تاڵیبان لە پەنجشیر هاووڵاتییانی مەدەنی دەکوژێت

تاڵیبان لە پەنجشیر هاووڵاتییانی مەدەنی دەکوژێت

 

ماڵپەری بی بی سی ئاماژەی بەوە كرد، کە لە دۆڵی پەنجشیر لانی کەم 20 هاووڵاتی کوژراون، کە هێشتا شەڕ و پێکدادانی نێوان هێزەکانی تاڵیبان و بەرەی بەرخۆدانی نەتەوەیی ئەفغانستان بەردەوامە.

پەیوەندییەکان لە پەنجشیر ڕووماڵی هەواڵەکانیان پەکخستووە، بەڵام بی بی سی بەڵگەکانی دۆزیوەتەوە کە تاڵیبان سەرەڕای بەڵێنی خۆگرتنەوە خەڵکی مەدەنیی کوشتووە.

بی بی سی دووپاتی كردەوە کە بەلایەنی کەمەوە 20 کەس لە لایەن تاڵیبانەوە لە پەنجشیر کوژراون و یەکێک لەو کوژراوانە ناوی عەبدولسەلامە و دوکاندارە و باوکی دوو منداڵە .

سەرچاوە خۆجێییەکان دەڵێن، کە عەبدولسەلام لە پێشڕەوییەکانی تاڵیباندا هەڵنەهاتووە و پێیانی گوتوە "من دوکاندارێکی هەژارم و هیچ لەگەڵ شەڕدا نیمە"

لەگەڵ ئەوەشدا چەکدارانی تاڵیبان بەتۆمەتی فرۆشتنی سیمکارت بە هێزەکانی بەرگری دەستگیریان کرد  و پاش چەند ڕۆژێک تەرمەکەی لە نزیک ماڵەکەی دۆزرایەوە،  ئەو کەسانەی کە تەرمی عەبدولسەلامیان بینی وتیان کە نیشانەکانی ئەشکەنجە لەسەر جەستەی ئەو هەیە.

مانگی ڕابردوو تاڵیبان دەستی بەسەر دەسەڵاتدا گرت، بەڵام هێشتا هەرێمی پەنجشیربەرگری دەكەن و لەبەرامبەریاندا شەڕ دەكەن .

دۆڵی پەنجشیر ماوەیەکی زۆرە ناوەندی بەرخۆدان بووە، هەرلەو ناوچەیەشدا هێزەکانی بەرهەڵستکار بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شاه مەسعود کە فەرماندەی ئۆپۆزسیۆن بوو، سۆڤیەت و تاڵیبانیان تێکشکاند ئەو شاخانەی کە گەمارۆی ئەم دۆڵە دەدەن داگیرکردنی ئەو ناوچەیە زۆر زەحمەت دەكات.

ئەم جارە ئەحمەدی کوڕی ئەحمەد شاه مەسعود، ڕابەرایەتیی بەرخۆدانی دژی تاڵیبان دەکات، بەڵام هەفتەی ڕابردوو هێزەکانی تاڵیبان سەرکەوتنیان ڕاگەیاند و وێنەی ئاڵای خۆیان لە ناوچەکە بڵاو کردەوە.

هێزەکانی بەرخۆدانیش بەڵێنیان داوە بەردەوام بن لە شەڕ و ئەحمەد مەسعودیش داوای "ڕاپەڕینی نەتەوەیی لە دژی تاڵیبان" کردووە ..

لەگەڵ ئەوەشدا ئەو وێنانەی کە لە پەنجشیرەوە دەست کەوتووە دەریدەخەن کە بازاڕە قەرەباڵغەکەی پەنجشیر چۆڵ بووە و  خەڵک لە هەوڵی دەربازبووندان و شارەكە چۆل دەكەن، هەروەها ڕاپۆرت و ئاگاداری کەمبوونی خۆراک و دەرمانیش لەو ناوچەیەدا بڵاوبۆتەوە.

تاڵیبان کوشتنی هاوڵاتیانی مەدەنی ڕەتدەکاتەوە،  بەڵام بڵاوکردنەوەی ئەو ڕاپۆرتانە و دوابەدوای ئەو ڕاپۆرتەی باس لە کوژرانی خەڵكی مەدەنی و کوشتنی ئەفسەرێکی پۆلیسی ژن دەکرێت، كە نیشانەیەکی دیكەی واقیعی حکومەتی تاڵیبانە بە بەڵێنەکانی خۆگرتنەوە.

 

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

Top