ئەو كاندیدانە هەڵبژیرن كە لە بەغدا پارێزەری مافەكانی خەڵكی كوردستانن

ئەو كاندیدانە هەڵبژیرن  كە لە بەغدا پارێزەری مافەكانی خەڵكی كوردستانن

 

لە كاتێكدا هێزە سیاسییەكان و خەڵكی كوردستان بانگەشەی هەڵبژاردن و بەرەو هەڵبژاردنی نوێنەرانمان دەچین بۆ پەرلەمانی عێراق، گەلی كورد لە هەموو كات زیاتر پێویستی بە یەكڕیزی و تەبایی و یەكترقبووڵكردن هەیە. ئایینی پیرۆزی ئیسلام پێمان دەڵێت تەبایی و برایەتی و ئاشتی بپارێزین، ئەمە ویستی خودای گەورەو میهرەبانە بۆ بەندەكانی، لەنێوان نەتەوە و ئایین و ئایینزاكانی گەلی كوردستاندا ئەزموونێكی دەوڵەمەندی پێكەوەژیان و یەكترقبووڵكردن هەیە، دەبێت ئەم كولتوورە جوانە بخزێنینە ناو كاری هەڵبژاردنی نوێنەرانی عێراقیشەوە، ئەركێكی ئایینی هەموو تاكێكی ناو كۆمەڵگەی كوردستانە كە لە ڕۆژی دەنگدان، بچنە سەر سندووقەكانی دەنگدان و دەنگ بەو كاندیدانە بدەن، كە دەبنە نوێنەرانی گەلی كوردستان و خواست و داواكارییەكانی خەڵك لە بەغدا بەدەست دەهێنن و، داكۆكیكارێكی سەرسەختی بەدەستهێنانی مافەكانیانن.

سەرۆك بارزانی لە وتارەكەیدا لە 11ی ئەیلوول جەختی لەسەر گرنگی و هەستیاریی ئەم هەڵبژاردنە كردەوە و، داوای كرد لە بانگەشەی هەڵبژاردندا كەشوهەوایەكی ئارام بپارێزین و لە دوای دەرچوون و چوونی كاندیدەكانیش بۆ بەغدا كەم قسە بكەن و زۆر كار بكەن. ئەركی ئایینی و نیشتمانیی هەموومانە لەم قۆناغەدا رێگە بە پشێوی و دووبەرەكی نەدەین و نەبینە هۆكارێك، خوانەخواستە بۆ پەرتەوازەیی ڕیزەكانی گەلی كوردستان، ئەو پەرتەوازەییەی گەلی كورد تێیدا زیانمەند بووە و مەرام و پلانی دوژمنانی كوردە. هەڵبژاردن و بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عێراق زۆر جیاوازترە لە هەڵبژاردنی كوردستان، ئێمە لە بەغدا پێویستیمان بە نوێنەرانی بەهێز و شارەزای وا هەیە، كە چاوكراوە بن و بەرژەوەندیی تایبەتی و حزبیی خۆیان زاڵ نەكەن بە سەر بەرژەوەندیی گەل و نیشتمان و مافە دەستووری و یاساییەكانی گەلی كوردستاندا، هاووڵاتیان چاوەڕوانی ئەوەیان لە نوێنەرەكانیان هەیە كە بەرگریكارێكی سەرسەختی مافەكانیان بن، نەك لە بەغدا سەرقاڵی ناكۆكی و دژایەتیی یەكتر بن، ئەمەش ئەوە دەخوازێت كە لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەكاندا كاندیدەكانمان لە سەر بنەمای واقیعی و راستگۆیی بەڵێن بە خەڵكی بدەن و، كەشوهەوای هێمنی و ئارامیی بانگەشەكە بپارێزن و، خۆیان لە ناوزڕاندن و قسەی ناشیرین و زبر بپارێزن، چونكە دواجار هەمووان پێكەوە دەچنە بەغدا و ئەركێكی ئایینی و نیشتمانی و نەتەوەیی كۆیان دەكاتەوە، هاوكات لایەنە سیاسییەكان و حزبەكان نابێت هانی كاندیدەكانیان بدەن بۆ بەكارهێنانی وشەی زبر و ناشیرین و تۆمەتبەخشینەوە.

خەڵكی كوردستان باش ئەو ڕاستییە دەزانن كە هەركاتێك كورد لە بەغدا یەكڕیز و تەبا بووبێت، پێگە و دەسەڵاتی بەهێز بووە و دەستكەوتی گەورەش بە دەست هاتووە، ئەم هەڵبژاردنە بۆ خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق، گرنگیی خۆی بۆ گەلی كوردستان هەیە، چونكە لە كاتێكدایە كە كۆمەڵێك كێشە و گرفتی هەڵپەسێردراوی نێوان ئێمە و بەغدا بۆ پەرلەمان و حكومەتی داهاتوو بەجێماوە و، پێویستمان بەوە هەیە كە بەهێز بین لەبەغدا، كێشەكانی جێبەجێنەكردنی ماددەی 140ی دەستووری و قووت و بودجە و مووچەی مووچەخۆران و مافە دەستوورییەكانی هێزی پێشمەرگە و قەرەبووكردنەوە و یاساكانی نەوت و ئەنجومەنی فیدڕاڵی و دەیان ماف و یاسای دیكەی تایبەت بە هەرێمی كوردستان، هەموو ئەمانە پێمان دەڵێن ئەركی سەرشانی هاووڵاتیانە كە دەنگ بەو كاندیدانە بدەن كە لە بەغدا نوێنەرایەتیی كورد و كوردستانییەكان بكەن و، كار بۆ بەدەستهێنانی مافی ڕەوای خەڵكی كوردستان بكەن، نەك لە ئێستاوە بەغدا بكەنە گۆڕەپانی شەڕ و ناكۆكی و ململانێی حزبی و شەخسی. بەهێزكردنی پێگەی كورد ئەوە دەخوازێت زۆرترین كاندیدمان بۆ پەرلەمانی عێراق دەربچێت و بە هەستیارییەوە بیر لە ڕابردوو و داهاتووی كوردستان و خەڵكەكەی بكەینەوە. كورد خەبات و قوربانی و ماندووبوونێكی زۆری داوە تا گەیشتووەتە ئەم قۆناغە، خەڵكی كوردستان مافی خۆیەتی لە ڕێگەی نوێنەرەكانیانەوە و هەموو ئەو حزب و لایەنە سیاسییانەی لە گۆڕەپانەكەدا بەهێزن، كار بۆ بەدەستهێنانی مافەكانیان بكەن و مساوەمە لەسەر مافە دەستووری و یاساییەكان نەكەن، لەلایەكی دیكەوە جیهان و ناوچەكە لە بەردەم گۆڕانكاریی گەورەدایە و ئێمەی كورد ئەگەر چاوكراوە و یەكگرتوو نەبین و خۆمان بۆ هەموو ئەگەر و پێشهاتەكان ئامادە نەكەین، زیانی گەورەمان بەردەكەوێت، بەپێچەوانەوە بە تەبایی و یەكگرتوویی و یەكڕیزی هەمیشە دەستكەوت و مافی گەورەمان بەدەستهێناوە.

 

 

 

(*)

سەرۆكی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلام

 

Top