سەرۆکى هەرێمى کوردستان بەشدارى لە ڕێوڕەسمى دەستبەکاربوونى پارتریارکى کەنیسەى ڕۆژهەڵاتیى ئاشووریدا کرد

سەرۆکى هەرێمى کوردستان بەشدارى لە ڕێوڕەسمى دەستبەکاربوونى پارتریارکى کەنیسەى ڕۆژهەڵاتیى ئاشووریدا کرد

ئەمڕۆ دووشەممە 2021/9/13 بەڕێز نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، بەشدارى لە ڕێوڕەسمى ئاهەنگى ئایینیى دەستبەکاربوونى قەداسەتى پارتریارک مار ئاواى سێیەم، پارتریارکى کەنیسەى ڕۆژهەڵاتیى ئاشووریدا کرد کە لە کەنیسەى مار یووخەنناى مەعمەدان لە عەینکاوە بەڕێوە چوو.

سەرۆک نێچیرڤان بارزانى پیرۆزبایى لە قەداسەتى پارتریارک مار ئاواى سێیەم، پارتریارکى کەنیسەى ڕۆژهەڵاتیى ئاشووری لە جیهان کرد و هیواى سەرکەوتنى بۆ خواست. قەداسەتى پارتریارک و کەنیسەى ڕۆژهەڵاتیى ئاشووری سوپاسى بەشدارى و پشتگیریى سەرۆک نێچیرڤان بارزانى ـ یان کرد، هەروەها سوپاسى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان و لایەنە پەیوەندارەکانیان کرد بۆ هەموو ئەو هاوکارى و ئاسانکارییانەى بۆ میواندارى و سەرخستنى ڕێوڕەسمەکە، پێشکەشیان کردووە.

دواى ڕێوڕەسمەکەش لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەوانان سەرۆک نێچیرڤان بارزانى گوتى:

“ئەمڕۆ هاتبووین بۆ پیرۆزباییكردن لە پاتریاركی نوێی كەنسیەی ئاشووری لە جیهان، پیرۆزباییمان لێكرد. بۆ ئێمە لە هەرێمی كوردستان هەمیشە ئەو پێکەوەژیانە تابلۆیەكی جوانی هەموو ئەو پێكهاتانەیە كە لە هەرێمی كوردستان دەژین، بۆیە ئەمڕۆ هاتین بۆ ئێرە و پیرۆزباییمان لێكرد، هیوای سەركەوتن و تەمەندرێژیمان بۆ خواست، پەنا بە خوا سەركەوتوو دەبێت”.

لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بە پەیامیان بۆ مەسیحییەکان، سەرۆك نێچیرڤان بارزانی گوتی:

“پەیامی ئێمە بۆ هەموو خوشك و برایانی مەسیحیمان ئەوەیە عیراق بە شێوەیەكی گشتی بەو تابلۆیەی پێکەوەژیان جوانە كە هەموومان پێکەوە لەو وڵاتە دەژین، هیوادارین ئەوان لەو وڵاتە بمێننەوە و هەموومان پێکەوە و بە خۆشی بتوانین بۆ خزمەتی وڵات و پێشكەوتنی، كار بكەین”.

Top