سزای  بەندكردن بۆ ماوەی حەوت ساڵ بەسەر پارێزگاری پێشووی نەینەوادا دەرچوو

سزای  بەندكردن بۆ ماوەی حەوت ساڵ بەسەر پارێزگاری پێشووی نەینەوادا دەرچوو

 

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە دادگای تاوانەکانی نەینەوا لە لێدوانێكدا بۆ  دەزگاكانی ڕاگەیاندن ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە كە  عێراقی راگەیاندووە، كە سزای  بەندكردنی بۆ ماوەی حەوت ساڵ بەسەر ئەسیل نوجەیفی پارێزگاری پێشووی نەینەوادا دەركردووە، بەپێی سەرچاوەكە ئەم سزایەش  لەسەر ئەو سکاڵایە دێت كە عەبدولرەحمان لویزی ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق لەسەر دۆسیەی کەوتنی پارێزگای نەینەوا لە دژی ئەسیل نوجەیفی پارێزگاری پێشووی پارێزگاکە تۆماری كردبوو.

 

لەنێو سكاڵاكەدا جەخت لەوە كراوەتەوە كە ئەم سزایە پەیوەندی بە دۆسییەی کەوتنی پارێزگای نەینەواوە هەیە لەسەردەستی گروپی چەکدارانی داعش لە ساڵی ٢٠١٤، كە دوای ئەوەش  پەرلەمانی عێراق لیژنەیەکی بۆ ئەو دۆسییەیە پێکهێنابوو، لویزیش ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق، یەکێک بووە لە ئەندامانی ئەو لیژنەیە.

 

لە وەڵامی ئەو سكاڵایەشدا ئەسیل نوجەیفی پارێزگاری پێشووی نەینەوا ڕوونی كردبووەوە  كە ئەم بابەتە نوێ نییە، بەڵکو پێشتر دەیان دۆسییەی دیکەی هاوشێوە ڕووبەڕووی كراوەتەوە، بەڵام ئەو هەمووی تێپەڕاندووە.

 

شایانی باسە لە ساڵی ٢٠١٤ دوای سەرهەڵدانی داعش لە عێراق و سوریا دەستیان بەسەر رووبەرێکی فراوانی خاكی عێراقدا گرت، پارێزگای نەینەواش كەوتە ژێر دەستی ئەو ڕێكخراوە تیرۆریستە و  هەر لەو کاتەشدا چەندین بەرپرسی ئیداری پارێزگاكە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کرا و دۆسییەی هەندێکیشیان تا ئێستا بە کراوەیی ماوەتەوە.

Top