پارتی دیموكراتی كوردستان واتە: كردار، سیمبول، ئازادی، ژیان، پارتێكە بۆ هەمووان

پارتی دیموكراتی كوردستان واتە: كردار، سیمبول، ئازادی، ژیان، پارتێكە بۆ هەمووان

 

بۆ ئایندەیەكی باشتر بۆ خەڵكی كوردستان و عێراق، لە پێناو چەسپاندنی دیموكراسی و ژیانێكی ئارام و سەقامگیردا، بۆ چەسپاندنی بنەماكانی سازان، شەراكەت و هاوسەنگی لە هەرێم و عێراقدا، لە پێناو دادپەروەری و یەكسانی لە بەردەم یاسادا، بۆ هەنگاونان بۆ دامەزراندنی سیستمێكی پێشكەوتووی تەندروستیدا، لە پێناو سیستمێكی پێشكەوتووی پەروەردەدا، بۆ پاراستنی ئاشتیی كۆمەڵایەتی و پێكەوەژیان، بۆ دابینكردنی مافەكانی منداڵان، لە پێناو داكۆكیكردن لە مافەكانی ئافرەتان، لە پێناو بەرگریكردن لە توێژی لاوان، بۆ ئەوەی عێراق دەوڵەتی هەمووان بێت و بۆ ڕێگرتن لە توندڕەویی ئایینی و مەزهەبی، لە پێناو بەرزكردنەوەی ئاستی وەرزش، بۆ كۆمەڵگەیەكی مەدەنی و هۆشیار و پێشكەوتوو، بە مەبەستی چاكسازی لە سیستمی كارگێڕی و دارایی عێراقدا، بەڵێ بۆ جێبەجێكردنی دەستوور. بە ئامانجی ڕێزگرتنی مافەكانی مرۆڤ لە عێراقدا، گەر دەتەوێت یاسایەكی شەفافی نەوت و گاز لە عێراقدا دەربچێت، بۆ ئەوەی لە عێراقدا هەموو نەتەوە و ئاین و ئاینزا و هزرە جیاوازەكان ئازاد بن، لە پێناو ئەنجامدانی ئاماری گشتی لە عێراقدا، بۆ دابینكردنی ماف و ئازادییەكانی تێكڕای هاووڵاتیانی عێراق، دەنگ بە كاندیدانی پارتی بدەین.

 

سیروان تۆفیق شفیق:

پارتی لە ماوەی ڕابردوو خزمەتێكی زۆری خەڵكی كوردستانی

كردووە و پارێزەری خاك و وڵات بووە

 

لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگدان بە پارتی ئەركە، نەك منەتكردن بەسەر ئەو حزبەدا، لەبەر چەندین هۆكاری دیار كە هەم فراكسۆنی پارتی و هەم ئەندام پەرلەمانەكانی پارتی لە ڕابردوو و لە خولەكانی پێشتردا، پێشمەرگە ئاسا بەرگرییان لە ماف و دەستكەوتەكانی میللەتی كورد كردووە و، هەردەم ڕێگربوون لە سەپاندنی ئیرادەی زۆرینە بەسەر گەلی كورددا، لە كاتێكدا چەندین نوێنەری بەناو خەڵكی كوردستان بووبوونە هۆی بڕینی مافی گەلی كوردستان، بەڵام پارتی لە ماوەی ڕابردوو خزمەتێكی زۆری خەڵكی كوردستانی كردووە و پارێزەری خاك و وڵات بووە بە ڕابەرایەتیی جەنابی سەرۆك بارزانی. پارتی ئەو حزبەیە كە هیچ كات پشتی لە خەڵكی كوردستان نەكردووە و لە هەموو خۆشی و نەهامەتییەكاندا لەگەڵیاندا بوو، ئەمە جگە لە ڕۆڵی پارتی لە ناوچەكە و پاراستنی ئەزموونی كوردستان، كە پارتی تاكە حزبە كە شایانیەتی دەنگ بە كاندیدەكانی بدرێت، چونكە ئەوان قوتابی قوتابخانەیەكن پێشمەرگە ئاسا دەبنە پارێزەری مافەكانی میللەتی كورد لە بەغدا.

