ئەمریكا دوایین هۆشداری دەداتە ئێران

ئەمریكا دوایین هۆشداری دەداتە ئێران

وەزیری دەرەوەی ئەمریكا هۆشداری دەداتە ئێران بەوەی كە کاتی بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێکكەوتنە ناوەکییەکە نامێنێت.

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەيیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: “کاتێک دیاری ناکەم، بەڵام نزیک بووینەتەوە لەوەی بگەینە ئەو خاڵەی کە تیایدا بڵێین گەڕانەوە بۆ سەر ڕێکكەوتنە ناوەکییەکە ئەو سوودەی نابێت کە پێشتر ڕێکكەوتنەکە هەیبووە.”

هاوكات هایکۆ ماس، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا وتی: دواخستنەکەی تاران زۆر دوور و درێژ بووه‌. ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو كه‌ لەگەڵ هاوتا ئێرانيیەکەیدا بە تەلەفۆن قسەیان کردووە و پێی وتووە: “خێراتر بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆکردن.”

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا پێشبینی ئەوەشی لە حکومەتەكەی ئیبراهیم ڕەئیسی كردووە، کە پشتیوانیی لە ئەنجامەکانی ئەو گفتوگۆیانە بکات کە تاوەکو ئێستا ئەنجام دراون.
ئەوەش دوای ئەوەدێت، ئیبراهیم ڕەئیسی دوای ئەوەی وەکو سەرۆکی ئێران دەستنیشانکرا، پێشنیاری ئەوەیکرد گفتوگۆکان بۆ دووبارە زیندووکردنەوەی ڕێکكەوتنە ناوەکییەکەی نێوان ئێران و وڵاتانی دیكە بۆ ماوەی دوو تا سێ مانگی دیکە دوابخرێت.

Top