یوئێن داوای ڕاگرتنی دەكات.. عێراق لەسەر سزای لەسێدارەدان هەر بەردەوامە

یوئێن داوای ڕاگرتنی دەكات.. عێراق لەسەر سزای لەسێدارەدان هەر بەردەوامە

سەرچاوەیەکی تەندروستی بە ئاژانسی دەنگوباسی فڕانس پرێسی ڕاگەیاندووە، دوێنێ دووشەممە شەش کەس لەو عێراقیانەی سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرابوو و سیانیان بە تاوانی تێرۆریزم گوناهبار کرابوون، لە زیندانێکی باشووری عێراقدا لەسێدارە دراون. ئەو سزایانە لە زیندانی ناسریە جێبەجێکراون، کە بەشێکی ئەو زیندانە تایبەتە بەوانەی سزای مردنیان لەسەرە. سەرچاوەكە ڕوونیشی كردەوە كە ئەو سێ کەسەی دیكەیش کە لە سێدارە دراون، تاوانی دیكەیان ئەنجامداوە.

لەلای خۆشیەوە ئەمنیستی ئینتەرناشناڵ دەڵێت پار سزای لە سێدارەدان بەسەر 45 کەس لە عێراقدا جێبەجێکراوە و زۆربەشیان بە تاوانی ئەندامێتی لە داعشدا گوناهبار کراون.

لەوەتەی ساڵی 2017وە کە سەرکەوتن بەسەر داعشدا ڕاگەیەندراوە، لە دادگاکانی عێراقدا سزای لەسێدارەدان دراوە بەسەر سەدان کەسدا لەو جیهادییانەی لەسەروەختی دامەزراندنی دەوڵەتی خەلافەتدا لە ساڵی 2014دا تاوانیان کردووە.

لە مانگی یازدەی ڕابردوودا، پسپۆڕانی مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان داوایان لە عێراق کردبوو تا "سزای بە کۆمەڵی لەسێدارەدان ڕابگرێت."

Top