیام و كەرەستە و تەكنەلۆجیایەكی سەردەمیانە، كە لەگەڵ گۆڕانكارییە سیاسی و كۆمەڵایەتی و كولتوورییەكانی ئەمڕۆدا بگونجێت، بەردەوامە، بەردەوامیی هەر دەزگا و پڕۆژەیەكیش لە وڵاتێكی وەك كوردستاندا، هونەرە، هونەرێكی باڵا.

لە ڕۆژی داگیرساندنی پەنجاونۆیەمین مۆمی تەمەنی ئێزگەی دەنگی كوردستاندا، پەیمانی وەفا بۆ سەركردەی نەتەوەكەمان، بارزانی-ی نەمر دووپات دەكەینەوە.

سڵاو لە گیانی پاكی ئەو شەهیدانەی لە كاتی كاركردندا گیانی خۆیان پێشكەش بە پاراستن و مانەوە و بەردەوامیی ئێزگە كردووە.

سڵاو بۆ هەموو ئەو تێكۆشەر و ڕۆشنبیر و نووسەر و ڕۆژنامەوانە ئازایانەی، ڕۆژێك لەم تەلاری سەروەرییەی بزاڤی ڕزگاریخوازیی كوردستاندا خشتێكیان لەسەر خشتێك داناوە.

بە متمانە و پشتیوانیی هەموو لایەكیش، ئێزگەی دەنگی كوردستان، ئیزاعەكە، هەر بەردەوام دەبێت...

 

 

 

بەڕێوەبەری ئێزگەی دەنگی كوردستان

 

Top