مۆدێلی پەروەردەی «دوو زمانەی هاوكات (دوئل ئیمرژن)» وەكو پردی داهاتووی نێوان بنەماڵە و ئاكادیمیای نوێ

مۆدێلی پەروەردەی «دوو زمانەی هاوكات (دوئل ئیمرژن)» وەكو پردی داهاتووی نێوان بنەماڵە و ئاكادیمیای نوێ

 

لەم بابەتەدا بە هیوام باسی پرسێكی گرینگ بكەم كە پێویستە لە هەرێمی كوردستانیش لە لایەن كەسایەتییە شارەزاكان و سیستەمی پەروەردەوە بایەخی پێ بدرێت و، كۆمەڵگەش ئامادەی وەرگرتنی ئەو سیستەمە بێت.

دیارە سیستەمەكە سیستمێكی فێرگە و پەروەردەییە بە ناوی “دوئل ئیمرژن”، كە من ناوی “سیستەمی پەروەردەی دوو زمانەی هاوكات”م بۆ وەرگێڕانی هەڵبژاردووە، واتە لە قوتابخانەكان هاوكات دوو زمان فێری منداڵان دەكەن، هیچكام لەو دوو زمانەش بایەخی زیاتری پێ نادرێت و، هەموو وانەكانیش بەو دوو زمانە دەخوێندرێن. ئەمەش جیایە لەو خوێندنگەیانەی كە تەنیا وانەیەك بە زمانێكی دیكە دەخوێندرێت. لە ئەمریكا زیاتر لە 150 هەزار قوتابخانەی لەم جۆرە بۆ خوێندنی سەرەتایی دامەزراون.

پاش لێكۆڵینەوەیێكی درێژخایەن لە لایەن فێرگەناس و كۆمەڵناسان و شارەزایانی پەروەردەیی لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە چەند ساڵی ڕابردوودا بۆیان دەركەوتووە ئەو سیستەمە چە ندە گرینگ و سەركەوتووە. ئەوان بەو واقیعە گەیشتن كە وێڕای ئەوەی فێربوونی زمانی فەرمیی وڵات پێویستیی هەر هاووڵاتی و شارەمەندێكە، پێویستە هەر منداڵێك دەرفەتی ئەوەی پێ بدرێت، كە دوو زمان (زمانی نەتەوەیی خۆی و زمانێكی بیانی) بە تەواوی فێر بێت.

باشترین خاڵی (سیستەمی پەروەردەی دوو زمانەی هاوكات) كە دەكرێت پەنجەی لەسەر دابنێین، ئەوەیە كە كاریگەریی ئەرێنی لە سەر ڕەوان و تەندروستیی مێشك و لەبیرمانەوەی باسەكان لە مێشكی قوتابیدا دەبێت. هەروەها ئەم سیستەمی خوێندنە لە بواری پێوەندیی كۆمەڵایەتی لەگەڵ خەڵكدا زۆر كاریگەرە و دەرفەتی باشتر بۆ سەركەوتنی منداڵان لە داهاتوویاندا دەڕەخسێنێت.

بە یارمەتیی تیمێكی لێكۆڵەر لە ڕامیاری و سیاسەتڕێژی پەروەردە و شارەزا و پسپۆڕان لەلایەن یەكێك لە زانكۆكانی ولایەتی كالیفۆرنیا، لە ئەمریكا بۆ ماوەی دوو ساڵ لە سەر ئە م پڕۆگرامە لێكۆڵینەوەمان كرد.

بە داخەوە منداڵانی كورد جگە لە باشووری كوردستان لە بەشەكانی دیكەی كوردستانی داگیركراو، تەنانەت لە فێربوونی زمانی نەتەوەیی خۆیان بێبەش كراون، ئەو دەرفەتە بۆ ئەوان تەنیا خەونێكە و هێشتا ڕێگرییەكانی زۆرن، ئەوەتا مامۆستای خۆبەخش كە زمانی كوردییان فێری منداڵەكان دەكرد،

 لە لایەن دەسەڵاتەوە زیندانی كراون. نموونەیان زارا محەمەدی، مامۆستا و چالاكی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی كوردستانە كە تەنیا بە هۆی وتنەوەی زمان و ئەدەبی كوردی چەند جار دەستبەسەر كراوە. لە باكوور و ڕۆژئاوای كوردستانیش بە هەمان شێوە كۆسپەكانی بەردەم زمانی كوردی زۆرن، بەڵام بە خۆشییەوە لە باشووری كوردستان ئەو دەرفەتە هەیە و هیچ ڕێگرییەك نییە. ئەگەر خوێندەوار و فێرخوازان هەموو وانەكانیان هاوكات بە دوو زمان بخوێنن، پاش چەند ساڵ خۆیان دەتوانن ببنە بنەمایێك بۆ منداڵانی دیكە و هەروەها بۆ قوتابیانی هەندەران و دەرەوەی وڵات.

خوێندن و فێربوونی دوو زمان، مێشكی منداڵ بەهێز دەكات. بەڵام ئەگەر زمانی دایكی لە ناو خێزان و سیستمی پەروەردە كەڵكی لێ وەرنەگیرێت - بەتایبەت لە هەندەران – پاش دوو نەوە لە ناو دەچێت و ناسنامەی بنەماڵەیی دە گۆڕێت. زۆر لە زمانەكان هەر بەو هۆیەوە لە ناو چوون.

شایانی باسە بزانن لە كۆی ٧٠٠٠ زمانی ناسراو لە دونیادا نزیكەی٥٠٪یان مەترسیی نەمان و لەناوچوونیان هەیە. ئەمە زۆر جێگەی داخە و ئێمەش نامانەوێت یەكێك لەوانە بین.

