خالید ئەمین ڕۆمی سەرۆكی ئەنجومەنی كاروباری سابیئەی مەندائی بۆ گوڵان:   جیهان بە چاوێكی ڕێزەوە دەڕوانێتە هەنگاوەكانی پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی لە هەولێر و كوردستان

خالید ئەمین ڕۆمی  سەرۆكی ئەنجومەنی كاروباری سابیئەی مەندائی بۆ گوڵان:     جیهان بە چاوێكی ڕێزەوە دەڕوانێتە هەنگاوەكانی پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی لە هەولێر و كوردستان

 

 

لە كوردستان پێكەوەژیانی ئایینی و كەلتووری لێبووردەیی لە نێوان ئایین و ئایینزاكان مێژوویەكی قووڵی هەیە، بە ڕاددەیەك ئایین و ئایینزاكانی دیكەی ناوچەكەش ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، سابیئەی مەندائیین یەكێكە لەو ئایینە كۆنانەی عێراق كە وەكو پەناگەیەك ئایینزاكانی ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە. بۆ قسەكردن لەسەر ئایینی سابیئەی مەندائیین و پرسی پێكەوەژیانی ئایینی دیدارێكمان لەگەڵ خالید ئەمین ڕۆمی سەرۆكی ئەنجومەنی كاروباری سابیئەی مەندائی سازدا.

 

* پێكەوەژیانی ئایینی و كەلتووری لێبووردەیی لە نێوان ئایین و ئایینزاكان گرنگیەكی تایبەتی پێ دراوە، ئەمە وێڕای ئەوەی لە قۆناغە مێژووییەكانی مرۆڤایەتیدا ئەم پێكەوەژیانە ڕووبەڕووی تەحەددا و گرفت و كێشەی زۆر بووەتەوە، وەكو نوێنەری پێكهاتەیەكی گرنگی ئایینی كە لە ئێستادا لە كوردستان بوونتان هەیە، ئەویش سابیئەی مەندائیە؛ دەكرێت باسی گرنگیی پێكەوەژیانی ئایینیمان بۆ بكەیت؟

- هەموو ئایینەكان بە شێوەیەكی گشتی پەیامێكی خوداییە و بۆ خزمەتی مرۆڤایەتی هاتوون، لە هەموو ئایینەكانیشدا گرنگیەكی زۆر دراوە بە بنەماكانی خۆشەویستی و ئاشتی و ڕێزگرتن لە مرۆڤایەتی، مادام ئێمە باوەڕ و پابەندین بە بنەما سەرەكییەكانی ئایینەكانمان و ملكەچی داواكارییەكانی خوداین و حەز بە پیادەكردنی ناوەڕۆكی ئایینەكانمان دەكەین، دەبێت ڕێز لەو پەیامە ئیلاهییە بگرین و پابەندی ڕێزگرتن لە مرۆڤ و یەكترقبووڵكردن بین بە جیاوازيی ئایین و ئایینزاكانەوە، بەمەش پێكەوەژیان دەبێتە خەسڵەتێكی گشتگیر و فراوانی مرۆڤ و كۆمەڵگەكان، هەریەك لە ئێمە ئایین و بیروباوەڕی خۆمان هەیە و بۆنەی ئایینی جیاجیامان هەیە و ڕێزی لێ دەگرین و تقوساتی ئایینی خۆمان جێبەجێی دەكەین. هەرچەندە لەسەرجەم ئایینزاكاندا كەسانی توندڕەو توندوتیژ هەن، تا سنووری ئەنجامدانی كردەوەی دوور لە بنەماكانی ئایین وەك تیرۆر و كوشتن و كۆمەڵكوژی، ئەم خەسڵەتە ناشیرینە هەر بە نامۆ دەمێنێتەوە و هزرێكی بەربڵاو و خۆشەویست نییە لای خەڵكی، بگرە لەلایەن سەرجەم ئایینەكانەوە ڕەتكراوەتەوە.

