پەیامێك لە گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە

پەیامێك  لە   گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە

راگەیاندراوێک لە گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە

لەڕوانگەی ھەست بە بەرپرسیاریەتی و بەخەمەوە بوونمان بۆ سەقامگیری و ئاڵۆزتر نەبوونی بارودوخی عێڕاق و، خستنە سەر رێچکەیەکی دروست و تەندروستی پرۆسەی سیاسی بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی کێشە کەڵەکەبوەکان، پێش دوو ھەفتە لە پەیامێکی فەرمیماندا داوامان لە بەڕێزانی رەوتی سەدر و چەند لایەنێکی دیکە کرد کە بەبڕیاری بەشداری نەکردنیان لە پرۆسەی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێڕاقدا بچنەوە و، لەو پرۆسەیەدا بەشداری بکەن بەو مەبەستەی ھەموو لایەک پێکەوە قوڕسایی راستکردنەوە و چاکسازی و چارەسەری کێشەکانی عێراق بگرینە ئەستۆ.

دیارە دوای پێداچونەوە و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی گشتی بەڕێز (سەید موقتەدا سەدر) رایگەیاند کە وەکو رەوتی سەدر بەشداری لەپرۆسەی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران دەکەن، ئەم بڕیارەیان خزمەت دەگەیەنێ بە بەرژەوەندییە گشتییەکان و، ھێمنانەتر بەڕێوەچوونی پرۆسەکە. بۆیە دووبارە داوا لە تەواوی ئەو حزب و قەوارە سیاسی و کەسایەتیانەی دیکە دەکەینەوە کە بە بڕیاری بەشدارینەکردن و پاشەکشەکردنیان لە پرۆسەی ھەڵبژاردندا بچنەوە و، ھانیان دەدەین بۆ بەشداریکردنیان لە پرۆسەکە لە پێناو بەرژەوەندی گشتی عێراق.


مەحمود محەمەد
گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان
٢٨ـی ئابی ٢٠٢١

Top