 

مینا تەها:

 

دەنگ بە پارتی دیموكراتی كوردستان دەدەم چونكە كاری لەسەر مافی ئافرەت كردووە

من بۆیە دەنگ بە پارتی دیموكراتی كوردستان دەدەم، چونكە بەرگریی لە مافە نەتەوەیی و نیشتیمانییەكان دەكات، چۆن لە ڕابردوودا بەرگریی لە مافەكانی كورد كردووە، دڵنیام لە داهاتووشدا هەمان هەوڵدەدات بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواكانی كوردستان، هەروەها پارتی دیموكراتی كوردستان خاوەن زۆرترین دەنگە لەسەر پارتەكان لە هەموو عێراقدا، من وەكو تاكێك دەنگم بۆ لیستی پارتی دیموكراتی كوردستانە، چونكە مافەكانم زامن دەكات و هەوڵدەدات بۆ بەدەستهێنانی داهاتووی كوردستان و دەوڵەتی سەربەخۆ، پارتی خەمخۆری هەموو چین و توێژەكانە لە كۆمەڵگەدا، گەنجان و ئافرەتان و منداڵان و پیر و هەژاران، دواتریش كاری لەسەر مافی ئافرەت كردووە و بەشدارییان پێ كراوە لە پرۆسەی سیاسی و كۆمەڵایەتیدا، تا ڕۆڵی ئافرەت بەرز بنرخێندرێت، تا بەشداری كارا بن لە پرۆسەی سیاسیدا، كە خاڵێكی گرنگە تا ئافرەتانیش وەكو پیاوان ڕۆڵی خۆیان لە گشت بوارەكانی ژیاندا بگێڕن، مێژووی پارتی دیارە كە ڕۆڵی هەبووە لە خزمەتكردنی كوردستان و هەرێمێكی ئاست بەرزدا، بۆیە بە دەنگدانمان لەسەر ئاستی عێراق و وڵاتانی دەرەوەش دەتوانین كوردستانێكی بەهێز و درەوشاوەترمان هەبێت.

 

كوردستان بە پارتیەوە پێشكەوتوو و جوانتر دەبێت

 

بەناوی ستافی سالۆن دانێلا vip: سەرەتا داوا لە خەڵك دەكەین كە ڕۆژی هەڵبژاردن بچنە سەر سندووقەكانی دەنگدان و دەنگەكانیان نەفەوتێنن، بتوانن ئەو پارتە هەڵبژێرن كە ساڵانێكە خزمەت بە كورد و كوردستان دەكات، ئەو پارتەی كە لە ژێر سایەیدا بەئازادی كارەكانمان دەكەین، ئێمە وەك ستافی ساڵۆن دانێلا، هەمیشە دەنگمان بۆ دێرینترین پارتی كوردستانە، كە لە سایەی حوكمڕانیی ئەودا پێكەوە ژیانێكی ئاسوودە دەبەینە سەر، هەموومان بە خۆشی و شادی لەنێو ماڵ و شوێنی كاردا هەست بە ئەمان دەكەین، بۆیە دەمانەوێت خەڵكی كوردستان و هەودارانی ساڵۆن دانێلا دەنگ بە باشترین حزبی كوردستان بدەن، تا ژیانێكی سەقامگیر و خۆشتر و پڕ ئارامی بۆ هاووڵاتیانی كوردستان دابین بكرێت، هەروەها بۆ دەستكەوتنی مافەكانمان لە عێراق و گەڕانەوەی كەركووك و ناوچە جێناكۆكەكان بۆ باوەشی هەرێمی كوردستان، لە پێشوودا دەنگمان بەو پارتە داوە و لێی پەشیمان نین و شانازیشی پێوە دەكەین، بەهیوای زۆرترین دەنگ بۆ پارتە دێرینەكەی كوردستان.

 

 

حەسەن ساڵح:

ئەگەر هێشتا خۆت یەكلا نەكردۆتەوە بێ خەم بە و دەنگ بە لیستی پارتی بدە

 

 

پارتی وەك سەرچاوەی بیركردنەوە و فیكر و مەعریفەت، لە ساڵانێكدا دامەزرا كە توانی چەندین شۆرش و ڕاپەڕین بكات، تا مافەكانی كورد بە دەست بهێنێت، خەڵكی كوردستان باش دەزانن، پارتی ئەو حزبەیە كە پەرلەمانتارەكانی لە بەغدا تەنیا شەڕ بۆ مافە ڕەواكانی گەلەكەیان دەكەن، هیچ كارێكی دیكە ناكەن و وەك ئەوانی دیكە نەبوونەتە كەواسووری بەر لەشكری داگیركەران، زۆرینەی دەنگدەرانی كوردستان ئەو ڕاستییانە و دەیان ڕاستیی دیكەش باش دەزانن، بۆیە دەنگ بە كاندیدانی لیستی پارتی دەدەن، تۆی دەنگدەریش ئەگەر هێشتا خۆت یەكلا نەكردۆتەوە، بێخەم بە و دەنگ بە لیستی پارتی بدە، دڵنیابە ئاییندەی هەرێمی كوردستان بە سەركەوتنی پارتییەوە گەشتر دەبێت، دەنگدان بە پارتی دیموكراتی كوردستان واتە دەنگاتە بە بەدەستهێنانی ماف و تەواوی ئاستەكانی ژیان، داوا لە خەڵك دەكەم ئەو پارتە شۆڕشگێرە هەڵبژێرن، تا داهاتوویان مسۆگەر بێـت.