سەبارەت بە سابیئەی مەندائی، ئەم ئایین و ئایینزایە پێش هەزارەها ساڵ لەمەوبەر لە نێوان فەلەستین و ئێران ژیاون، لە ڕیزبەندی پێشەوەی ئەو ئایینانە دێت كە بانگەشەی پێكەوەژیان دەكەن و، ئایینێكی تەبشیری نییە، واتا لە ئایینماندا نییە كەسی دیكە لە دەرەوەی سابیئە مەندائیین بهێنینە ناو ئایینەكەمانەوە و بەپێچەوانەوە سابیئە مەندائی دەبێت لە دایك و باوكێكی سابیئە بێت، لەمەش گرنگتر ئایینەكەمان هەڵگرتنی چەكی حەرام كردووە و، بڕوای بە كوشتن و توندڕەویی نییە، هەر بۆیە بە درێژایی تەمەنی سابیئەی مەندائی كە 4500 ساڵە ئازاری كەسمان نەداوە و دەوڵەتیشمان دانەمەزراندووە، شەریعەت و بیروباوەڕەكەمان وای كردووە، ئێمە ئایین و ئایینزایەكی ئاشتیخواز بین و لە هەموو كەس زیاتر بڕوامان بە پێكەوەژیان بێت، بەداخەوە لە دوای ئەو قەتڵوعام و كوشتار و زوڵمەی لە خێزانە سابیئە مەندائیەكان كراوە، بوونمان تەسك بووەتەوە لە سەدەكانی ڕابردوودا لە باشووری هەر دوو وڵاتی عێراق و ئێران كۆبووینەتەوە، لە عێراق لە عەممارە و ناسرییە و بەسرە بوونمان هەبووە، بەڵام لە نەجەف و كەربەلا بەهۆی تایبەتمەندێتی مەزهەبییەكەیەوە بوونمان نەبووە، لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقدا خێزانەكانی سابیئەی مەندائی كۆچیان كرد بۆ بەغدا و كوردستان، ئێستا خێزانەكانمان لە هەولێر و سلێمانی و كەركووك و دهۆك دەژین. بەڵام لەگەڵ هاتنی شەپۆلی توندڕەویی ئەوەندەی دیكە خێزانە سابیئە مەندائیەكان كەمتر بوونەوە، بە ڕاددەیەك لە ئێستادا یەك خێزانمان نییە لە مووسڵ و شارەكانی ناوەڕاستی عێراق. 

* پێكەوەژیانی ئایینی لە عێراقدا لە بەردەم وەرچەرخانێكی مێژوویی مەترسیداردایە و توندڕەوی و توندوتیژی باڵی بەسەر واقیعی شەقام و سیاسەتدا كێشاوە و كەمینە و پێكهاتە ئایینیەكان لە بەردەم مەترسی و هەڕەشەیەكی گەورەدان؛ ئێوە وەكو سابیئەی مەندائی چۆن دەڕواننە ئەم بارودۆخە؟

