سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان زەنگی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی2021-2022 ی لێدا مەسرور بارزانی :

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان زەنگی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی2021-2022 ی لێدا مەسرور بارزانی :

 

• سوپاسێكی بێ پایانی مامۆستایانی خۆشه‌ویست دەکەم، كه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌و دۆخه‌ ناله‌بارەی ته‌ندروستی و ئابووری، به‌ڵام هه‌موو هه‌وڵێكیاندا بۆ ئه‌وه‌ی پرۆسه‌ی خوێندن به‌رده‌وام بێت.
• په‌روه‌رده‌ سیمای ئایینده‌ی وڵاته‌كه‌مان ده‌ستنیشان ده‌كات.
• دەمانەوێ له‌ داهاتوودا نه‌وه‌یه‌كی ته‌ندروست و نیشتمانپەروەر و ژینگه‌دۆستمان هه‌بێت.

ئەمڕۆ سێشەممە 14ی ئەیلوولی 2021 مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، لە قوتابخانەی شەهید ئیبراهیم سەباح ناسر لە قەزای شەقڵاوە، زەنگی دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندنی لێدا.
سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە گوتارێكدا ئاماژەی بەوەدا، كە ڕاستە بە هۆی ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە کۆڕۆنا، پرۆسەی خوێندن لە قوتابخانەکان سنووردار و لە قۆناخێکی نائاساییدا بوو، بەڵام سەرەڕای ئەوەش پرۆسەی خوێندن نەوەستا و بە چەند شێواز و میکانیزمێکی جیاواز بەردەوام بوو.
سەرۆکی حکومەت جەختی لەوە کردەوە، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەر لە سەرەتاوە بایەخێکی زۆری بە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن داوە، چونکە بنەمایەکی گرنگ و سەرەکییە بۆ بنیاتنانی نەوەیەکی تەندروست و ژیاندۆست و نیشتمانپەروەر و ژینگەدۆست.
سەرۆکی حکومەت سوپاسی مامۆستایانی کوردستانی کرد، کە وێڕای دۆخی سەختی ئابووری و بڵاوبوونەوەی کۆڕۆنا، بەڵام بەردەوامیان دا بە پرۆسەی خوێندن.
سەرۆكی حكومەت هەروەها دەستخۆشی لە وەزارەتی پەروەردە كرد، کە پلانی تایبەتی داناوە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو ماوانەی لەدەستچوون بە هۆی داخرانی قوتابخانەکان و دەستخۆشی لێکردن کە لە کاتی داخرانی قوتابخانەکان، وەزارەتی پەروەردە، قوتابخانەی ئەلیکترۆنی Ewane,krd لە ماوەیەکی زەمەنی زۆر کورتدا خستە خزمەتی قوتابیان و خوێندنی ئۆنلاین بەردەست بوو، کە لەم ڕووەوە هەرێمی کوردستان پێشەنگی زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە بوو .
سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان داوای لە مامۆستا و قوتابییان کرد ڕێنماییە تەندروستییەکان جێبەجێ بکەن. هەروەها داواشی لە مامۆستایان کرد ڤاکسین وەربگرن بۆ ئەوەی پارێزراوبن.
سەرۆکی حکومەت بە ڕێزەوە یادی مامۆستا ئیبراهیم سەباحی کردەوە، کە ڕۆژی7 ی مانگی شوباتی ئەمساڵ، ویستی ئاڵای کوردستان لە سەر قوتابخانەکە هەڵبدات، بەڵام بەهۆی لێدانی تەزووی کارەباوە گیانی لە دەست دا و شەهید بوو، لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانی بە شەهیدی ئاڵا ناونرا.
دوای لێدانی زەنگی قوتابخانە، سەرۆکی حکومەت چەند پۆلێكی بەسەركردەوە و لە نزیكەوە ئامادەكاریی و گرتنەبەری رێوشوێنەكانی خوێندن و خۆپاراستنی قوتابی و مامۆستایانی بینی.
