روونکردنەوەیەك لە گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە

روونکردنەوەیەك لە گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە

گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان وەڵامی لێدوانێکی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە)ی باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە) دەداتەوە.

لە روونکردنەوەکەدا، مەحمود محەمەد، گوتەبێژی پارتی رایگەیاندووە: هەپەگە باس لە کوژرانی حەوت چەکداری پەکەکە لە سنووری خەلیفان بە دەستی پارتی دەکات، بەڵام ئەو لێدوانە ”ھیچ بنەمایەکی نییە و دوورە لە راستی“.

گوتەبێژی پێی وایە هەپەگە بۆ شاردنەوەی تاوانەکانی پەکەکە و پاساوهێنانەوە بۆ کردە نایاساییەکان و دەستدرێژییەکانی ئەو حزبە بۆ سەر هەرێمی کوردستان، ناوی پارتی لە لێدوانەکەیدا هێناوە.

مەحمود محەمەد داواش لە پەکەکە دەکات وەڵامی خەڵکی کوردستان بداتەوە، کە چەکدارەکانی لە سنووری خەلیفان چی دەکەن؟

پەکەکە پارتێکی باکووری کوردستانە و مەیدانی خەبات و شەڕەکانی هێناوە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و بووەتە هۆی لەشکرکێشی و بۆردومانی تورکیا بۆ ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان.

دەقی روونکردنەوەکە:

ناوەندێکی سەر بە پەکەکە بە ناوی ھەپەگە، لە راگەیاندراوێکدا ئیدیعای ئەوەی کردووە کە حەوت چەکداریان لە دەڤەری خەلیفان بەدەستی پارتی کوژراون!

لێرەدا بەگشت لایەکی رادەگەیەنین کە ئەو ئیدیعایە ھیچ بنەمایەکی نیە و دورە لە راستی و، مەبەستیان لە ناوھێنانی پارتی دیموکراتی کوردستان و بڵاوکردنەوەی بابەتی ناڕاست بۆ شاردنەوەی تاوانەکانیانە و پاساو ھێنانەوەیە بۆ کردەوە نا یاسایی و دەستدرێژیەکانیان بۆ سەر ھەرێمی کوردستان.

خەڵکی کوردستان دەپرسن و پێویستە پەکەکە وەڵامیان بداتەوە کە چەکدارانی پەکەکە چی دەکەن لە دەڤەری خەلیفان و ئیشیان چیە و پەیوەنییان بەو دەڤەرەوە چیە؟

مەحمود محەمەد

گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان

4ـی ئەیلوولی 2021

Top