شیروان دووبەردانی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسێۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ گوڵان: لە كەركووك پارتی پشتئەستورە بەو جەماوەرە ڕەسەنە كوردستانییەی هەیەتی

شیروان دووبەردانی  ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسێۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ گوڵان:  لە كەركووك پارتی پشتئەستورە بەو جەماوەرە ڕەسەنە كوردستانییەی هەیەتی

 

 

پارتی بە بێ هاوپەیمانێتی بەشداری لە هەڵبژاردنەكاندا دەكات و زۆرترین كورسی بەدەست دەهێنێت

 

لەگەڵ جەختكردنەوەی لایەنە فەرمی و پەیوەندیدارەكان لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنە پەرلەمانییە پێشوەختەكەی عێراق لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا و، هاوشان بە بڕیاری ڕەوتی سەدر بۆ پاشگەزبوونەوە لە بایكۆتكردنی بەشداریكردن لەو هەڵبژاردنانە، ئەوا ئاماژە و ئاراستەكان بەو ئاقارەدان كە هەڵبژاردنەكە لە كاتی خۆیدا ئەنجام دەدرێت، ئاشكرایە كە بە هۆی گۆڕینی یاساكەیەوە هەڵبژاردنێكی جیاواز دەبێت، هەموو ئەمانە و پرسی ئامادەكاری و كاركردنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە متمانە و باوەڕبەخۆبوونەوە بۆ بەشداری لەم هەڵبژاردنانەدا، بوونە تەوەری دیدارێكی گوڵان لەگەڵ شیروان دووبەردانی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسێۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان.

 

 

* پێش ئەوەی بێینە سەر بابەتی سەرەكیمان، كە هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراقە، پرسیار ئەوەیە، ئایا بارودۆخی سیاسیی ئیستای عێراق چۆن دەخوێننەوە؟ ئایا ئەم بارودۆخە تا چەند لەبارە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد؟

- بێگومان ئێمە چەند لە ڕۆژی هەڵبژاردن نزیك ببینەوە، ئەوا ململانێی نێوان حزب و هێزە سیاسییەكان توندتر دەبێت، لە ناوچەكانی سوننە و شیعەش ئەنجامی هەڵبژاردنەكان لە جاران جیاوازتر دەبێت، چونكە سیستەمەكە فرەبازنەیە و خەڵكەكەش ئەمڕۆكە لە بەرامبەریان گۆڕاون و چەندین شەهید و برینداریان لە خۆپیشاندانەكان داوە، بۆیە من ئاوای دەبینم چەند نزیك ببینەوە لە هەڵبژاردن هەندێك بارودۆخی نائارامی دروست دەبێت، بە هۆی بوونی چەندین میلیشا و هێزی چەكدار و بوونی چەندین جۆری چەكی نایاسایی كە كاریگەری دروست دەكات لەسەر دەنگدانی هاووڵاتی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا، هەروەها لە دونیادا هەڵبژاردن نییە 100% پاك و بێگەرد بێت، بەتایبەتی لە ناوچەكانی خۆمان كە لە 2003وە چەندین هەڵبژاردن ئەنجام دراون، ئایا ئێستا تا چ ڕێژەیەك خەڵك باوەڕی بە حكومەت و بە كۆمیسێۆن هەیە كە ئەو هەڵبژاردنە پاك و بێگەردە، بە تەئكید ئەم هەڵبژاردنەش ئەو پاكییە نابێت كە چاوەڕێ بكەین و زۆ كەس و لایەنی سیاسی ئاگادارین كە كارتی دەنگدان ئامادە كراوە بۆ ئەوەی لە ڕۆژی هەڵبژاردن ئەو كارتە ساختەكارییانە بەكاربێنن.

* هەلمەتی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەستی پێ كردووە، لە هەمانكاتدا كۆمەڵێك هێزی سیاسییش لە پرۆسەكە كشاونەتەوە، ئایا چۆن سەیری پرۆسەی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەكەن؟

-  وادیارە لە ڕۆژی دیاریكراودا كە 10ی تشرینی یەكەمی 2021یە هەڵبژاردنەكە ئەنجام دەدرێت و، ئەو لایەنە سیاسییانەی ڕایانگەیاندووە لە هەڵبژاردنەكە دەكشێنەوە، ئەمانەش بە بڕیارەكەیاندا دەچنەوە و وەك ئەوەی دیتمان كە سائیرون لە بڕیارەكەی پاشگەز بووەتەوە و لە وتارێكیدا موقتەدا سەدر بەشداری خۆیانی لە پرۆسەی هەڵبژاردنەكە ڕاگەیاند و بەشداریكردنی بە گرنگ و گۆڕانكاری گەورە دانا لەو هەڵبژاردنەدا، چونكە بۆیان دەركەوتووە هەر وەك ساڵی 2004 و 2005ی لێ دێت، كە چەندین لایەن و هێزی سیاسی بەتایبەتی لە سوننە لە هەڵبژاردن كشانەوە و موقاتەعەی سیاسییان لە عێراق كرد، ئەوانە زۆر زەرەرمەند بوون، هەر لەو كاتەوە تا ئێستاكە بە بۆچوونی من ئەوە هەڵەیەكی ستراتیژی بوو كردیان، هەر بۆیە ئێستاكەش ئەو لایەن و حزبانەی بڕیاری كشانەوەیان داوە لە هەڵبژاردنەكە، بەتایبەتی سائیرون لە بڕیارەكەیان پەشیمان بوونەوە و دەگەڕێنەوە ناو پرۆسەی هەڵبژاردن و بەشدار دەبن.

