ئەیلوولی شۆڕش و دەستكەوت ئەیلوولی هەڵبژاردن و سەركەوتن

ئەیلوولی شۆڕش و دەستكەوت  ئەیلوولی هەڵبژاردن و سەركەوتن

 

هاوكات لەگەڵ ساڵیادی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، پارتی دیموكراتی كوردستان هەڵمەتی هەڵبژاردن بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكانی 10ی ئۆكتۆبەری داهاتووی عێراق دەست پێ دەكات. پارتی دیموكراتی كوردستان ئەو هێزە گەورە و كاریگەرەی داینەمۆی شۆڕشی ئەیلوول بوو، كە مستەفا بارزانی ڕێبەرایەتی دەكرد، كە گەورەترین شۆڕشی سیاسی و چەكداری و سەرتاسەریی خەڵكی كوردستان بووە و، بە دروشمی «كوردستان یان نەمان»، بڕوابەخۆبوونی بۆ تەواوی هاووڵاتیانی كوردستان بە جیاوازیی ئایین و نەتەوە گەڕاندەوە، ئەمەش بووە بنەمایەكی بەهێز بۆ خەباتی ڕزگاریخوازیی كوردستان و بەدەستهێنانی مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان.

ئەمڕۆ كە لەم بۆنە پیرۆزەی شۆڕشی ئەیلوولدا، بە شانازییەوە هەڵمەتی بەرفراوانی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ هەڵبژاردنەكانی عێراق دەست پێ دەكەین، جێگەی خۆیەتی ئاماژە بەوە بكەین كە پارتی دیموكراتی كوردستان و جەنابی بارزانی-ی نەمر ڕێبەرایەتیی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولیان كردووە و، هەموو ئەو دەستكەوتانەی تا ئێستا بۆ كوردستان بەدیهاتوون، درێژەپێدانی خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستانە لە شۆڕشی مەزنی ئەیلوولدا، لە ئێستاشدا كە سەرۆك مسعود بارزانی بە هەمان گیانی خەباتی پێشمەرگانە داكۆكی لە مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان دەكات و، بووەتە ئەو ڕێبەرەی كە هەموو ڕێگەكان دەگەڕێنەوە بۆ لای سەرۆك بارزانی، سیاسەتی حەكیمانەی سەرۆك بارزانی شكۆ و پێگەیەكی ئەوتۆی بۆ هەرێمی كوردستان دروست كردووە كە لە زۆر ڕووەوە هاوتایە لەگەڵ دەوڵەتی ئەمری واقیع.

ئەم هەڵبژاردنە بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان زۆر گرنگە، لەبەر ئەوەی پارتی ئەركێكی قورس و گرانی لەسەر شانە، ئەم ئەركە قورس و گرنگە داوامان لێ دەكات بە گیانی پێشمەرگانەی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان لەم هەڵمەتەی هەڵبژاردن ڕۆڵی خۆمان بگێڕین، ئەمەش لە پێناوی ئەوەیە كە ڕۆڵی پارتی دیموكراتی كوردستان لەناو پرۆسەی سیاسیی عێراق و پێداگری لەسەر مافەكانی گەلی كوردستان و ڕاگرتنی هاوسەنگیی هێز، هەر بە بەرزی بمێنێتەوە و پێگەی هەرێمی كوردستان لەناو پەرلەمانی عێراقدا بەهێزتر بێت.

پارتی دیموكراتی كوردستان بە پشتبەستن بە خوا و هێزی لە بن نەهاتووی جەماوەرەكەی، بە تەنیا و بێ هاوپەیمانی لەگەڵ هیچ لایەنێكی سیاسی بەشداریی هەڵبژاردنی ئۆكتۆبەری داهاتووی عێراق دەكات، بەڵام دوای تەواوبوونی هەڵبژاردن و ڕاگەیاندنی ئاكامەكانی هەڵبژاردن، پارتی دیموكراتی كوردستان هەم لەسەر ئاستی كوردستان لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەكان دەكەوێتە گفتوگۆ، بۆ ئەوەی بە تەبایی و یەكڕیزی لە بەغدا نوێنەرایەتیی گەلی كوردستان بكرێت، هەم لەسەر ئاستی عێراقیش دەكەوێتە گفتوگۆ لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەكانی عێراق بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق، تەنیا خاڵی گرنگیش وەك سیاسەت و ستراتیژ لای پارتی دیموكراتی كوردستان، بەرنامەی حكومەتی داهاتووی عێراقە و جێبەجێكردنی دەستوور و گەڕانەوەی ناوچە جێناكۆكەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان بەجێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستوور و، هەروەها دروستكردنی هاوسەنگییەكی تەواو لە نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا لە چوارچێوەی دەوڵەتێكی فیدڕاڵیی ڕاستەقینە لە عێراقدا.

هەڵبژاردنی ئەمجارە جیاوازە لە هەڵبژاردنەكانی پێشتر و گۆڕانكاری بەسەر یاسای هەڵبژاردنەكانی عێراقدا هاتووە، پارێزگاكان بە سەر چەندین بازنەدا دابەش بوون، كاندیدەكانیش لە چوارچێوەی لیستی حزبەكاندا نین، بۆیە ئەمەش ئەركی سەرشانمان قورستر دەكات و، دەبێت هۆشیارانە جەماوەری خۆمان ئاراستە بكەین و لەسەر ئاستی بازنەكان زانیاریی دروستیان بخەینە بەردەست، ئەمەش بۆ ئەوەیە كە دەنگەكانمان پەرش و بڵاو نەبن و زۆرترین كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان دەربچن.

لە كۆتایی ئەم پەیامە كورتەدا، جارێكی دیكە ئەوە دووپات دەكەمەوە كە پارتی پارێزەری خاك و دەستكەوتەكانی گەلی كوردستانە، ئەندامان و لایەنگران و جەماوەری پارتی دەبێت لەوە ئاگادار بن كە ئەركی سەرشانیان لەم هەڵبژاردنە زۆر قورسە و، ئەم هەڵبژاردنە هەڵبژاردنێكی چارەنووسسازە بۆ پێداگری لەسەر دەستوور و چەسپاندنی زیاتری مافەكانی گەلی كوردستان لە عێراقدا، هەر بۆیە چەند هێز و پێگەی پارتی لەم هەڵبژاردنەدا بەهێز بێت، ئەوا ئایندەی هەرێمی كوردستان لە عێراقدا لە دەستێكی ئەمیندا دەبێت.

هەزاران سڵاو بۆ شەهیدانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و تەواوی شەهیدانی كوردستان، سەروەریان مستەفا بارزانی و كاك ئیدریسی هەمیشە زیندوو.

 

 

(*) سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پارێزگای هەولێر

Top