سۆلاڤ  جیلۆ ئەندامی پێشووی پەكەكە بۆ گوڵان: پەكەكە جێبەجێكاری سیناریۆی ئیقلیمییە دژی سەقامگیریی هەرێمی كوردستان

سۆلاڤ  جیلۆ ئەندامی پێشووی پەكەكە بۆ گوڵان:  پەكەكە جێبەجێكاری سیناریۆی ئیقلیمییە دژی سەقامگیریی هەرێمی كوردستان

 

 

ڕەفتارو هەڵسوكەوتی پەكەكە لە باشووری كوردستان ڕەنگدانەوەی سیناریۆیەكی ئیقلیمییە بۆ گەیاندنی زیان و نانەوەی پشێوی و ناسەقامگیریی بۆ دانیشتوانی هەرێم، خاتوو سۆلاڤ  جیلۆ ئەندامی پێشووی پەكەكە  لە وەڵامی پرسیارەكان گوڵاندا باس لەم ڕەفتارانە دەكات و سوورە لەسەر ئەوەی كە ئەمە تەنیا زیان و ماڵوێرانی ناتەبایی كوردی لێ دەكەوێتەوە.

 

* لەم ماوەیەی دواییدا دوای ئەوەی چەكدارانی پەكەكە چەندین پێشمەرگەی كوردستانیان شەهید كرد، دەبینین كە ئێستا دۆران كالكان باس لە نیشتمانپەروەری و كوردایەتی دەكات، لە هەمان كاتیشدا پاساو دێنێتەوە بۆ تاوانەكانی سەرانی قەندیل و پاكانەیان بۆ دەكات،  بە ڕای ئێوە بۆچی كەسێكی وەك دۆران كالكان بێ باكانە ئاگری شەڕی كورد – كورد خۆش دەكات؟

- ئاشكرایە لای هەمووان كە نەك هەر دۆران كالكان، بگرە هەموو ئەندامانی سەركردایەتیی پەكەكە چاویان بە بارودۆخی سەقامگیریی كوردستان هەڵنایەت و تا پێیان دەكرێت دژایەتیی دەكەن، وێڕای ئەمەش ئەندامانی خۆشیان بەو هەڵوێستە خراپە تێدەگەیەنن، كالكان و هاوشێوەكانی هەوڵی ئەوە دەدەن ئەو ڕەوشە ئازادو سەقامگیرییە تێك بچێت و ئەو قەوارەیەی یەدەست هاتووە نەمێنێت، ئەوان نیگەرانن بەرانبەر ڕۆڵی هەرێمی كوردستان نەك هەر لەسەر ئاستی ناوچەكە، بگرە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش لە پەیوەندی و بەهێزیدا. پەكەكە وەك ڕشتنی قین و كینە بەرانبرە هەرێمی كوردستان پەنا بۆ تیرۆركردن و پەلاماردانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەبات، بۆە لە ماوەی ڕابردوودا چەندین پێشمەرگەی قارەمانی كوردستانیان لە باشوور شەهید كرد، ئەمەش پاساو دەداتە توركیا تا بە زەبری فڕۆكەو تۆپباران پەلاماری ئەو ناوچانەی باشووری كوردستان بدەن، كە ئەنجامەكەی تەنیا شەهیدو برینداربوونی هاووڵاتیانی سڤیل و دەرەبەدەركردنیانە لەسەر زێدی باب و باپیریان، سەرەڕای گەیاندین زیانی ماددی بە موڵك و زەوی وز اری گوندنشینان.

پەكەكە بۆ داپۆشینی كەموكوڕی و كێشە ناوخۆییەكانی خۆی، لە هەوڵی بەردەوامدایە، ئاشووب و كێشە بۆ هەرێمی كوردستان دروست بكات، بە تایبەتیش هەوڵی تەواو دەدات بۆ هەڵگیرساندنی شەڕی كورد- كورد یان كە پێی دەڵێین (شەڕی براكوژی)، پەكەكە بەم هەڵسوكەوت و ڕەفتارانە ڕووی خۆی لە پێش خەڵكی كوردستان و تەنانەت كوردیی باكوورو كۆمەڵگای نێو دەوڵەتیش ناشیرین كردووە، دیارە كە پەكەكە هەمیشە وێنایەكی خراپ و قێزەوەنی پیشان داوە، بەردەوام بەدوای بەرژەوەندیی تایبەتیی خۆیەوەیەتی.

