سەرۆک وەزیرانی عێراق گەیشتە تاران

سەرۆک وەزیرانی عێراق گەیشتە تاران

سەرۆک وەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی بە سەردانێک گەیشتە تاران پایتەختی ئێران و چاوەڕوان دەکرێت لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسە گەورەکانی ئەو وڵاتە کۆببێتەوە.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە ئەمڕۆ یەکشەممە، مستەفا کازمی بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵا گەیشتووەتە تاران.
راشیگەیاندووە، مستەفا کازمی بەرلەوەی بەرەو ئێران بەڕێ بکەوێت رایگەیاندبوو، ئامانج لە سەردانەکەی بۆ ئێران، پتەوترکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و کردنەوەی ئاسۆی ھاریکارییە ھاوبەشەکانی نێوان ھەردوو وڵاتە لە سەرجەم بوارەکاندا.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، مستەفا کازمی وتوویەتی: "عێراق سەرکەوتوو بووە لەوەی رۆڵێکی میحوەری بگێڕێت لە ناوچەکە لە رێگای پتەوترکردنی شەراکەتی ستراتیژیی لەسەر بنەمای پشتیوانیکردنی سەقامگیریی، ھاریکاریی و دۆستایەتی لەسەر بنچینەی ئاشتیی و گەشەپێدان".
لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوەش کراوە کە سەرۆک وەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ تاران بە مەبەستی تاوتوێکردنی ژمارەیەک دۆسیەی گرنگ لەوانە ئاسایش و سەقامگیريی ناوچەکە، لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسە گەورەکانی ئێران کۆدەبێتەوە.

Top