لە لایەكی دیكەوە من لەسەر ئەو بڕوایەم كە سیستەمی پەروەردەی دوو زمانەی هاوكات (دوئل ئیمرژن) دەتوانێت لە بواری ئابوورییشەوە گەشە بە كوردستان بدات.

ئێمە لە كارێكی مەیدانیدا سەردانی ئەو خوێندنگە و قوتابخانەیانەمان كرد، كە سیستمی دوو زمانی هاوكات پەیڕەو دەكەن. لە نزیكەوە لەگەڵ مامۆستایان و قوتابی و بنەماڵەیان و سەرۆكی خوێندنگاكان وتووێژی تایبەتمان كرد و هەموویانمان تۆمار كرد. لەو لێكۆڵینەوە درێژخایەنەدا بە چەند دەرئەنجام گەیشتین:

 ٩٠٪ی بنەماڵەكان لەسەر ئە و بڕوایە بوون كە بەم سیستمی خوێندنە لە نەوەی نوێ نزیك بوونەتەوە، واتە فێربوونی زمانی دایكی دوو جیل و تەنانەت سێ نەوەی پێكەوە نزیك كردووەتەوە. چونكە زۆر لە بنەماڵە لاتینەكان كە بە زمانی ئیسپانی قسە دەكەن و كۆچەر و پەنابەرن بریتین لە دایك و باوك، باپیر و داپیر و منداڵەكان، ئەمە بوو بە سێ نەوە. زۆر لە كۆچەرانی دیكەی دانیشتووی ئەمریكا وەك كورد و عەرەب و فارس و.. هتد.

بەڕێوەبەر و بەرپرسی خوێندنگەكان ڕایان وا بوو، سیستمی فێرگە زۆر جار وەك دیوارێكە لە نێوان بنەماڵە و شوێنی خوێندنی منداڵەكانیان، بەڵام پێوەندیی نێوان ئەم دوو ئەنستیتۆ بنەڕەتییە زۆر گرینگە و بە هۆی ئەم پەروەردە جیاوازەوە بەشداریی بنەماڵەكان لە كارەكان و پێویستییەكانیان زیاتر بووە.

 منداڵەكان زۆربەیان لە سەر ئەو بڕوایە بوون كە لە داهاتوودا دەرفەتی خزمەت و كاریان لە وڵاتەكان و زانكۆكان، یان لە بواری بازاڕ و بزنێس و بازرگانی زیاتر دەبێت و دەتوانن ئابوورییان بەهێز بكەن.

ئەم جۆرە پەروەردە تایبەتەش وەك هەموو سیستمێك گیر و گرفتی تێدا دروست دە بێت، لەوانە: تێچووی ماددی و دارایی زۆر گرانە و پارەی زۆری دەوێت، بۆیە بە گوێرەی تەرخانكردنی بودجە و یارمەتیی كۆمەڵگە لەوانەیە قوتابخانەیەكی لەو جۆرە دابمەزرێت، یان بە پێچەوانەوە دابخرێت.         هەروەها ئەم جۆرە پەروەردەیە كاتی زیاتری پێویستە و منداڵەكان ماوەیەكی زیاتر لە قوتابخانە دەبن و، لە وانەیە ماندوو ببن. بەڵام مامۆستاكان بڕوایان وا بوو، مێشكی منداڵ بەهێزە و توانایی زۆرە بۆ فێربوون، بەتایبەتی كە گیرۆدەی كاركردن نین بۆ دەهات و بژێوییان دایك و باوكان دابینی دەكەن. هەروەها زۆربەیان كاتی باشیان بۆ یاریكردنی منداڵەكانیان تەرخان كردووە، كە هەست بە ماندوویەتی خوێندنەكەیان نەكەن.

لە كۆتاییدا پێویستە بگوترێ:

   ئامانجی سەرەكیی ئەم سیستمە، دروستكردن و وەبەرهێنانی نەوەیەكی شارەزاترە، كە بە زانستی ڕۆژ ئاشنا بن. ئەمە داهاتوویێكی باشتر بۆ منداڵەكانمان لە كوردستان دەستەبەر دەكات، بە جۆرێك كە بتوانن لە دڵ و مێشكی جیهاندا كاریگەر بن.

 ڕێزدار نیلسۆن ماندیلا دەڵێت: “ئە گەر لەگەڵ مرۆڤێك بە زمانێك كە تێدەگات، قسە بكەیت، دەچێتە مێشكی، بەڵام ئەگەر بە زمانی خۆی قسەی لەگەڵ بكەیت، دەچێتە ناو دڵی.”

 منیش دەڵێم: ئەگەر لەگەڵ مرۆڤێك قسە بكەیت، بە زمانێك كە شارەزا و ئاكادیمیك بێت، هەم دەچێتە ناو مێشكی و هەم ناودڵی...

 

سەرچاوەكان:

وتووێژ لەگەڵ بنەماڵە و مامۆستاكان، سەردانی قوتابخانەكان، وتووێژی فەرمی لەگەڵ سەرۆكی قوتابخانەكان، تۆماركردنی باسەكان لە گەڵ مامۆستاكان، خۆێندنی دیكیۆمێنتی قوتابخانەكان، سایتی تۆڕی مافەكانی مروڤی كوردستان، سایتی كۆمەڵگەی زمانناسانی ئەمریكا

ژۆڕناڵە زانستییەكان وەك لێكۆڵینەوەی:

Alanís، I.، & Rodríguez،Andersen، A. Baig، F.، Campbell، C. (2011). Creswell، J. W. Dearing، E.، Kreider، H.، Simpkins، S.، & Weiss، H. Drozdowicz، S.،Teaching and Leanring، 4(2)، 23-30. Giacchino-Baker، R.، & Piller، B.، Potowski، K. Young، C

 

 

د. سورەیا فەلاح

 

Top