* سەرانی پەكەكەی قەندیل بۆ شاردنەوەی شكستەكانیان و بێ دەسەڵاتییان كە ناتوانن خەباتی خۆیان لە باكوور بكەن، بیانووی ئەوە دەگرن كە گوایە ئەو شوێنانەی ئێستا چەكدارانی ئەوانی لێن ناوچەی خۆیانن و نابێت پێشمەرگەی كوردستان بێنە ئەو شوێنانەوە، ئایا ڕەوایە پەكەكە بەشێكی هەرێمی كوردستان لە پێشمەرگە قۆرغ بكات؟ ئایا ئەم بانگێشەیەی سەرانی پەكەكە هرە خۆی دەست ڕاكێشانی هێزەكانیتوركیا نییە بۆ ناو هەرێمی كوردستان؟

- ڕاستییەكەی ئەگەر پەكەكە بە نیازی خەباتی چەكداری بێت، پێویستە بگەڕێتەوە شوێنی خۆیان كە باكووری كوردستانە، بە تایبەتیش كە سروشتی باكوور بە شێوەیەكە كە تەژییە لە شاخی سەخت  و دژوار و دۆڵ، لەوانەش چیاكانی ئامەدو دێرسیم و زاگرۆس، بەڵام ئەوەی مایەی نیگەرانییە، پەكەكە ئەو شوێنانەی بەجێ هێشتووەو هاتووە لەسەر سنووری باشووری كوردستان كێشەو گرفت بۆ هەرێمی كوردستان دەنێتەوەو تا ئێستا نەیتوانیوە هیچ كردەوەیەكی سەربازی دژی حكومەتی وڵاتەكەی بكات ئاكامەشی دیارە كە جگە لە زیان گەیاندن بە خەڵكی ئەو دەڤەرانە هیچی دیكەی لێ ناكەوێتەوە، هەرێمی كوردستان حكومەت و سیستەمی تایبەتیی خۆی هەیە و خاوەن سەروەرییە، هێزی پێشمەرگەی هەیە كە داكۆكی لێ دەكات .

* سەرۆك بارزانی بڕیاری داوە كە شەڕی كورد- كورد لە كوردستان نەكرێت و كێشەكان بە دیالۆگ چارەسەر بكرێن، بەڵام پەكەكە لەبری ئەوەی بە دیالۆگ و لێكگەیشتن ئەم كێشانە چارەسەربكات و هاوكار بێت بۆ ئەوەی سوپای توركیا لە باشوور نەمێنێت، هێندەی دیكە زەمینە بۆ هاتنە ناوەوەی سوپای توركیا خۆش دەكات، ئایا ئەم ئاراستەی پەكەكە خزمەتی بزاڤی ڕزگاریخوازیی كوردستان بكات؟

-  هەمیشە جەنابی سەرۆك بازانی لەگەڵ ئاشتی بووە، هەوڵی داوە سەرجەم كێشەكان بە دیالۆگ چارەسەر بكرێن، دژی براكوژییە، نایەوێت خوێنی كورد بە دەستی كوردی برای بڕژێت، سەقامگیری و ئازادیی لا مەبەست بووە، هەرێمی كوردستان كە قەوارەیەكی سەربەخۆیە، بە خوێنی هەزران ڕۆڵەی ئەم وڵاتە بەدی هاتووە و خاوەن حكومەت وپەرلەمانی خۆیەتی، ئەم بڕیارەی جەنابی سەرۆكیش كە دەفەرموێت نابێ خوێنی كورد بە دەستی كورد بڕژێت، بۆ بەرژەوەندیی پەكەكەیە، هەنگاوێكی مێژووییە كە بۆ یەكڕیزی و تەبایی كورد هاتووەتە پێێشەوە، پەكەكە بەم ڕەفتارانەی خۆی دوورە لە هەموو داب و نەریتێكی سیاسی و نەتەوەیی، تەنانەت نازانێت سیاسەت بكات و سوورە لەسەر هەڵسوكەوتی نانیشتمانی و نانەتەوەیی.

