هونەرمەندان و هەڵبژاردن 1/2

هونەرمەندان و هەڵبژاردن 1/2

كەمتر لە مانگێك ماوە بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پارتی دیموكراتی كوردستان بە ژمارەیەك پاڵێوراو لە زۆربەی پارێزگاكانی عێراق بەشداری دەكات، هاووڵاتیانیش وەك هەمیشە ئومێدیان بە پاڵێوراوانی پارتی هەیە، چونكە سەركەوتنیان زامنی چەسپاندنی دیموكراسیەت، ئازادی و پێكەوەژیانی ئاشتیانەیە، هونەرمەندان داوا لە خەڵكی دڵسۆزی كوردستان دەكەن بە پەرۆشەوە بچن بۆ بنكەكانی دەنگدان و دەنگ بدەن و مافی  دەستكەوتە شەرعیەكانی كوردستان پارێزراوبن.

هونەرمەند جەمال محەمەد: بۆ سەركەوتنمان لە بەغدا پێویستە یەك ڕیز و تەبا بین

هونەرمەندان و هەڵبژاردن 1/2

ئەمڕۆ میللەتەكەمان بە قۆناغێكی هەستیاردا تێدەپەڕێت، ئەویش بریتییە لە خۆئامادەكردن بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، كوردیش وەك لایەنێكی بەهێز، دەیەوێت ڕۆڵی لەو هەڵبژاردنەدا هەبێت، بۆ ئەوەی پێگەمان لە بەغدا بەهێز بێت و بتوانین مافەكانمان بە ڕیگای یاسایی بەدی بهێنین، هەر بۆیە وەك هونەرمەندێكی موزیسیان پشتگیری لەوە دەكەم كە هەر تاكێكی كورد بچێت بۆ دەنگدان، تا بەشێوەیەكی یاسایی گشت مافەكانمان بە دەست بهێنین، چونكە تا ئێستا زۆر لە مافەكانمان بە دەست نەهاتوون، بۆ پاراستنی دەستكەوتەكانی هەرێم و پتەوتر كردنیان و، بۆ مسۆگەركردن و دەستەبەركردنی ئەو مافانە، پێویستە تاكی كورد بە گرنگییەوە لەو بابەتە بڕوانێت و بەشدار بێت لە هەڵبژاردنەكاندا و بزانن كاتی ئەوە هاتووە كورد گشت مافەكانی بەدەست بهێنێت، لە هەمان كاتدا پاڵێوراوە ڕاستەقینەكان هەڵبژێرن، كە شایستەی ئەوەن لە بەغدا نوێنەرایەتییان بكەن و لە پەرلەمان بە هیز و حیكمەتەوە خەبات دەكەن بۆ ئەوەی مافەكانیان مسۆگەر بكەن، دیسان دووبارەی دەكەمەوە، لەو قۆناغەی هەستیارەی ئێستادا كە عێراق و ناوچەكە بە گشتی پێیدا تێپەڕ دەبێت، یەكڕیزی و تەبایی كورد لە بەغدا لە بابەتە هەرە گرنگەكانە، پارتی وەك حزبێكی زیندوو خەمخۆری سەرەكیی ئەم بابەتەیە، بۆیە دەنگم بۆ كاندیدەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانە.

كەمال شێخ ڕووف هەنجیرە: با پەیمانی كۆمەڵایەتی ببێتە دەسەڵاتێكی ڕەهای هەڵبژاردن

هونەرمەندان و هەڵبژاردن 1/2

پرۆسەی هەڵبژاردن لە سیستمی دیموكراسیدا مافێكی گشتییەو هەر وڵاتێك یاسای تایبەتی خۆی لەسەر بنەماكانی پارێزگاری لە مافەكانی تاك دادەڕێژرێت و، پاشان پرۆسەكە بەئەنجام دەگەیەنرێت، هەڵبژاردنی ئەمجارەش كە پەیوەستە بە هەڵبژاردنی ئەندامانی پەلەمانی عێراق، لەم بارودۆخەی عێراقی تیادا دەگوزەرێت، بۆ گەلی عێراق و هەرێمی كوردستانیش زۆر هەستیارە، بۆیە پێویستە لەسەر هەموو تاكێكی كورد زۆر بە لێبوردەییەوە لە ڕۆژی دەنگداندا بەرەو سندوقەكانی دەنگدان بچێت، بە تایبەت هونەرمەندان كە هەستیارانەتر ئەرك و بەرپرسیارێتییان لە ئەستۆدایە، پێویستە هەموو تواناو بەهرەمەندییەكانیان لە پێناوی سەركەوتنی ئەم پرۆسەیەدا بێت. من وەك هونەرمەندێك داوا لە هەموو هونەرمەندان دەكەم، لەم كات و ساتە هەستیارەدا، لە ئەركە مێژووییەكەی خۆمان بەرانبەر بە چارەنووسی گەلەكەمان دوا نەكەوین، بە هەموو توانایەكمانەوە بەرەو سندوقی دەنگدان بچین، بەبێ پێگەی بەهێزمان لە پەرلەمانی عێراقی فیدراڵدا، ناتوانین پاریزگاری لە مافە دەستوورییەكانی هەرێم و هەموو ئەو دەستكەوتانە بكەین كە ئەمڕۆ حكومەتی هەرێمی كوردستانی گەیاندۆتە ئەو ئاستەی كە پێگەیەكی نیودەوڵەتیشی بە خۆیەوە هێناوەتە ئاراوە، پێویستە لە سەر تاكی هاونیشتمانی كە خۆی بە بەشێك لە گشت لە قەڵەم بدات، ئەویش پارێزگاریكردنمانە لە كوردستانی بوونمان، وەك قەوارەیەكی هەرێمیی پارێزراو لە عێراقێكی فیدراڵی سەربەخۆدا .، ئەوەش تەنیا بە پێگەی بەهێزمان لە پەرلەمانی عێراق و بە كەسانی دڵسۆز دەكرێت، بێگومان كاندیدەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لەئاست ئەو بەرپرسیارێتییەدان و ڕابردووش ئەو ڕاستییەی سەلماندووە، بۆیە دەنگدانمان بە كاندیدەكانی پاتی مسۆگەركردنی دەستكەوتەكانمانە.

Top