دڵشاد میران سیاسەتمەدار و دیپلۆماتكار بۆ گوڵان: لە بەغدا خەڵكی كوردستان پێویستیان بەو لایەنە سیاسییە هەیە، كە لە پرسە نیشتمانییەكاندا هەڵوێستی جوامێرانەی هەبووە

دڵشاد میران  سیاسەتمەدار و دیپلۆماتكار بۆ گوڵان:  لە بەغدا خەڵكی كوردستان پێویستیان بەو لایەنە سیاسییە هەیە، كە لە پرسە نیشتمانییەكاندا هەڵوێستی جوامێرانەی هەبووە

 

 

پارتی هێزی سەرەكی و زامنی یەكڕیزیی حزبە كوردستانییەكان دەبێت لە پەرلەمانی عێراق

 

لە ئێستادا سەرنجەكان لەسەر هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی عێراق چڕبوونەتەوە، بەتایبەتی كە لایەنە بەشداربووەكان بە گوڕ و تینەوە دەستیان بە هەڵمەتی هەڵبژاردن كردووە، هەڵسەنگاندنی ئەم پرۆسەیە و ئەگەر و پێشبینییەكانی پەیوەست بەو ئاكام و گۆڕانكارییانەی ئەم پرۆسەیە بە دوای خۆیدا دەهێنێت و، بەشداریی كارای پارتی دیموكراتی كوردستان لەم هەڵبژاردنانە و پرسی پێگە و ڕۆڵی كورد لە عێراقدا، بوونە تەوەری دیدارێكی گۆڤاری گوڵان لەگەڵ دڵشاد میران سیاسەتمەدار و دیپلۆماتكار.

 

* لە ئێستادا هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی عێراقدا بەرەو چڕبوونەوە دەچن، كە ئاشكرایە هەڵبژاردنێكی گرنگ دەبێت و، لایەنەكانیش بەشداریی كارای تێدا دەكەن، وەكو سیاسەتمەدار و دیپلۆماتكارێكی پێشووی عێراق چۆن لەم هەڵبژاردنانە دەڕوانیت؟

- ئاشكرایە هەموو هەڵبژاردنێك بە ئاست و ڕاددەی جیاواز گۆڕانكاری بەدوای خۆیدا دەهێنێت، بەڵام پێم وانییە ئەم هەڵبژاردنە گۆڕانكارییەكی ڕیشەیی و بنەڕەتی بەدوای خۆیدا بهێنێت، بەتایبەتی كە یاسای ئەمجارەی هەڵبژاردن و دابەشكردنی بازنەكان لە بەرژەوەندیی حزبە گەورەكانە، ئەو حزبانەی سەرمایەی دارایی و مەعنەویی گەورەیان لەبەردەستدایە و توانای ئەوەیان هەیە كە پارێزگاری لە دەستكەوتەكانی پێشوو بكەن و، بگرە دەستكەوتی زیاتریش بەدەست بهێنن. حزبە گەورەكانی عێراق خاوەنی جەماوەر و ئەندام و لایەنگری خۆیانن و ماكینەیەكی میدیایی فراوانیان هەیە، لەماوەی مانگێكی بانگەشەی هەڵبژاردنەكاندا دەتوانن خۆیان كۆبكەنەوە و ئەندام و لایەنگران جەماوەری خۆیان ساز و ئامادە بكەن، بەو ئاقار و ئاڕاستەیەیدا ببەن كە دەیانەوێت، كەواتە تێڕوانینی من و زۆربەی چاودێرانی سیاسیی شەقامی عێراقیش ئەوەیە، ئەم هەڵبژاردنە گۆڕانكاریی گەورەو ستراتیژیی لێ ناكەوێتەوە و، تەرازووی هێز بەو ڕاددە گەورەیە ناگۆڕێت كە هەندێك كەس و لایەن چاوەڕوانی دەكەن.