 

رێبوار ئیسماعیل شێخ بزێنی:

بۆیە دەنگ بە پارتی دەدەم

چونكە كلیلی چارەسەری هەموو كێشەكانی كوردستانە

 

ئەگەر بە ویژدانەوە حوكم بدەین، دەبینین تەنیا جەنابی سەرۆك دەتوانێت چارەسەری كێشەی عێراق بكات، هەر پێشمەرگەی كوردستان بوو كە ئەفسانەی داعشی تێك شكاند، هەر پێشمەرگە بوو هەموو شەڕەكانی كوردستانی كرد، سەرۆك بارزانی بە لێزانینی خۆی توانی هە موو دونیا بێنێتە كوردستان، سەیری هەولێر بكەن لەو پەڕی ئەمان و ئارامی و پێشكەوتندایە، بەڵام دوژمنان چاویان بە خۆشی و كامەرانی هەولێر هەڵنایەت، نەیاران ماوە ماوە كێشەمان بۆ دروست دەكەن، بەڵام ئەم خاكە لەدەستێكی ئەمیندایە و بەو هەوڵە نەزۆكانە لاواز نابێت، هەرێمی كوردستان لە سایەی پارتییەوە بۆتە پێگەیەكی بەرز بۆ پەیوەندیی دیپلۆماسی و تێگەیشتن و گفتۆگۆكان، تەنانەت زۆربەی كێشەكانی عێراق لە هەرێمی كوردستان چارەسەر دەكرێن، كارێزمایی جەنابی سەرۆك وایكردووە كە هەموو لایەك بۆ چارەسەری گرفتەكانی ئەم ناوچەیە ڕووی تێ بكەن، بۆیە دەنگ بە پارتی دەدەم، چونكە تاكە پارتە كە توانیویەتی بە درێژایی دەیان ساڵ، داكۆكی لە كورد و مافەكانی بكات، لێرەوە داوا لە خەڵكی كوردستان دەكەم كە دەنگیان بۆ پارتی بێت تا كوردستان زیاتر پێشكەوێت.

 

 

ئەسعەد خەیات:

دەنگدەرانی كوردستان بۆچی دەنگ بە كاندیدانی پارتی دیموكراتی كوردستان دەدەن؟

 

 

لە ساڵی ٢٠٠٥ـەوە كە بەپێی دەستوور پەرلەمانی عێراق دامەزراوە، لە هەموو هەڵبژاردنەكاندا پارتی دیموكراتی كوردستان حزبی یەكەمی كوردستان و لە ئاستی عێراقیشدا ئەگەر یەكەمیش نەبووبێت، لە سێ یەكەمینەكان بووە لە ڕووی ژمارەی كورسییەكانەوە، با لێرەوە بپرسین بۆچی خەڵكی بەشەرەفی كوردستان بەوجۆرە دەنگ بە پارتی دەدەن؟ وەڵامی ئەم پرسیارە زۆر ئاسانە، پارتی نەك هەر تەنیا حزبێكە و خاوەنی زیاتر لە حەفتاوپێنج ساڵ خەبات و قوربانیدانە لە پێناو كوردستاندا، بەڵكوو ئەو حزبەیە كە توانیویەتی لە نێو خۆڵەمێش و ناوچەیەكی تاریكی وەك ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ژیلەمۆیەكی گەش بێت و، هەرێمی كوردستانیش لە سایەی تیمی پارتیدا لە حكوومەت، ئاوەدان و پێشكەوتوو بێت، پارتی ئەو حزبەیە كە ڕۆژێك لە ڕۆژان یەك زەڕە لە كوردایەتی لای نەداوە و ئامادە نەبووە لەبەر هیچ هۆكارێك، دەستبەرداری دۆزی گەلی كوردستان بێت، پارتی خاوەنی شۆڕشەكانی گوڵان و ئەیلوول و خاوەنی داستانە مەزنەكانی كۆڕێ و پردێ و مەحموودیە و سحێلا و دەیان داستانی دیكەیە، بۆیە دەنگدەرانی كوردستان دەنگ بەو لایەنە دەدەن كە لە دوژمنان و تیرۆریستان دەیانپارێزێت. لە كوردستاندا نەتەوەكانی (كورد، عەرەب، توركمان، ئاشووری، كلدان و ئەرمەن) دەژین، هەروەها موسوڵمان و مەسیحی و ئێزدی و كاكەیی و شەبەك و چەندان ئایین و ئایینزای دیكە بە ئازادی مومارەسەی ئایینەكەی خۆیان دەكەن، بۆیە پێش كوردیش، عەرەب و مەسیحی و توركمانەكان دەنگ بە پارتی دەدەن، چونكە ئەم حزبە بە بەشێك لە خۆیان دەزانن.

 

Top