- توندوتیژی و مەترسی لە سەر پێكهاتە و كەمینە ئایینیەكان لە ناوچەكەدا مێژوویەكی دوور و درێژی هەیە، بەڵام ئەگەر ڕووخانی ڕژێمی بەعس وەكو قۆناغ و وێستگەیەكی مێژووی وەربگرین، ئەوە لە 2003وە تا ئێستا بە دەیان دیاردەی نامۆ بە میللەت و كۆمەڵگەی عێراقی دەركەوتووە و، خەسڵەتی توندتیژی و دەمارگیری و توندڕەویی ئایینی باڵی كێشاوە بەسەر حزبەكان و سیاسەت و شەقامی عێراقیشەوە، گرفتەكەش لەوەدایە دەنگی توندڕەویی ئایینی جێگای مەترسی و تێڕوانینی هەمووانە، واتا بوونی گرووپێكی مافیا و چەتەیی لە شارێكدا ئارامی و سەقامگیری و ئاسایشی هەموو خەڵكی تێك دەدات، بەم شێوەیە هەرچەندە گەلانی عێراق خاوەنی هەستێكی ناسك و جوانن و خەسڵەتی باشی و یەكترقبووڵكردنیان لەنێواندا هەیە و، خۆی لەخۆیدا وڵاتەكە لە چەندین نەتەوە و پێكهاتە و ئایین و ئایینزا و تەنانەت لەناو یەك ئاییندا مەزهەبی جۆراوجۆر هەیە، بەڵام بوونی ئەو دەنگ و گرووپ و كەسە توندڕەوانە زیانی خۆی و مەترسی گەورەی لەسەر ناوبانگی هەموو عێراق دروست كردووە، بەداخەوە لە ئێستادا زمانی شەڕ و توندڕەوی و چەك جێگای زمانی دیالۆگ و پێكەوەژیان لە عێراقدا گرتووەتەوە، بە ڕاددەیەك لە ئێستادا بیرو هزری ئەم گرووپە توندڕەوانە سنوورەكانی عێراقیشی بەزاندووە و ڕووی لە وڵاتانی ناوچەكە و جیهانیش كردووە، ئەمەش زیانی گەورەی بە گەلانی عێراق و تاكی عێراقی و ناوبانگی گەیاندووە، بەوەی میللەتێكی توندڕەوین، لە كاتێكدا من پێم وایە لە واقیعدا تاكی عێراقی خاوەنی خەسڵەتێكی جوانی مرۆڤایەتی و ئاشتییە و جوانترین بەڵگەش بۆ ئەمە لە كاتی ڕووخانی ڕژێمی پێشوو لە 2003دا بەغدا بۆ چەند مانگێك پایتەختێكی ئارام و سەقامگیر بوو، ڕاستە بە ڕووخانی كتوپڕی ڕژێمەكە، حاڵەتی دزین و تاڵانی دامودەزگای حكوومی و چەند كردەوەیەكی كەمی كوشتن و تۆڵەسەندنەوە ڕوویان دا، بەڵام بە شێوەیەكی گشتی ماڵ و موڵكی تایبەتی هێرش نەكرایە سەری، ئەمە لە كاتێكدا دامودەزگای پۆلیس بوونی لە شارەكانی بەغدا و عێراقدا نەبوو، بەپێچەوانەوە گەلانی عێراق زیانیان بە كەس و هیچ سەربازێك نەگەیاند، تا ئەو كاتەی هێزە شەڕانی و قین لەدڵ و دڕندەكانی وەكو قاعیدە و میلیشیاتی چەكداری و هێزە هاوشێوەكانی لە دەرەوەی سنوورەكان هاتنە ناو عێراق و وڵاتەكەیان بەم ماڵوێرانیەی ئێستا گەیاند.

* وەكو ئاماژەت پێدا توندڕەویی و هزری توندوتیژی و تیرۆریستی لە دەرەوەی سنوورەكانەوە هاتووە، ئەی بۆچی مامۆستا و زانایان و پیاوانی ئایینی ڕێگایان دا ئەم هزرە توندڕەوە ڕوو لە عێراق بكات؟