* پارتی دیموكراتی كوردستان وەك لایەنیكی سیاسیی گرنگی كوردستانی و عێراقی دەستی كردووە بە بانگەشەی هەڵبژاردن، ئایا پارتی لە چەند پارێزگای عێراق كاندیدی هەیە بۆ ئەم هەڵبژاردنە و تاچەند ئومێدی ئەوە هەیە هەر بە هێزی یەكەم لە هەڵبژاردنەكان بمێنێتەوە؟

- پێش ئەوەی وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە، پێویستە سەیری هاوكێشە سیاسییەكان لە عێراق و هەرێمی كوردستان بكەین، كە لەمەشدا دەبینین و بۆ هەموو لایەن و حزبێك لە عێراق و كوردستان ڕوون بووەتەوە كە پارتی دیموكراتی كوردستان كاریگەری و قورسایی زۆر بەنرخ و گەورەی هەیە لە پارسەنگ و چارەسەری كێشەكانی عێراقدا و ڕۆڵی جەنابی سەرۆك بارزانی زۆر دیار و گرنگە لە چارەسەری كێشەكاندا، بەتایبەتی دەبینین هەموو لایەن و كەسایەتی و سەرۆكی پارت و حزبەكانی عێراق بە شیعە و سوننەوەش سەردانی جەنابی بارزانی دەكەن و ڕۆڵ و پێشنیارەكانی بە هەند وەردەگرن و بۆیان ڕوون بووەتەوە هیچ گرفت و بارودۆخێك ناگاتە چارەسەر و كەناری ئارامی ئەگەر جەنابی سەرۆك بارزانی هەوڵی جددی و پشتگیری چارەسەركردنی نەكات. بێگومان لەبارەی ئەو هەڵبژاردنەوەشەوە كە بەپێی یاسای نوێیەكە و ئەو سیستەمی فرەبازنەییەش كە دانراوە، پارتی دیموكراتی كوردستان هەر بە یەكەمی دەمێنێتەوە، پارتی دیموكراتی كوردستان لەو هەڵبژاردنەدا لە كوت و كەربەلاو ئەنبار و سەڵاحەدین و دیالە و بەغدا و هەر چوار پارێزگای هەرێمی كوردستان و كەركووك و مووسل كاندیدی هەیە و، بە تەئكید پارتی دیموكراتی كوردستان هەر یەكەمە و زۆرترین كورسی دەهێنێت و یەكەم حزبە بەبێ هاوپەیمانی لەسەر ئاستی هەموو عێراق لە هەڵبژاردنەكە بەشدار دەبێت.

* لەگەڵ ئەوەی لە یەك دوو ساڵی ڕابردوو هەوڵێكی زۆر درا بۆ ئەوەی بارودۆخی ناوچە كێشە لەسەرەكان ئاسایی بكرێتەوە، بەڵام هەتا ئێستا وەك خۆیەتی، ئایا تاچەند بوار دراوە لە ناوچە كێشە لەسەرەكان پارتی دیموكراتی كوردستان بە ئازادی بانگەشەی هەڵبژاردن بەڕێوە بەرێت؟

