بیست  ئەندام پەرلەمانی ئەوروپا داوای بانگهێشتکردنی ئەحمەد مەسعودیان کرد

بیست  ئەندام پەرلەمانی ئەوروپا داوای بانگهێشتکردنی ئەحمەد مەسعودیان کرد

بیست ئەندام لە پەرلەمانی ئەوروپا پێشنیاری پڕۆژە بڕیارێکیان کردووە کە داوا لە یەکێتیی ئەوروپا دەکات ئەحمەد مەسعود سەرۆکی بەرەی بەرگری نیشتمانیی ئەفغانستان بانگهێشتی پەرلەمان بکات.

 ڕەشنووسی بڕیارەکە داوا لە کۆمسیۆنی ئەوروپا دەکات، کە لە نزیکەوە چاودێریی دۆخی دۆڵی پەنجشیر بکات، کە بەرەی بەرخۆدانی نەتەوەیی ئەفغانستانە لە بەرامبەر تاڵیباندا و لە ئەنجامی شەڕی پەنجشیردا ڕێگری لە کارەساتی مرۆڤی بكرێت.

هەروەها ڕەشنووسی بڕیارەکە ڕەخنە لە ئەمریکا دەگرێت کە بەبێ ڕاوێژو و گفتوگۆی پێویست لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپا، پلان و جێبەجێکردنی کشانەوەی لە ئەفغانستان داوە.

لە کاتێکدا کە بەرپرسانی ئەڵمانیا لە مانگی ڕابردوودا لە پەیوەندیدا بوون لەگەڵ تاڵیبان و باس لە ئەگەری کردنەوەی باڵیۆزخانەیەک لە کابول دەکەن، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ڕایگەیاندووە: کە فەرەنسا تاڵیبانی بە ڕەسمی و سەربەخۆ نەناساندووە، دانیشی پێدانانێین و ئەو قسانەی كردوویانە  دوورن لە ڕاستی.

لە ڕەشنووسی بڕیارەکەدا هاتووە، کە تاڵیبان بە زەبری هێز دەستی بەسەردەسەڵاتدا گرتووە و حکومەتی کاتییان نە جیهانییە، نە شەرعییە، هەروەها دەوترێت سیراجەدین حەقانی، سەرۆکی تۆڕی حەقانی، کە لە کابینەی تاڵیباندا بە وەزیری ناوخۆ بەوەکالەت دەستنیشان كراوە، ئەو كەسێكە چالاكییە تیرۆریستییەكانی  بە بەڵگەوە تۆمار كراوە .

ئەو ئەندام پەرلەمانانە  داوای پەسەندکردنی بڕیارەکە دەکەن لەلایەن پەرلەمانی ئەوروپاوە داوای لێکۆڵینەوەیان کردووە لەسەردەنگۆی بەهەدەردانی پارەیەكی زۆر لەلایەن محەمەد ئەشرەف غەنی سەرۆکی پێشووی ئەفغانستانەوە.

محەمەدغەنی هەفتەی ڕابردوو لە پۆستێکی بە زمانی ئینگلیزی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیویەتی کە دەنگۆی هەڵهاتنی بە( 169 )ملیۆن دۆلارەوە ناڕاستە و ئامادەیە لەگەڵ دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ بەدواداچوونی ئەم پرسە.

ئەمە یەکەم جار نییە پەرلەمانی ئەوروپا میوانداریی سەرۆکی بەرهەڵستی تاڵیبان بکات، نیکۆل فانتین سەرۆکی پێشووی یەکێتیی ئەوروپا لە ساڵی 2001دا بانگهێشتی ئەحمەد شا مەسعود فەرماندەی هاوپەیمانی دژە تاڵیبان ناسراو بە هاوپەیمانی باکوور کرد بۆ ئەوەی قسە بۆ پەرلەمانی ئەوروپا بکات.

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

Top