- سەرەتا دەبێت باسی هۆكاری هاتنی ئەو هەموو هزر و ئایدیۆلۆژیاتە نامۆ و دەمارگیریی و توندوتیژییە بكەین، كە ڕووی لەم وڵاتە كردووە، كۆمەڵێك هۆكار لە پشت ئەم دیاردە نامۆیە بە گەلانی عێراق هەبووە، لەوانە هەر خۆی لە خۆیدا توندڕەویی ئایینی بوونی هەبووە، بە ڕێژە و شێوازی جیاجیا، ئەمەش باشترین ژینگە بوو بۆ گەراكردنی ئەم توندڕەو و تیرۆریستانە، هەر لە كۆنەوە ناكۆكیی مەزهەبی و بیروباوەڕی و ناتێگەیشتن لە ڕەسەنایەتی ئایینەكان هەبووە، تێكچوونی بارودۆخەكە و پەیڕەوكردنی سیاسەتی هەڵە و دەستێوەردانی دەرەكی و هەناردەكردنی ئەم هزرە توندڕەوانە خێرایی بەخشی بە تەشەنەكردنی توندڕەویی و دوووركەوتنەوە لە خەسڵەتەكانی ئایینەكان كە خزمەتكردنی مرۆڤایەتی و ئاشتی و پێكەوەژیان بوو، بەداخیشەوە زۆربەی حزبە سیاسییەكانی عێراق حزبی توندڕەوی ئایینی و مەزهەبین و سوودیان لەم توندڕەوییە وەرگرت، لەپێناو بەرژەوەندییەكی تەسكی حزبابەتی و بەدەستهێنانی دەنگ و پاوانخوازیی دەسەڵات. سەبارەت بە وەڵامی پرسیارەكەشت بەداخەوە پیاوانی ئایینی بوونە داردەستی سیاسییەكان بۆ جێبەجێكردنی ئەو بەرژەوەندییە حزبی و شەخسییانە و ئەمانیش بەشداربوون لە تێكدانی بارودۆخەكە و تەشەنەكردنی هزری توندڕەویی و دووركەوتنەوەی لە خەسڵەتەكانی پێكەوەژیان و لێبووردەیی، دواتر كەمتەرخەمیی بوارەكانی پەروەردە و فێركردن و زانكۆ و دەزگاكانی ڕاگەیاندن دێت، من پێم وایە پڕۆگرامەكانی خوێندن لە بواری پێكەوەژیانی ئایینی هەر لە دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقەوە پڕۆگرامێكە پڕە لە هەڵە و كەموكورتی و قوتابی فێر ناكات ڕێز لە مافی مرۆڤ و كەمینەو پێكهاتەكان و پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی بگرێت، تەنانەت ڕوونكردنەوەشی لەسەر ئەوە تێدا نییە، كێن ئەو هاونیشتمانییانەی لە ناو چوارچێوەی وڵاتەكەدا لەگەڵت دەژین، پڕۆگرامەكانی خوێندن لە عێراقدا هەر لە قۆناغەكانی سەرەتاییەوە بە شێوەیەك كەموكورتی تێدایە، تەنانەت ئاشنات ناكات بەوەی ئەو ئایین و ئایینزایانە كێن كە پێكەوە لە عێراقدا دەژین و زۆر كەس ناوی سابیئەی مەندائی بە هەڵە دەهێنێت، من جارێكیان قسەم لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كرد كە لە مووسڵ ژیاوە، تێبینی ئەوەم كرد زۆر بە زەحمەت ناوی سابیئەی مەندائیی دەهێنا، لە كاتێكدا لە كوردستان لە ئێستادا سەرقاڵی ئامادەكردنی پڕۆگرامی نوێی خوێندنن، تێیدا زیاتر بنەماكانی پێكەوەژیانی ئایینی و ناو و مێژووی ئایینەكان گرنگی پێ دەدرێت.

* بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا ئایا پێكەوەژیانی ئایینی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەكەدا لە بەردەم تەحەددییەكی گەورەدا نییە؟

