هونەرمەندان و هەڵبژاردن2/2

هونەرمەندان و هەڵبژاردن2/2

كەمتر لە مانگێك ماوە بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پارتی دیموكراتی كوردستان بە ژمارەیەك پاڵێوراو لە زۆربەی پارێزگاكانی عێراق بەشداری دەكات، هاووڵاتیانیش وەك هەمیشە ئومێدیان بە پاڵێوراوانی پارتی هەیە، چونكە سەركەوتنیان زامنی چەسپاندنی دیموكراسیەت، ئازادی و پێكەوەژیانی ئاشتیانەیە، هونەرمەندان داوا لە خەڵكی دڵسۆزی كوردستان دەكەن بە پەرۆشەوە بچن بۆ بنكەكانی دەنگدان و دەنگ بدەن و مافی  دەستكەوتە شەرعیەكانی كوردستان پارێزراوبن.

هونەرمەند هیوا سوعاد: دەنگ بەو كەسانە بدەن كە زامنی بەدیهێنانی مافەكانتانن

هونەرمەندان و هەڵبژاردن2/2

ئەگەر سەرنج بدەینە وڵاتانی پێشكەوتوو، دەبینین هەوڵەكانیان بۆ بەدەستهێنانی مافە دیموكراتییەكان و چەسپاندنی دیموكراسییەتە لە وڵاتەكانیاندا و، بەردەوامیشن لەو هەوڵ و كۆششانە، چەسپاندنی دیموكراسییەتیش بۆ ئەوەیە كە خەڵك نوێنەری خۆی هەڵبژێرێت و بتوانێت ڕای خۆی دەرببڕێت و بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی بدات، لای ئێمەش هەر كاتێك هەڵبژاردن نزیك دەبێتەوە، كۆمەڵێك گرفت دەهێندرێتە پێشەوە و بیانوو و قسەی باسی وا دەكرێت كە خەڵك لە دەنگدان سارد بكرێتەوە.

لێرەوە دەبێت ئەو ڕاستییە بزانین كە هاووڵاتی كاتێ دەچێتە سەر سندوقی دەنگدان، سێ ئامانجی هەیە، یەكیان ئەوەیە كە هەست بكات لەو وڵاتەدا كە تێیدا دەژی، ئەویش بڕیاردەرە و خۆی نوێنەری خۆی هەڵدەبژێرێت، دووەمیان ئەوەیە كە ئەم وڵاتە دیموكراسییەتی تێدا پیادە دەكرێت، ئامانجی سێیەمیشی ئەوەیە بتوانێت بە هەڵبژاردنی كەسەكان گۆڕانكاری ئەنجام بدات، لە شێوازی بەڕێوەبردنی وڵات. ئیتر ئەمە ئەمانەتێكی گەورەیە كە پێویستە هەموومان پێوەی پابەند بین و بچین دەنگ بدەین، تا لەو ڕێگایەوە بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆمان بدەین و بزانین كێ دڵسۆزە بۆ میللەتەكەی و بۆ دەستەبەركردنی مافەكانمان، ئەوكەسە هەڵبژێرین، منیش وەك هونەرمەندێك تەنیا كاندیدەكانی پارتی بە شایستە ئەو ئەمانەتە دەزانم و دەنگم تەنیا بۆ ئەوانە.

حەمەڕەشید هەرەس: كورد ئەو كوردەیە ئیتر باوەڕ بە قاڵەی دەمی كوردفرۆش نەكات

هونەرمەندان و هەڵبژاردن2/2

كەم كەم لە هەڵبژاردن نزیك دەبینەوە، هەڵبژاردنی ئەو عێراقەی بە ئێستاشەوە، تەمای چاكەی بۆ كوردستان لێ ناكرێت، ئەو عێراقەی بە ویستی ئەوانەی كۆنتڕۆڵی جیهانیان بە دەستەوەیە، ناچارین لە چوارچێوەكەیدا هەڵسوكەوت بكەین، تا دەگەین بە ئامانجە نەتەوەییەكانمان، بێگومان ئەمڕۆ كەوتووینەتە ناو عێراقێكەوە بە هۆی مێلیشیا و، مەزهەب و، گەندەڵییەوە، لە پێشەوەی ئەو وڵاتانەدایە كە ڕۆژ بە ڕۆژ ڕوو لە دواكەوتن و كارەسات دەكات و، ئاسۆیەكی تەڵخ ئێستاو داهاتووی تەنیوە، ئەمە بۆچوونی من نییە، بەڵكو بۆچوونێكی نێونەتەوەییە كە هەر سات ناساتێك دەیدەن بە گوێی جیهاندا، لەم وڵاتە بێسەروبەرەدا كورد بە ناچاری دەبێت هەڵ بكات و ئاسوودەیی بۆخۆی مسۆگەر بكات، من پێم شوورەییە دەنگ بۆ كەسێك بدەم كە هەر لە ئێستاوە خۆی بۆ ئەوە مەڵاس داوە، كە چووە پەڕلەمانی عێراقەوە شانبەشانی دوژمن تەواوكەری كوێرەوەریی خاك و نیشتمانەكەی بێت، كوردیش ئەو كوردەیە ئیتر باوەڕ بە قاڵەی دەمی كوردفرۆش نەكات، خوێندنەوەی بۆ كەسانی مشەخۆر و، كەسایەتیی هەڵبژێردراوی ئەو حیزبانەش هەبێت كە وەك ئیسفەنجێك بۆ هەڵمژینی بیری نەتەوەیی دروست بوون، باشترین پاڵێوراو لە ڕابردوو لەئێستاشدا كە بە بەرپرسیارێتییەوە كاریان كردبێت، نوێنەرەكانی پارتی بوون، بۆیە بەبێ دوودڵی دەنگ بە كاندیدەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان دەدەم.

Top