* ئەگەر ئەم هەڵبژاردنە چارەنووسساز نەبێت و، گۆڕانكاریی گەورە بەدوای خۆیدا نەهێنێت، كەواتە تەحەدداكانی بەردەم كورد لە جێبەجێكردنی ماددە دەستووری و یاساییەكان و، بەدەستهێنانی شایستە داراییەكان لە ناوخۆی عێراقدا هەر دەمێنێت، ئایا بۆ ئێمەی كوردستانی و حزبە سیاسییەكانی كوردستان ئەم هەڵبژاردنە چی دەگەیەنێت؟

- سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێین كە بەدەستهێنانی كورسییەكی زۆر و یەكگرتوویی كورد لەبەغدا، چەندە پرسێكی گرنگە، بە هەمان شێوە ئەو كەسایەتییەی كە دەبێتە سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق، بەتایبەتی كە لەم كابینەیەدا كۆمەڵێك كێشەی هەڵپەسێردراوی وەكو ماددەی 140ی دەستووری و ماف و شایستە داراییەكانی كوردستان و زۆر پرس و بابەتی دیكە ماونەتەوە و بۆ كابینەی نوێ گوازراونەتەوە، ئەوەی جێگای خۆشحاڵییە بۆ گەلی كوردستان، ئەوەیە كە لەم هەڵبژاردنەدا هیچ یەكێك لە حزبە سیاسییەكانی عێراق ناتوانن زۆرینە بەدەست بهێنن، لەم ڕوانگەیەوە هیچ حزبێك ناتوانێت ببێتە هێزی سەرەكی كە بتوانێت بە تەنیا حكومەت پێك بهێنێت، هەر بۆیە دەبێت دوای نیشتنەوەی تەپوتۆزی هەڵبژاردنەكان، لەگەڵ حزبە سەرەكییەكانی كوردستان، بەتایبەتی پارتی دیموكراتی كوردستان، بكەونە دانوستاندن بۆ پێكهێنانی حكومەت و دەستنیشانكردنی سەرۆك وەزیرانی نوێ، كە لەم ڕووەوە هەموو ئەگەرەكان كراوەن، لایەنە سیاسییەكان بەتایبەتی هەر سێ پێكهاتەی سەرەكیی عێراق لە شیعە و كورد و سوننە، ڕەنگە لەسەر كەسێكی وەكو كازمی، یان هەر خودی كازمی خۆی ڕێك بكەون، تا پۆستی سەرۆك وەزیران وەربگرێتەوە. لێرەدا دووپاتی دەكەمەوە كە زۆر گرنگە لایەنە سەرەكییەكانی كوردستان بە یەكگرتوویی و تەباییەوە بچنە بەغدا و داكۆكی لەمافی خەڵكی كوردستان بكەن، بۆ كورد گرنگە لە ئێستاوە پشت بەچەند لایەنێكی سیاسیی گەورەی شیعە و سوننە ببەستن، بۆ ئەوەی لەگەڵیدا ڕێك بكەون بۆ دیاریكردنی نەخشەی نوێی دوای هەڵبژاردن.

* كەواتە گەلی كوردستان پێویستی بە حزبێكی بەهێز و گەورەی وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان هەیە، بۆ ئەوەی لە لایەك زامنی یەكڕیزیی هێزە كوردستانییەكان بكات لە بەغدا و، لەلایەكی دیكەشەوە دانوستانكارێكی سەرسەختی مافەكانی گەلی كوردستان بێت؟

