وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پاساو بۆ كشانەوەی وڵاتەكەی لە ئەفغانستان دەهێنێتەوە

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پاساو بۆ كشانەوەی وڵاتەكەی لە ئەفغانستان دەهێنێتەوە

 

ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا سەیارەت بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان لە دانیشتنێکی لیژنەیەکی ئەنجومەنی نوێنەرانی کۆنگرێسدا وەڵامی هەموو ڕەخنەکانی دایەوە لەسەر داکۆکیشی لە کشانەوەی ئەمەریکا کرد لەو وڵاتەدا.

بلینکن لە درێژەی قسەكانیدا ئاماژەی بەوە كرد كە هیچ بەڵگەیەک نییە لەسەر ئەوەی مانەوەی زیاتری وڵاتەكەی، هێزەکانی ئاسایشی ئەفغانستان یان حکومەتی ئەفغانستانی بەهێزتر دەکرد. ئەگەر 20 ساڵ و سەدان ملیاران دۆلار لە پشتیوانی و دابینکردنی کەلوپەل و مەشق پێدان سوودی نەبووبێت، مانەوەی دیكە بۆ چەندین ساڵ هەر سوودی نابێت.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕوونیشی كردەوە كە بەرپرسانی ئەمەریکا پێشبینی ئەوەیان نەکردبوو حکومەتی ئەفغانستان هەر وا بەو خێراییە بڕووخێت، تەنانەت لە کاتێکیشدا کە تاڵیبان لە سەرانسەری وڵاتەکەدا پێشڕەوی دەکرد.

ئەندامانی لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکاش لە کۆنگرێس پرسیاری سەختیان ئاڕاستەی بلینکن کرد و لێدوانی توندییان دا لەسەر کشانەوەکە، هەروەها پێشبینی دەکرێت ڕۆژی سێشەممە بلینکن ڕووبەڕووی هەمان پرسیار و قورسایی ببێتەوە کاتێک دەچێتە بەردەم لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی سینات.

 

Top