* ئەوەی ئێستا دەیبسنین ئەوەیە كە پەكەكە هەرێمی كوردستانی كردووە بە گۆڕەپانی شڕو ڕۆژانە هێزەكانی توركیا بە بیانووی بوونی پەكەكە، گوندەكانی كوردستان بۆردومان دەكات، پرسیارەكە ئەوەی، ئەگەر پەكەكە دەیەوێت شەڕی توركیا بكات بۆچی لەناو كوردستانی توركیا نایكات، خۆ چیاكانی توركیا لە چیاكانی هەرێمی كوردستان سەختترن؟

- دوابەدوای دەستگیركردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان ژمارەیەكی زۆری كوڕو كچاانی كورد هاتنە ناو پەكەكە، لەو كاتەدا شەڕێكی گەورەو خوێناوی ڕووی دا، ئەو كاتە سەركردەكانی پەكەكە ویستیان بە بیرو باوەڕێكی دیكە كاربكەن، بەم هۆیەوە شەڕی سەنگەر دروست بوو، بووە هۆی كاولكاری و شەهید بوونی خەڵكی ناوەو گوندەكانی باكوری كوردستان، بەڵام دواتر خەڵكی بەئاگای باكوور لە مەرامەكانی پەكەكە گەیشتن و زانیان كە خەباتیان بۆ كورد و كوردستان نییە، بۆیە ناچار بوو باكوور جێ بهێڵێت و ڕوو بكاتە سنووری باشووری كوردستان.

* چەند مانگێكە توركیا هاتووەتە ناو خاكی هەرێمی كوردستان و گوایە شەڕی پەكەكە دەكات، بەڵام جگە لە كاولكردنی گوندەكان و زیاتر هاتنە ناوەوە، دەبینین هیچ لایەك نە پەكەكە و نەهێزەكانی توركیا زیانێكی ئەوتۆیان نییە، ئایا ئەمە لە سیناریۆیەكی ئیقلمی ناچێت دژی هەرێمی كوردستان بە دەستی پەكەكە جێبەجێی دەكەن؟

- ڕوون و ئاشكرایە ئەمە كتومت لە سیناریۆیەك دەچێت كە پەكەكە جێبەجۆی دەكات لە باشووری كوردستان ئەویش ئەوەیە ئەگەر ئەمە نەكات، ناتوانێت خۆی بپارێزێت، ئەو نیشتمانی ڕاستەقینەی خۆی جێهێشتووە، هاتووتە نێو خاكی كوردستانەوە بەمەش بیانووی داوەتە هێزەكانی توركیا تاكو زیاتر بێنە ناو خاكی باشووری كوردستانەوە، بۆیە دەڵێین پەكەكە كە تۆ وەك میوانێك هاتوویتەتە  نێو خاكی كوردستانی باشوورەوە بۆچی ڕێز لەو میواندارییە ناگریت و خەرێكی نانەوەی پشێوی و شەڕو ماڵوێرانیت؟

* هەموو دەوڵەتانی داگیركاری كوردستان لەسەر ڕەوە كۆكن كە ڕێگربن بۆ دروستبوونی قەوارەیەكی سیاسی بۆ كوردستان، بەڵام لە هەمان كاتدا پەكەكە پەیوەندییلەگەڵ هەر سێ دەوڵەت( ئێران و عێراق و سووریا) لەوپەڕی باشیدایە و هاوكاریی چەك و دارایی دەكرێت، ئایا ئەمە چی لێ دەخوێندرێتەوە؟

- بێ گومان پەكەكە پەیوەندی لەگەڵ ئەو وڵاتانە هەیە كە داگیركەری كوردستانن، ئەو وڵاتانەش دەیانەوێت كێشەو گرفت بۆ هەرێمی كوردستان دروست بكەن، ئەوان دەیانەوێت پەكەكە وەك داردەستێكی خۆیان بەكاربهێنن و ئاژاوەو كێشەی ناوخۆ بۆ هەرێمی كوردستان بنێنەوە. پەكەكە بەو كارو ڕەفتارانەی بووەتە مایەی زیان گەیاندن بە خەڵكی باشوور و ڕۆژانەش ئەو كاولكاری و ماڵوێرانییەی بەدواوەیە. كە تەنیا خزمەتی دوژمنانی گەلی كورد دەكات و دەستكەوتەكانیش لەبار دەبات.

  

 

Top