- پارتی دیموكراتی كوردستان هێزێكی سەرەكییە لەپەرلەمان عێراقدا و زامنی یەكڕیزیی هێزە كوردستانییەكانی دیكەیە لەبەغدا، بۆ ئەوەی پێكەوە كاربكەن و داكۆكی لە مافەكانی خەڵكی كوردستان بكەن، بەڵام ئەگەر لەم هەڵبژاردنەدا ئەم یەكڕیزییە بەدی نەیەت، ئەوا ئەركی سەرشانی پارتی دیموكراتی كوردستان قورستر دەبێت، ئەزموونەكانی ڕابردوو سەلماندوویانە كە هەمیشە پارتی هەوڵیداوە پارێزگاری لە هێڵە نیشتمانییەكان و لە دەستكەوتەكان و داكۆكی لە مافی ڕەوای گەلی كوردستان بكات و، لەم ڕووەوە سازشی كردووە، لەپێناو یەكڕیزی لایەنە سیاسییەكاندا و بەجددی كاری كردووە بۆ جێبەجێكردنی دەستوور و یاسا و شایستە داراییەكان و بەدەستهێنانی بەشە بودجەی خەڵكی كوردستان و، دابینكردنی مووچەی مووچەخۆران. بەداخەوە كەسانی دیكە و لایەنی سیاسی هەبووە لە بەغدا، دژی ئەم ئامانجە نیشتمانی و نەتەوەییە پیرۆزە ڕاوەستابوونەوە، بەڵام گۆڕانكارییەكانی ئەم دواییەی سلێمانی و لێدوانەكانی پەیوەست بە زەروورەتی كاركردنی پێكەوەیی لە بەغدا ئاراستەیەكی باش و ئومێدبەخشە بەوەی سیاسەت ڕێچكەی تەندروست و سرووشتیی خۆی وەربگرێتەوە و، هەمووان لە بەغدا سیاسەت لەپێناو دۆزی ڕەوای گەلی كورددا بكەن، بەغدا گۆڕەپانی سیاسیی كوردستان نییە، تا حزبە كوردستانییەكان ململانێ و ناكۆكییەكانی خۆیان ببەنە ئەوێ، دواتر هەندێ لایەن پێیان وایە ئەگەر ئەم كارە بكەن، ئەوا ئازاری پارتی دەدەن، لە كاتێكدا ئەوان بیانەوێت و نەیانەوێت بەو شێوازە سیاسەتكردنە ئازاری گەلی كوردستان و خەڵكی دەدەن، ئازاری مووچەخۆران و شایستە داراییەكانی جووتیاران و خەڵكی كوردستان دەدەن، بیانەوێت و نەیانەوێت دەكەونە بەرەی دژ بە خەڵكی كوردستان، هەر بۆیە پارتی بەردەوام لەپێناو پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكاندا جەختی لەسەر یەكڕیزی و یەكگرتوویی نێوماڵی كورد كردووە و ئەمەشی وەك بابەت و پرسێكی چارەنووسساز سەیر كردووە، نەك وەك مەسەلەی حزبایەتی .

* تاچەند گرنگە لایەنە سیاسییەكانی كوردستانی لەم هەڵمەتەی هەڵبژاردندا لە ناوزڕاندن و هێرشكردنە سەر یەكتر دوور بكەونەوەو، پێكەوە كار بۆ پلان و بەرنامەیەك بكەن كە لە بەغدا پێكەوە خزمەت بە گەلی كوردستان بكەن؟

- سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێین كە ئێستا ئەگەرێكی زۆر هەیە كە هێزە میلیشا چەكدارەكان و لایەنە سیاسییە توندڕەوە نەیارەكان دژ بە پرسی نەتەوەیی كورد ڕۆڵێكی زیاتریان لەبەغدا هەبێت و، زیاتر كاری ساختەكاری ئەنجام بدەن بۆ دەرچوونی ئەو كاندیدە توندڕەوانە، ئەمانە ڕۆڵێكی باشیان نییە و لە ڕابردووشدا كاریان بۆ بێهێزكردنی كورد و مافەكانی هەرێمی كوردستان لە عێراق و تەعریبكردنی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم هەبووە، هەر بۆیە لە ئێستادا لە هەموو كات زیاتر خەڵكی كوردستان لەبەغدا پێویستیان بە كاندیدی ئەو لایەنە سیاسییە هەیە، كە لە پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكاندا هەڵوێستی بەرچاو و جوامێرانەی هەبووە و، لەم پێناوەشدا شەهید و قوربانیی داوە، چونكە بوونی ئەو كاندیدانە لە بەغدا داكۆكیكارێكی سەرسەختی مافەكانی خەڵكی كوردستان دەبن، ئەمەیە جیاوازیی نێوان هەڵبژاردنی عێراق و هەڵبژاردنی كوردستان، كە خەڵكی دەبێت هۆشیار بن بەم ڕاستییە. ئەگەر لەدوای هەڵبژاردنەكان هەرسێ حزبە سەرەكییەكەی كوردستان پارتی و یەكێتی و گۆڕان پێكەوە لە بەغدا كار بكەن، بزانە كورد چ پێگە و هێزێكی بۆ دانوستاندن و گفتوگۆ و پێكهێنانی حكومەتی نوێ دەبێت.

