نهێنیی شووشتنی دەستەكان بۆ ماوەی 20 چركە

نهێنیی شووشتنی دەستەكان بۆ ماوەی 20 چركە

 

 پاكوخاوێنیی دەستەكان Hand hygiene لە هەوكردنەكانی كۆئەندامی هەناسە و كۆئەندامی هەرس دەمانپارێزێت. بە پێی ڕێنماییەكانی ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی و سەنتەری ئەمریكی بۆ كۆنترۆڵ و خۆپاراستن لە نەخۆشیییەكان CDC، پێویستە كە ماوەی شووشتنی دەستەكان بە ئاو و سابون لانیكەم لە 20 چركە كەمتر نەبێت. با بزانین نهێنی ئەم 20 چركەیە چییە؟ تەنۆلكە وردەكان لەسەر ڕووە زبرەكان و كەلێنە وردەكانی سەر پێستی دەست قەتیس دەبن، لەكاتی شووشتندا پێویستە كە لێشاوی ئاو هێندە بەهێز بێت تاكو توانای لابردنی ئەم تەنۆلكانەی لەسەر پێستی دەست هەبێت، بە مانایەكی دیكە، لێشاوی توندی ئاو هاوكات لەگەڵ لێكخشاندنی دەستەكان بە توندی، ئەم تەنۆلكانە زووتر و ئاسانتر لادەبات. لەكاتی شووشتندا، ئەگەر دەستەكانت بە نەرمی و لەسەرخۆ لەیەكتر بخشێنیت، ئەوا ئەگەری لابردنی هەموو تەنۆلكەكان لەسەر پێستی دەستدا كەمتر دەبێتەوە، لێكخشاندنی دەستەكان و كەلێنی پەنجەكان بە توندی بۆ ماوەی 20 چركە زۆر پێویستە بۆ پاككردنەوەی هەموو تەنۆلكە و بەكتریا و ڤایرۆسەكانی سەر پێستی دەستەكان. توێژەران جەخت دەكەنەوە كە زانینی میكانیزمی چۆنێتی لابردنی تەنۆلكەكان بە شێوەیەكی فیزیكی لەسەر پێستی دەستەكان، كاریگەرییەكی ئەرێنی زۆری هەیە بۆ دڵنیابوون لە نەمانی هیچ جۆرە میكرۆب و تەنۆلكەیەك لەسەر ڕووی پێستدا.

 

Top