دەستەی دەستپاکیی هەرێم: نزیكەی 700 دۆسیەی گەندەڵی لەژێر لێکۆڵینەوەدان
ئەحمەد ئەنوەر سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی ھەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ھەواڵی فەرمیی عێراق ژمارەی دۆسیەکانی گەندەڵی لە هەرێم ئاشکراکرد و ڕایگەیاند، لەئێستادا، ٦٠٠ بۆ ٧٠٠ دۆسیە لەژێر لێکۆڵینەوەدان و ١٠٠ دۆسیەی دیکەش لە ڕێرەوی دادگاییکردندان.
سەرۆکی دەستەی دەستپاکی ڕوونی كردەوە كە دەستەکەیان راپۆرتی ساڵانەی خۆی ھەیە و لە مانگی حوزەیرانی ئەم ساڵدا پێشکەشی کردووە، جەختیشی كردەوە كە ھێشتا گەندەڵی مەترسییەکی گەورەیە لە عێراق و ھەرێمی کوردستان و پێویستە بنەبڕ بكرێت.
هەر لە لێدوانەكەیدا بۆ ئاژانسی ھەواڵی فەرمی عێراق ئاماژەی بەوە كرد كە هەرێمی كوردستان بەشێکە لە عێراقی فیدراڵ و گێڕانەوەی سامانە بەتاڵانبراوەکان لە رێگای دەستەی دەستپاکی، وەزارەتی دەرەوەی حکومەتی فیدراڵییەوە دەبێت.
ئەحمەد ئەنوەر باس لەوەش كرد كە چەندین بەرپرسی کارگێڕیی تێوەگلاون لە گەندەڵی و دووپاتیشی کردەوە کە دەستەکەیان چاودێریی کەرتی گشتی دەکات لە سەرۆکی بەشەوە تا دەگاتە بەڕێوەبەری گشتی.