* پارتی دیموكراتی كوردستان خاوەنی دەنگێكی جێگیر و نەگۆڕە و، لە بازنەكانی پارێزگاكانی كوردستان، بەتایبەتی لەهەولێر و دهۆك زۆرینەیە، ئەوەی دەمێنێتەوە بازنەكانی دیكەی ناوچەكانی ماددەی 140ـە، بە كەركووك و مووسڵ و دیالە و تەنانەت بەغداشەوە، ئایا بە بوونی ئەو میلیشیا چەكدار و لایەنە سیاسییە توندڕەوانەی كە لە بەغدا دژی پرسی كوردن، لایەنە سیاسییەكانی كوردستان تاچەند دەتوانن لە بازنەكانی ئەو پارێزگایانە دەنگ بەدەست بهێنن؟

- ڕاستە ئەگەری ئەوە هەیە كە ئەو هێزانەی دژی كوردن، بەتایبەتی میلیشیا چەكدارەكان لە كەركووك و مووسڵ و دەشتی نەینەواو دیالە و پارێزگاكانی دیكەی ناوەڕاست و بەغدا، هەوڵ بدەن كۆسپ و تەگەر دروست بكەن بۆ ئەوەی كورد نەتوانێت دەنگێكی باش بەدەست بهێنێت لە ناوچانە، بۆیە زۆر پێویستە هێزە كوردستانییەكان پێكەوە بە یەكگرتوویی و تەبایی لەم ناوچانەدا كار بكەن و، كار بۆ ڕێككەوتنەكانی شنگال و ئاساییكردنەوەی بارودۆخی كەركووك بكەن و، لەدواڕۆژدا ڕووبەڕووی هەموو ئاستەنگ و بەربەستەكان ببنەوە، پێویستە لەم هەڵبژاردنەدا حزبە كوردستانییەكان بە یەكڕیزی و تەباییەوە كار بكەن لەم ناوچانەدا، ئەگەرچی بە یەك هاوپەیمانێتییش بەشداری لە هەڵبژاردنەكاندا ناكەن، پێویستە كورد زۆر بە وریاییەوە هەنگاو هەڵبگرێت، بەتایبەتی لە ئێستادا كە وڵاتانی ئیقلیمی لە یەكتر نزیك دەبنەوە و بەرژەوەندییەكانیان لە سەرووی بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستان و پەیوەندییەكانیانە لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا، ئەوەی لە ئەفغانستانیش ڕووی دا لە سیاسەتی نێودەوڵەتی و هونەری گۆڕانكارییەكاندا كەم نەبوو، گەلی كوردستانیش هەردەم گەلێكی مەزڵووم و چەوساوە بووە، هێزەكانی ناوچەكە بەردەوام چاویان لە هەموو ئەگەرێكە بۆ لاوازكردنی هەرێمی كوردستان، بۆیە جەماوەری كوردستان و تەنانەت حزبە كوردستانییەكانیش لە هەموو كات زیاتر پێویستیان بە سەرۆك بارزانی و پاراستنی پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان هەیە، بۆ ئەوەی هەمووان پێكەوە لەبەغدا بۆ هەموو ئەگەرێك ئامادە بین، چونكە چاودێرانی سیاسی پێشبینی گۆڕانكاریی زیاتر لە ناوچەكە دەكەن، بەتایبەتی لە عێراق و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆیە دەبێت ئێمەی كورد زۆر وشیار بین و ئامادە بین بۆ هەر گۆڕانكارییەك كە لە زیانی گەلی كوردستان بێت، لەمەشدا سەرۆك بارزانی ڕۆڵێكی گەورە و گرنگ دەگێڕێت لە بەهێزكردنی پێگەی كوردستان و پتەوكردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ گەورە وڵاتانی جیهاندا.

Top