سەرۆك بارزانی و جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی ئەورووپا كۆبوونەوە

سەرۆك بارزانی و جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی ئەورووپا كۆبوونەوە

ئەمڕۆ سێشەممە سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە جۆزێپ بۆرێل جێگری سەرۆكی كۆمیسیۆنی ئەورووپا و بەرپرسی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی ئەورووپا كرد.

لە دیدارەكەدا بۆرێل ستایشی ڕۆڵی سەرۆك بارزانی كرد لە مێژووی خەباتی گەلی كوردستان بۆ گەیشتن بە ئازادی و ڕای گەیاند ئاگاداری تێكۆشان و خەباتی گەلی كوردستانە.

هەروەها پێزانینی هەبوو بۆ ڕۆڵی هێزی پێشمەرگە و گەلی كوردستان لە شەڕی دژی تیرۆریستان و پێشوازیكردن لە سەدان هەزار ئاوارە و پەنابەر.

بۆرێل لە دیدارەكەدا ئەوەی خستەڕوو كە ئاسایش و ئازادی و خوشگوزەرانیی گەلی كوردستان بۆ یەكێتیی ئەورووپا بایەخی تایبەتی هەیە و پاڵپشتیی یەكێتیی ئەورووپای بۆ گەلی كوردستان دووپات كردەوە.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی سوپاسی هاوپەیمانانی كرد كە لە شەڕی تیرۆریستاندا یارمەتیی گەلی كوردستانیان داوە و جەختیشی لەوە كردەوە هەر میللەتێك ئیرادەی بەرخودانی هەبێت ئەوە یارمەتیی دۆستان و هاوپەیمانانیش كاریگەریی باشی دەبێت.

هەڕەشەی تیرۆریستانی داعش تەوەرێكی تری ئەو كۆبوونەوەیە بوو و سەرۆك بارزانی هۆكارەكانی سەرهەڵدانی داعشی بۆ شاندی میوان شی كردەوە و جەختی لەوەش كردەوە كە هەڕەشەی تیرۆر و داعش هێشتا ماوە، چونكە هۆكارەكانی دروستبوونی داعش هێشتا ماون و چارەسەر نەكراون.

سەرۆك بارزانی ئەوەشی ڕاگەیاند كە فەرهەنگی دەوڵەمەندی پێكەوەژیان لەناو گەلی كوردستان ڕێگر بووە لەوەی تیرۆریستان بتوانن لەناو گەلەكەماندا پێگە بۆ خۆیان دروست بكەن.

لە درێژەی كۆبوونەوەكەدا ڕۆشنایی خرایە سەر هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق و هەردوولا هیوای ئەوەیان خواست كە هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بەڕێوە بچێت و ئەنجامەكانی ببنە هۆی گۆڕانكاری و سەقامگیری و بەدیهاتنی ویستی هاووڵاتیان.

Top