- پارتی دیموكراتی كوردستان لە دوای ڕێفراندۆم چەندین ساڵە لە هەوڵدانی ئەوەدا بووە بۆ گەڕاندەوەی ئەو ناوچانە، هەر لە شنگاڵەوە تا دیالە، بەڵام چەندین میلیشیا و هێزی چەكدار و لایەنی دیكەش قبووڵ ناكەن پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ئەو ناوچانە بگەڕێتەوە و ڕێگر و كۆسپ دروست دەكەن لە بەردەم گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە و بەشداربوونی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، چونكە دەزانن پارتی بگەڕێتەوە بەهێز و توانای گەورە و كاریگەریی خۆی دەگەڕێتەوە و ئەو خەڵك و جەماوەرەی لەو ناوچانە هەیە، زیاتر باوەڕ و متمانەیان بە پارتی دیموكراتی كوردستان و هێزی پێشمەرگە هەیە. هەوڵ و گفتوگۆ و دانیشتنی زۆریش كرا لە ڕێگای حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆك وەزیرانی عێراق و خودی پارتییشەوە بۆ گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و پارتی بۆ ئەو ناوچە و شوێن و شارانە، بەڵام چەندین میلیشیا و لایەنی عێراقی و چەندین كەس و لایەنی دیكەش كە بە كورد هەژمار دەكرێن، بەداخەوە قبووڵیان نەبوو ئەو كار و پرۆسەیە بكرێت و پێشمەرگە و پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ئەو ناوچانە بگەڕێنەوە، هەروەها لەم ڕۆژانەدا هەوڵ هەبوو بۆ گەڕانەوەی ناوچەی پارتی بۆ مووسل و مەخموور و كەركووك كە ئەمە وەك پلانی یەكەم لە دوای ئەمەش لق و هێزی پێشمەرگەش بۆ ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان بگەڕێنەوە. پارتی دیموكراتی كوردستان لەو هەڵبژاردنە لە مووسل یەكەم دەبێت و زۆرترین كورسی مسۆگەر دەكات، بەتایبەت لە ناوچە كوردستانییەكان كە چاوەڕوان دەكرێت لە 7تا9كورسی بەدەست بێنێت و لە كوت و سەڵاحەدین و بەغداش كاندیدمان هەیە، لەو شوێنە دوو لە كاندیدەكان برایانی عەرەبن و چاوەڕوان دەكەین لەو شارانەش كورسی بەدست بێنین، هەر بۆیە پارتی دیموكراتی كوردستان لەو هەڵبژاردنەش لەسەر ئاستی عێراق هەر بە یەكەم دەمێنێتەوە.

* كەركووك كە سەرچاوەی كێشەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و عێراقە، لە هەڵبژاردنی ڕابردوو پارتی بایكۆتی كرد و هیچ كاندیدكی نەبوو، ئەمجارە پارتی كاندیدی هەیە و بەشدار دەبێت، ئایا ئەو ڕێوشوینانە چین كە پارتی بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارە لە كەركووك دەیگرێتەبەر؟ ئایا ئەو زەمینەیە هاتووەتە پێشەوە كە پارتی بتوانێت بە ئازادی لە كەركووك بانگەشەی هەڵبژاردن بكات؟

- نەخێر، ئەو زەمینە و بارودۆخە لەبار نییە كە پارتی دیموكراتی كوردستان بتوانێت بە ئارەزووی خۆی و بەپێی پێویست كە یاساش ڕێگای پێ داوە، بانگەشە بۆ كاندیدەكانی لە كەركووك بكات، چونكە هەندێ لایەنی سیاسی و میلیشاكانی ناو كەركووك ناهێڵن پارتی بە ئازادی بانگەشە بكات، یان كاندید هەوڵ و كاری پێویست بۆ خۆیان ئەنجام بدەن، بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان پشت ئەستوورە بە جەماوەری دڵسۆز و چاونەترسی كەركووك و هێزی پێشمەرگەی كوردستان و جەماوەری كوردی ڕەسەنی كەركووك كە دەنگ بە هەر دوو هەڵبژێری پارتی دیموكراتی كوردستان بدەن و ئەو ئاوارانەی كە لە هەولێر و شوێنی دیكەن كە لە دوای 16ی ئۆكتۆبەر شاری كەركووك و ناوچە و شوێنەكانی دیكەیان بەجێهێشتووە كە ئەمانە بە دڵنیاییەوە چاوەڕوانی ڕۆژێكی وەك ئەم هەڵبژاردنە دەكەن، كە بتوانن هەق و مافی خۆیان مسۆگەر بكەن و، بوونی خۆیان لە كوردستانیەتی كەركووك بسەڵمێنن و دەنگ بە كاندیدانی پاتی دیموكراتی كوردستان بدەن، كە بەمەش كورسییەك، یان دوو كورسی بەدەست بێنین و نوێنەری كوردستانییەتی كەركووك لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەیان بكات. بەڵام ئەمەش پێویستی بە سەقامگیری و دڵنیایی ئاسایش هەیە بۆ ئەو مەبەستە پێویستە ڕێككەوتن لەنێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی ناوچە كێشە لەسەرەكان ئەنجام بدرێت، هەر بۆ ئەو كارە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو شاندێكی هێزی پێشمەرگەی كوردستان سەردانی بەغدای كردووە و ئەو سەردانەش تەواوكەری سەردانەكانی پێشووەترە بۆ ئەوەی لەگەڵ بەرپرسانی سوپای عێراق دانیشن و بگەنە ڕێككەوتنێك و بڕیارێكی هاوبەشی دەربكەن، بۆ پاراستنی ناوچە كێشە لەسەرەكان كە لە كۆبوونەوەكاندا شاندەكەی پێشمەرگە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سەربازیی عێراق گفتوگۆیان لەبارەی پێكهێنانی دوو لیوای هاوبەش بۆ ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان كردووە. بێگومان بەهۆی دروستبوونی ئەو دوو لێوا هاوبەشە ئەوا دابینكردنی ئاسایش بۆ دەنگدەرانی ناوچە كوردستانییەكان لە هەڵبژاردنەكە تا ئاستێكی زۆر دەستەبەر دەبێت.

 

Top