ئەمەش دەقی گوتاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە:
به‌ناوی خوای گه‌وره‌ و میهره‌بان
مامۆستایانی به‌ڕێز
قوتابیانی خۆشه‌ویست،
پیرۆزبایی ساڵێكی نوێی خوێندن له‌ ئێوه‌ی خۆشه‌ویست ده‌كه‌م، زۆر خۆشحاڵم جارێكی دیكه‌ هۆڵه‌كانی خوێندن به‌ ڕووی قوتابیاندا كراونه‌ته‌وه‌، به‌داخه‌وه‌ له‌ ماوه‌ی ڕابردوو به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا، پرۆسه‌ی خوێندن نه‌یتوانی به‌شێوه‌یه‌كی ئاسایی به‌رده‌وام بێت، به‌ڵام نه‌شوه‌ستا، لێره‌وه‌ جێیی خۆیه‌تی من سوپاسێكی بێ پایانی مامۆستایانی خۆشه‌ویست بكه‌م، كه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌و دۆخه‌ ناله‌بارەی ته‌ندروستی و ئابووری، به‌ڵام هه‌موو هه‌وڵێكیاندا بۆ ئه‌وه‌ی پرۆسه‌ی خوێندن به‌رده‌وام بێت، ته‌حه‌مولێكی زۆریان كرد، سوپاسێكی زۆری به‌ڕێز وه‌زیری په‌روه‌رده‌ و هه‌موو ستافی كه‌رتی په‌روه‌رده‌ ده‌كەم‌، كه‌ هه‌وڵی بێوچانیاندا، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ شێوازی جیاواز پرۆسه‌ی خوێندن به‌رده‌وام بێت. هه‌روه‌ك ده‌زانن هه‌وڵێكی زۆریاندا بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌ی ئه‌لیكترۆنی خوێندن به‌رده‌وام بێت، كه‌ ئه‌وه‌ش سیمایه‌كی زۆر پێشكه‌وتوو بوو به‌ به‌راوردكردن به‌ سیسته‌مه‌كانی ناوچه‌كه‌ش، توانیان (ئی وانه‌) دروست بكه‌ن، كه‌ ئه‌مه‌ش وایكرد قوتابیان بتوانن به‌ شێوه‌یه‌كی ئه‌لیكترۆنی به‌رده‌وامی به‌ خوێندنی خۆیان بده‌ن.
ڕاسته‌ ئه‌م دۆخه‌ سه‌خته‌ی به‌سه‌رماندا تێپه‌ڕی، كێشه‌ و گیروگرفتی زۆری هێنایه‌ ئاراوه‌، به‌ڵام خۆشحاڵم كه‌ ده‌بینین جارێكی دیكه‌ قوتابخانه‌كان ده‌كرێنه‌وه‌، قوتابییه‌ خۆشه‌ویسته‌كانمان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ هۆڵەکانی خوێندن، ئێمه‌ هه‌وڵێكی زۆرمانداوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی گرنگییه‌كی زۆر به‌ كه‌رتی په‌روه‌رده‌ بده‌ین، به‌داخه‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌م هه‌موو كێشه‌ و گرفتانه‌ی رووبه‌ڕووی هه‌رێم بوونه‌وه‌، چ له‌ ڕووی ئابوورییه‌وه‌ چ له‌ رووی ته‌ندروستییه‌وه‌، وه‌كو پێویست نه‌مانتوانیوه‌ ئه‌وه‌ی له‌ به‌رنامه‌ی ئێمه‌دا بووه‌ جێبه‌جێ بكه‌ین، به‌ڵام هیوادارم بتوانین له‌ قۆناغه‌كانی داهاتوودا گرنگییه‌كی زیاتر به‌ په‌روه‌رده‌ بده‌ین، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش ئێمه‌ درێغیمان نه‌كردووه‌ له‌وه‌ی كه‌ بۆ ته‌رخانكردنی بڕه‌ پاره‌ی پێویست له‌ نۆژه‌ندكردنه‌وه‌ی قوتابخانه‌كان، یان دابیكردنی كه‌ره‌سته‌ی خوێندن بۆ قوتابییه‌كان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ به‌رده‌وام له‌سه‌ر خه‌ت بووین.
ئێمه‌ توانیومانه‌ شتێكی وا بكه‌ین هیچ نه‌بێت ئه‌و قوتابیانه‌ی له‌ خوێندن دابڕوان، زیاتر له‌ 13 هه‌زار قوتابی بگه‌ڕێنینه‌وه‌ بۆ خوێندن، هیوامان وایه‌ هیچ قوتابییه‌ك دانه‌بڕێت، هه‌موویان بتوانن فرسه‌تی ئه‌وه‌یان هه‌بێت درێژه‌ به‌ خوێندنی خۆیان بده‌ن. له‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی قوتابخانه‌كان، چه‌ندین قوتابخانه‌ نۆژه‌كراونه‌ته‌وه‌ و هەندێکی نوێش دروستکراون.
له‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی كوردستان،‌ ئێمە وه‌كو پێشمه‌رج داوامان كردووه‌ هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی نیشته‌جێبوون، كه‌ دروست ده‌كرێت، پێویسته‌ قوتابخانه‌یه‌كی نوێشی له‌گه‌ڵ دروست بكرێت، ئومێدمان وایه‌ بتوانین قوتابخانه‌ له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی پێشكه‌وتوو دروست بكه‌ین.
په‌روه‌رده‌ سیمای ئایینده‌ی وڵاته‌كه‌مان ده‌ستنیشان ده‌كات، ئێمه‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌ ده‌ده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی قوتابییه‌ خۆشه‌ویسته‌كانی ئێمه‌ به‌ باشترین شێوه‌ په‌روه‌رده‌ بكرێن، بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ له‌ داهاتوودا نه‌وه‌یه‌كی ته‌ندروست و نیشتماندۆست و ژینگه‌دۆستمان هه‌بێت. ئێوه‌ی خۆشه‌ویست ئایینده‌ی‌ گه‌له‌كه‌مانن، ئێوه‌ به‌ په‌روه‌رده‌ و زانستی چاك، به‌ خۆشه‌ویستی بۆ وڵات، به‌ خۆشه‌ویستی بۆ یه‌كتر ده‌توانن وڵاتێكی به‌هێزتر و ئاوه‌دانترمان بۆ بنیات بنێن، ده‌توانن رووبه‌ڕووی گه‌نده‌ڵی ببنه‌وه‌، ده‌توانن رووبه‌ڕووی هه‌موو ئاسته‌نگێك ببنه‌وه‌ كه‌ دێنه‌ به‌رده‌م وڵاته‌كه‌مان.
به‌ڕێزان، خۆشه‌ویستان:
ئێمه‌ پێویستە گرنگییه‌كی زۆر به‌ خوێندن بده‌ین، چونكه‌ خوێندن بنه‌مای پێشخستنی وڵاته‌كه‌مانه‌، من جارێكی دیكه‌ش سوپاسی مامۆستا به‌ڕێزه‌كان ده‌كه‌م، ته‌حه‌مولێكی یه‌كجار زۆریان هه‌بوو، رێز و پێزانینم هه‌یه‌ بۆ هه‌موو مامۆستایان له‌ سه‌رتاسه‌ری كوردستان، هیوادارم به‌رده‌وام بن له‌وه‌ی كه‌ ئه‌مساڵ به‌ شێوه‌یه‌كی ئاسایی خوێندن به‌رده‌وام بێت، به‌ڵام لێره‌شدا پێویسته‌ هه‌مووتان پابه‌ندی رێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌كان بن، خۆتان بپارێزن، داوا له‌ مامۆستایان ده‌كه‌م ڤاكسین وه‌ربگرن، بۆ پاراستنی خۆیان و پاراستنی منداڵە خۆشه‌ویسته‌كانمان. داوایه‌كیشم له‌ نوێنه‌رانی داهاتووی هه‌رێمی كوردستان له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق هه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ی داكۆكی له‌ هه‌موو داخوازی و ئه‌و شتانه‌ بکەن، كه‌ كوردستان پێویستی پێیه‌تی، ده‌بێت مافه‌كانی هه‌رێمی كوردستان پارێزراو بن، گرنگییه‌كی زۆر به‌ كه‌رتی په‌روه‌رده‌ بده‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن له‌ ئاستی فیدرالیش ئه‌و هاوكاری و پشتیوانییه‌ی پێویسته‌ دابین بكه‌ن.
لێره‌دا من جارێكی دیكه‌ من سوپاسی خۆڕاگری ئێوه‌ ده‌كه‌م، سوپاسی خۆڕاگری مامۆستایان ده‌كه‌م، هیوادارم قوتابیان هه‌موو سه‌ركه‌وتووبن، ساڵێكی خۆشتان له‌ پێش بێت، هه‌مووتان له‌ وانه‌كانی خۆتان ئینشاڵڵا سه‌رده‌كه‌ون، ده‌ستخۆشیتان لێ ده‌كه‌م.
من لێره‌دا داوا له‌ ئێوه‌ی به‌ڕێز ده‌كه‌م، به‌ یه‌كه‌وه‌ به‌خێرهاتنی بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدی ئاڵا كاك ئیبراهیم سەباح ناسر بكه‌ین، كه‌ لێره‌ وه‌ستاون، هاتنی ئێمه‌ بۆ ئه‌و قوتابخانه‌یه‌ وه‌فایه‌ك و رێز و پێزانین بووه‌ بۆ ئه‌و شه‌هیده‌ سه‌ربه‌رزه‌، كه‌ له‌لایەن جه‌نابی سه‌رۆك بارزانییه‌وه‌ وه‌كو شه‌هیدی ئاڵا پێناسه‌ كرا، بۆیه‌ من داوا ده‌كه‌م، هه‌ردوو ئازیزی خۆشه‌ویست، ئێواره‌ خان و كاكه‌ ئاوێر به‌ یه‌كه‌وه‌ له‌گه‌ڵم به‌شداربن له‌ لێدانی زه‌نگی ئه‌مساڵی خوێندن.
سوپاستان ده‌كه‌م.

Top