- بەڵێ، تەحەدداكانی بەردەم هەرێمی كوردستان بۆ بەهێزكردنی بنەما جوانەكانی ئایین و ئایینزاكان بەتایبەتی لە بواری پێكەوەژیانی ئایینی كارێكی ئاسان نییە و لەبەردەم چەندین ئاستەنگ و بەربەستایە، هێزی زۆر هەن ئەم پێكەوەژیانەیان لە هەرێمی كوردستان پێ هەزم ناكرێت و لە دژی ڕادەوەستنەوە و هەوڵی نانەوەی فیتنە و دووبەرەكی دەدەن، بەڵام من پێم وایە گەلی كورد و كوردستان بە گشتی لە بەر ئەوەی زوڵمی زۆریان لێ كراوە و جوداكاریی بەرامبەریان كراوە، بۆیە هەرگیز لەگەڵ ئەوەدا نین، زوڵم لە پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان بكرێت. من ئاگاداریی ئەو فشارانەشم كە بەرامبەر هەرێمی كوردستان و سەركردایەتییەكەی دەنرێت بۆ سنوورداركردنی هزری پێكەوەژیان و ڕێزگرتن لە ئایین و ئایینزاكانی دیكە، بەڵام ئێمە ئومێدمان زۆرە و دڵخۆشین بەوەی گەل و حكومەتی هەرێمی كوردستان پێكەوە ڕێز لە بنەماكانی پێكەوەژیان و لێبووردەیی دەگرن، ئەمەش هۆكاری سەرەكیی هاتنمانە بۆ هەولێر من 10 ساڵە لە هەولێرم، كە پێم دەڵێن: كەسوكارت لە كوێیە؟ دەڵێم: لە هەولێرن، تەنانەت ڕۆژێك لەلایەن كەسێكی نەزانەوە هەڵەی بەرامبەر بە من و ئایینەكەمان كرد، من وەڵامیشم نەدایەوە، كوردەكانی دراوسێ و ناسیاوم وەڵامی توندیان دایەوە و ڕێگایان پێ نەدا هەڵە بكات. هەولێر هەنگاوی باش و خێرا بۆ چەسپاندنی پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی دەنێت، ئەمە تەنیا ڕاوبۆچوونی من نییە لە سابیئەی مەندائی، بەڵكو ڕاوبۆچوونی زۆربەی ئایین و ئایینزاكانی دیكەشە و جیهان بە چاوێكی ڕێزەوە دەڕوانێتە ئەم هەنگاوانەی هەولێر و كوردستان، بەڕێز مسعود بارزانی و زۆربەی بەرپرسانی باڵای هەرێم و حكومەت بەردەوام مەسەلەی پێكەوەژیانی ئایینی و ڕێزگرتن لە ئایین و ئایینزاكانی كوردستان بە هێڵی سوور دادەنێن و ڕێگا نادەن كەس زیانی پێ بگەیەنێت و بە یاساش پاڵپشتی كراوە. من لێرەدا نموونەیەكت بۆ باس دەكەم، زۆربەی سابیئەی مەندائی ڕێز و سۆزیان بۆ شۆڕشی كوردی هەبووە كە بە رێبەرایەتی مەلا مستەفا بارزانی بەڕێوەدەچوو، چونكە دەیانزانی ئەو سەركردە مەزنەی كورد خاوەنی هزر و ئایدیۆلۆژیایەكی وا بەرز بوو، ڕێزی لە هەموو نەتەوە و ئایینزاكان دەگرت و هەموو ئایینزاكانی لە ئامێز دەكرد، بەڵگەش بۆ قسەكانم چەندین سابیئەی مەندائی لە كوردستان لەگەڵ پێشمەرگە خەباتیان كردووە و لەگەڵ پێشمەرگەش شەهید بوون. گەلی كوردستان بە بوونی سەرۆك مسعود بارزانی كە كوڕی مەلا مستەفا بارزانی و بنەماڵەیەكی ناسراو و شۆڕشگێڕ و دڵسۆزە بە میراتی، گەورەیی و خۆشەویستی و مرۆڤدۆستی بەرامبەر هەموو نەتەوە و پێكهاتەكانی كوردستان بۆ ماوەتەوە و بەرگری لە مافەكانی كورد و هەموو نەتەوە و پێكهاتەكانی دیكەش كردووە، ئێمە وەكو سابیئەی مەندائی ڕێز و خۆشەویستییەكی زۆرمان بۆ ئەو سەركردە گەورەیە هەیە كە لە دەستووری عێراقیشدا ڕۆڵی یەكلاكەرەوەی لە پاراستنی مافی كەمینە و پێكهاتەكان هەبوو، ناوی ئێزیدی و سابیئەی مەندائی لەسەر داوا و هەوڵی جەنابیان بوو، لە دەستووری كوردستانیشدا داواكاری و بۆچوونی خۆمان وەكو سابیئەی مەندائی بۆ پەرلەمان بەرز كردەوە، كە ئێمە بەشێكین لەم گەلە و چارەنووسمان پێكەوەیە، لە ئێستاشدا هەموو مافێكی هاووڵاتیبوونمان هەیە، تەنانەت پەرستگایەكیش وەكو دیاریی بۆ خواداپەرستی بۆمان دروست كراوە و بۆنەكانی خۆمان لە پەرستگا و زێی گەورە دەكەین، بەو پەڕی ئارامی و ڕێزگرتنەوە. 

Top